Accessibility links

ئەمڕۆ ڕۆژی مارتن لوثەر کینگە


ئەمڕۆ و هەموو ساڵێک لە سێـیەم دووشەممەی مانگی یەک لە ئەمەریکا، پـشوودانی فەرمیـیە بەبۆنەی ڕۆژی لە دایکبوونی مارتن لوثەر کینگ، ئەو کەسەی داکۆکی لە مافە سیڤیلیـیەکان دەکرد و هەتا دوا هەناسەی کاری بۆ یەکسانی لە نێوان مرۆڤەکاندا کرد.

مارتن لوثەر کینگ تێـکۆشەرێـک بوو کە لە سـاڵانی پەنجا و شەسـتەکانی سەدەی ڕابردوو خەباتی دەکرد لە پـێناو کۆتایی هێنان بە جیوازی ڕەگەزی لە ئەمەریکا. لەو سەردەمەدا جیاوازیـیەکی زۆردەکرا لە نێوان خەڵـکی سـپی و ڕەش پـێست. جیاوازیـیەکان لە ئاستـێـکدا بوون کە کەسێکی ڕەش پـێست بۆی نەبوو لەو چێشـتخانانە نان بخوات کە سـپـیـیەکان نانیان لێ دەخوارد، بۆی نەبوو لەسەر کورسـی ڕیزی پـێشـەوەی پاسدا دابنیشێت، منداڵی ڕەش پـێست بۆی نەبوو لە خوێندنگەی منداڵانی سپی پـێست بخوێنێت.

مەخابن مارتن لوثەر کینگ لە مانگی چواری ساڵی 1968 بە دەستی کەسێکی ڕەگەزپەرست کوژرا لەو کاتەی چوو بوو بۆ پشتیوانیکردن لە کرێـکارانی تایبەت بە کۆکردنەوەی خۆڵ و خاشـاک لە شـاری ممفسی ویلایەتی تێنسی. تاوانبارەکە بە 99 ساڵ زیندانی حوکمدرا و لە ساڵی 1998 و لە تەمەنی 70 ساڵیدا لە زینداندا مرد.

هەرچەندە مارتن لوثەر کینگ ئەم جیهانەی جێهێشت، بەڵام ڕێبازەکەی هەر بە زیندوویی ماوەتەوە و بە تێکۆشانی هاوڕێ و لایەنگرانی و کەسانی ڕۆشنبیر، ئەمەریکایەکی نوێ هاتووەتە کایەوە کە تیایدا جیاوازیکردن تاوانە و ئەنجامدەری سزا دەدرێت. هەرچەندە هێشتا کەسانێک هەن جیاوازی دەکەن، بەڵام ڕێژەیان ئێجگار کەمە بەراورد ناکرێت بە ساڵانی پـێش شەستەکانی سەدەی ڕابردوو.

ئەم پـیاوە مەزنەی ئەمەریکا لە یەکێـک لە وتارە هەرە بەناوبانگەکانی کە لە سـاڵی 1963 لە واشـنتنی پایتەخت پـێشـکەشی کرد، گوتی ئەو خەونی ئەوەیە ڕۆژێـک بێت ئەمەریکا پابەندی ئەو بیروباوەڕەی بێت کە دەڵێت هەموو مرۆڤەکان بە یەکسـانی بوون.

پاش سـاڵێـک لەو وتارەی و دوابەدوای پەسەندکردنی یاسای مافە سـڤیلیـیەکان لە ئەمەریکا لە 2 ی مانگی حەوتی 1964، دکتۆر مارتن لوثەر کینگ لە 10 ی دوازدەی 1964 لە ئۆسلۆی پایتەختی نەرویژ خەڵاتی نۆبڵ بۆ ئاشتی پـێشـکەشکرا.

XS
SM
MD
LG