Accessibility links

ڕۆژی مارتن لوثەر کینگ


ئەمڕۆ و هەموو ساڵێک لە ئەمەریکا لە سێـیەم دووشەممەی مانگی یەک، پـشوودانی فەرمیـیە بەبۆنەی ساڵیادی لە دایکبوونی مارتن لوثەر کینگ، ئەو کەسەی لە ئەمەریکا داکۆکی لە مافە سیڤیلیـیەکان دەکرد و کاری بۆ یەکسانی لە نێوان مرۆڤەکان دەکرد.

مارتن لوثەر کینگ تێـکۆشەرێـک بوو کە لە سـاڵانی پەنجا و شەسـتەکانی سەدەی ڕابردوو خەباتی دەکرد لە پـێناو بەدەسـتهێنانی مافە سـڤیلیـیەکان و کۆتایی هێنان بە جیوازی ڕەگەزی لە ئەمەریکا. لەو سەردەمەدا جیاوازیـیەکی زۆر لە نێوان خەڵـکی سـپی و ڕەش پـێست هەبوو. جیاوازیـیەکان لە ئاستـێـکدا بوون کە کەسێکی ڕەش پـێست بۆی نەبوو لەو چێشـتخانانە نان بخۆن کە سـپـیـیەکان نانیان لێ دەخوارد، بۆی نەبوو لە سەر کورسـی ڕیزی پـێشـەوەی پاسدا دابنیشێت، منداڵی ڕەش پـێست بۆی نەبوو لە خوێندنگەی منداڵانی سپی پـێست بخوێنێت.

مارتن لوثەر کینگ لە یەکێـک لە وتارە هەرە بەناوبانگەکانی کە لە سـاڵی 1963 لە واشـنتنی پایتەخت پـێشـکەشی کرد گوتی ئەو خەونی ئەوەیە کە ڕۆژێـک بێت وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا پابەندی ئەو بیروباوەڕەی بێت کە دەڵێت هەموو مرۆڤەکان بە یەکسـانی بوون.

پاش سـاڵێـک لەو وتارەی و دوابەدوای پەسەندکردنی یاسای مافە سـڤیلیـیەکان لە ئەمەریکا لە 2 ی مانگی حەوتی 1964، دکتۆر مارتن لوثەر کینگ لە 10 ی دوازدەی 1964 لە ئۆسلۆی پایتەختی نەرویژ خەڵاتی نۆبڵ بۆ ئاشتی پـێشـکەشکرا.

مەخابن، ئەو پـیاوە مەزنە لەو دەمەی لە 4 ی مانگی چواری 1968دا چووبوو بۆ پـشـتیوانیکردن لە کرێـکارانی تایبەت بە کۆکردنەوەی خۆڵ و خاشـاک لە شـاری ممفسی ویلایەتی تێنسی کوژرا. به‌ڵام ده‌سـتکه‌وت و میراتی مارتن لوثەر کینگ هەر به‌ زیندوویی ماونه‌ته‌وه‌.

XS
SM
MD
LG