بەرپرسانی مالیزیا دەڵێن بەهۆی هەرەسهێنانی زەوییەوە لە شوێنێکی کامپ کردندا لە مالیزیا لانیکەم 21 کەس گیانیان لە دەستداوە و منداڵیشیان تێدا بووە، هەرەسهێنانەکە لە کاتێکدا بووە کە قوربانییان لە ناو خێمەکانیاندا خەوتبوون.
هەرەسهێنانەکە کە لە ویلایەتی سیلانگۆر بووە کە سنووری بە کوالا لامپوری پایتەختەوەیە، پێش کاتژمێر 3 ی بەیانی ڕوویداوە، گردێکی هێناوەتە خوارەوە بەسەر کێڵگەیەکی ئۆرگانیدا کە بەرپرسان دەڵێن بە شێوەیەکی نایاسایی وەکو شوێنی کامپ کردن بەکارهێندراوە.
بەپێی بەڕێوبەرایەتی ئاگرکوژێنەوە و فریاکەوتن، پێنج منداڵ و 12 ئافرەت لە نێو قوربانییەکاندا بوون.
بەڕێوبەری بەڕێوبەرایەتی ئاگرکوژێنەوە و فریاکەوتنی وڵاتەکە گوتی زەوییەکە لە بەرزایی 30 مەترەوە هەرەسی هێناوەتە خوارەوە و نزیکەی یەک دۆنمی لە زەوییەکەی خوارەوە داپۆشیوە.
وەزیری سەرچاوە سروشتییەکان و ژینگە و گۆڕانی کەش و هەوای مالیزیا نیک نازمی نیک ئەحمەد وتی لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکان دەریدەخەن کە گردێکی 450,000 مەتر چوارگۆشە ڕووخاوە.
بەڕێوبەرایەتی کارەساتە سروشتییەکانی مالیزیا دەڵێت 94 کەس ڕووبەڕووی هەرەسهێنانی زەوییەکە بوونەتەوە، بەڵام 61 کەسییان پارێزراو بوون و 12 کەس بێسەروشوێنن.
وەزیری ناوخۆی مالیزیا زەلیها موستەفا گوتی حەوت کەس بریندار بوون، لە نێویاندا ئافرەتێکی دووگیانیش هەیە، ئەوانی دیکەش هەندێکیان برینەکانیان سووک بووە و هەندێکی دیکەیان گومانی بریندار بوونی بڕبڕەی پشتییان لێدەکرێت.
پۆلیسیش دەڵێت نزیکەی 400 کارمەند بەشدار بوون لە ئەرکەکانی فریاکەوتندا.
حکومەتی سینگاپوور گوتی سێ هاوڵاتی سینگاپوور لە نێو ئەوانەدا بوون کە ڕزگار کراون.
سەرۆک وەزیری سینگاپوور لی حسێن لوونگ پرسە و سەرەخۆشی خۆی ئاڕاستەی هاوتا مالیزییەکەی ئەنوەر ئیبراهیم کرد و پشتیوانی خۆی دەربڕی بۆ هاوکاریکردنی مالیزیا لە هەوڵەکانی گەڕان و فریاکەوتنەکاندا.
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز