Accessibility links

ماکرۆن: پێویستە حیزبوڵا کۆتای بە هەڵوێستی نادیاری خۆی بهێنێت لە لوبنان


سەرۆکی فەڕەنسا ئیمانوێل ماکرۆن

سەرۆکی فەڕەنسا ئیمانوێل ماکرۆن دەڵێت حیزبوڵای لوبنانی دەبێت لە ماوەی چەند هەفتەی داهاتوودا ڕوونی بکاتەوە کە ئایا هێزێکی سیاسیی کاریگەرە بۆ جێبەجێکردنی نەخشە ڕێگای وڵاتەکە یاخود تەنها میلیشیایەکن و فەرمان لە ئێرانەوە وەردەگرن.

سەرۆکی فەڕەنسا ئیمانوێل ماکرۆن لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا وتی " پرسیارێک هەیە دەبێت لە حیزبوڵا و خۆشمانی بکەین. ئایا حیزبوڵا حیزبێکی سیاسییە یاخود تەنها لەژێر فەرمانی ئێران و هێزە تیرۆریستیەکاندا کاردەکات؟"

وتیشی " دەمەوێت لە ماوەی چەند هەفتەی داهاتوودا ئەوەم بۆ ڕوون ببێتەوە، من ساویلکە نیم، بەڵام دەبێت سەرەتا تاوەکو کۆتایی ڕێگەکە بڕۆین."

ماکرۆن باسی لەوەش کرد دەستبەرداری دەستپێشخەرییەکەی نابێت بۆ ڕزگارکردنی لوبنان لە لێواری داڕووخاندا و " هەست بە شەرمەزاری " دەکات لە ڕابەرانی وڵاتەکە و فشاری زیاتریان دەخاتە سەر تاوەکو ئاڕاستەکەیان دەگۆڕن.

ئاماژەشی بەوەدا چوار بۆ شەش هەفتەی دیکە دەدات بە ڕابەرانی لوبنان تاوەکو نەخشە ڕێگاکەی کە پاریس پێشنیاری کردووە جێبەجێی بکەن، ئەوەش بەمەبەستی ڕزگارکردنی ئەو وڵاتە لەو قەیرانانەی تێیدایە، بەڵام بەدووریشی زانی لە ئێستادا سزا بسەپێنێت بەسەر ڕابەرانی وڵاتەکەدا.

وتیشی " پێم وانیە لەم قۆناغەدا سەپاندنی سزا سوودی هەبێت، بەڵام لەگەڵ تاوتوێکردنی بابەتەکە لەگەڵ ئەوانی دیکەدا لە قۆناغەکانی دواتردا بیریش لەوە دەکەینەوە."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG