Accessibility links

ماکرۆن هێزەکانی ڕۆژئاوا بە "هاوپەیمانێکی بە نرخ" ناو دەبات


سەرۆکی فەڕەنسا ئیمانوێل ماکرۆن
سەرۆکی فەڕەنسا ئیمانوێل ماکرۆن

سەرۆکی فەڕەنسا ئیمانوێل ماکرۆن لە ماوەی میوانداریکردنی کۆنفرانسێکدا لەسەر داهاتووی سوریا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا داوای لە حکومەتی کاتی سوریا کرد لەگەڵ هاوپەیمانێتی بە سەرکردایەتی ئەمەریکا کە کوردەکان بەشێکی سەرەکین تێیدا، هاوکاریی بکات لە دژ ی سەرهەڵدانەوەی هێزە توندڕەوەکان لەناوچەکەدا.

لێدوانەکانی ماکرۆن لە نێوەندی نادیارییەکدا دێن سەبارەت بە پابەندبوونی ئەمەریکا بە ناوچەکەوە. کۆنفرانسەکەی ڕۆژی پێنجشەممە لە پاریس کە وڵاتانی عەرەبی و ئەوروپایی و تورکیاش ئامادەی بوون، سێیەم کۆنفرانس بوو سەبارەت بە سوریا لە دوای ڕووخانی ڕژێمەکەی بەشار ئەسەدەوە لە مانگی دوانزەدا، وەزیری کاتی دەرەوەی سوریا ئەسەد ئەلشیبانیشدا بەشداری تێدا کردبوو.

ماکرۆن وتی " سوریا دەبێت زۆر بە ئاشکرا بەردەوام بێت لە شەڕکردن دژی سەرجەم ئەو ڕێکخراوە تیرۆریستانەی کە پشێوی بڵاودەکەنەوە." وتی " ئەگەر سوریا بڕیار بدات هاوکاری پێشکەشی هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی بکات، ئەوا فەڕەنسا پشتگیری لێدەکات."

کۆنفرانسەکەی پاریس کە وەزیرانی دەرەوە و بەرپرسانی وڵاتانی بەشداربوو ئامادەی بوون، مەبەست لێی ڕێکخستنی هەوڵەکان بوو بۆ پشتگیریکردن لە گواستنەوەی ئاشتیانە لە سوریا لە کاتێکدا کە حکومەتی نوێی دیمەشق جەخت لەسەر خواستی خۆی دەکاتەوە بۆ باشترکردنی پەیوەندییەکانی لەگەڵ ڕۆژئاوادا.

یەکخستنی هێزە کوردییەکان لە حکومەتی سوریادا

ماکرۆن داوای لە حکومەتی کاتی سوریا کرد "بە تەواوەتی هێزەکانی سوریای دیموکرات کە کوردەکان سەرکردایەتی دەکەن، لەگەڵ حکومەت و هێزەکانی سوریادا یەکبخات و " هێزەکانی سوریای دیموکراتی بە " هاوپەیمانێکی بە نرخ " ناوبرد.

ماکرۆن وتی " پێم وایە بەرپرسیارێتی ئێوە ئەمڕۆ یەکخستنی ئەوانە و ڕێگەدانە بە بەشداریکردنی ئەو هێزانە."

ڕۆژی پێنجشەممە ڕێکخەرانی سوریایی کۆنفرانسێک لە دیمەشق کە مەبەست لێی نەخشەکێشانی داهاتووی سیاسیی وڵاتەکەیە، وتییان گفتوگۆکان سەرجەم چین و توێژەکانی کۆمەڵگەی سوریایی دەگرێتەخۆ جگە لە بەڕێوبەرایەتی خۆجێی کوردەکان لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سوریا و لایەنگرانی ئەسەد.

هێزەکانی سوریای دیموکرات لە رۆژئاوا شەڕ لەگەڵ ئەو گروپە چەکدارییانەدا دەکەن کە تورکیا پشتیوانییان لێدەکات، کوردەکانیش نیگەرانن سەبارەت بە لە دەستدانی دەستکەوتە سیاسیی و کلتورییەکانییان کە لە ماوەی شەڕی ناوخۆی سوریادا لە ڕۆژئاوا بە دەستییان هێناون.

لە ئێستاشدا گفتوگۆ هەیە لە نێوان هێزەکانی سوریای دیموکرات و حکومەتدا لە دیمەشق.

بڕی ملیاران دۆلار لە یارمەتی پێویستە

یارمەتی زیاتر پێویستە بۆ بە دەستهێنانی بونیادنانەوەیەکی ئاشتییانە دوای ڕووخانی ڕژێمەکەی ئەسەد. دوای نزیکەی 14 ساڵ لە شەڕی ناوخۆ، وڵاتەکە پێویستی بە دووبارە بونیادنانەوەی ژێرخانی خانووبەرە، کارەبا، ئاو و گواستنەوە هەیە. نەتەوە یەکگرتووەکان لە ساڵی 2017 دا بەپێی خەمڵاندنێک وتی بونیادنانەوەی سوریا لانیکەم 250 ملیار دۆلاری دەوێت، ئێستا هەندێک لە شارەزایان دەڵێن ژمارەکە ڕەنگە بگاتە 400 ملیار دۆلار.

لەگەڵ کەمی کەرتەکانی بەرهەمهێنان و ئەوەی کە کارمەندانی حکومەت مانگانە 20 دۆلار موچە وەردەگرن، سوریا بە شێوەیەکی بەرچاو پشت بە پارەی نێردراو و یارمەتی مرۆیی دەبەستێت. بەڵام دوای ئەوەی بەڕێوبەرایەتییەکەی سەرۆک ترامپ مانگی ڕابردوو یارمەتییە دەرەکییەکانی ئەمەریکای ڕاگرت، لێشاوی یارمەتییەکان ڕاگیرا.

کاریگەریی ڕاگرتنی یارمەتییەکان بە شێوەیەکی بەرچاو لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سوریا هەستییان پێکرا، ناوچەکە میوانداری ملیۆنان ئاوارەی کردووە کە لە ماوەی شەڕی ناوخۆی سوریادا لە ناوچەکانی دیکەوە هەڵاتوون بۆ ئەوێ. زۆرێکییان لە کامپە قەرەباڵغەکاندا دەژین.

ڕاگرتنی یارمەتییەکانی دەزگای گەشەپێدانی نێودەوڵەتی ئەمەریکا وایکردووە زۆرێک لەو کلینیکانەی کە لەو کامپانەدا هەبوون دابخرێن، ڕێکخراوە قازانج نەویستەکانیش ناچار بوون کارمەندەکانییان لە کارکردن دووربخەنەوە.

لە پاڵ کۆنفرانسەکەدا کارخانەیەک بەڕێوەدەچێت کە بەخشەرە سەرەکییەکانی گروپی حەوت و نەتەوە یەکگرتووەکان و دەزگا سەرەکییەکانی وڵاتانی عەرەبی ئامادەی دەبن، ئەوەش لە پێناو هەماهەنگیکردندا بۆ یارمەتییە نێودەوڵەتییەکان بۆ سوریا.

گومانەکان لەسەر پشتیوانییەکانی سوپای ئەمەریکا

نادیاریی هەیە سەبارەت بە داهاتووی پشتیوانییەکانی ئەمەریکا لە ناوچەکەدا.

لە ساڵی 2019 دا سەرۆک ترامپ لە ماوەی خولی یەکەمی سەرۆکایەتییەکەیدا بڕیاری کشانەوەی بەشێکی هێزەکانی ئەمەریکایدا لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سوریا، پێش ئەوەی پلانەکانی ڕابگرێت. لە مانگی دوانزەی ساڵی ڕابردووشدا کاتێک یاخیبووەکان لە ڕێگادابوون بۆ دوورخستنەوەی ئەسەد، سەرۆک ترامپ وتی ئەمەریکا پێویست ناکات " خۆی بخاتە نێو شەڕێکی ناوخۆی سوریاوە."

ئێستا کاتێک سەرۆکی نوێی سوریا ئەحمەد ئەلشەرع هەوڵدەدات دەسەڵاتەکەی بچەسپێنێت، نیازەکانی ئەمەریکا لە ناوچەکەدا هێشتا دیار نین. بەرپرسێکی ئەمەریکا لە کۆنفرانسەکەی پاریسدا بەشداری کردووە.

سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا

XS
SM
MD
LG