Accessibility links

ماکرۆن پێشنیاری پێکهێنانی لایەنێکی نوێی ئەوروپی دەکات


سەرۆکی فەڕەنسا ئیمانوێل ماکرۆن
سەرۆکی فەڕەنسا ئیمانوێل ماکرۆن

سەرۆکی فەڕەنسا ئیمانوێل ماکرۆن دەڵێت حەز دەکات جۆرە " کۆمەڵگەیەکی نوێی سیاسیی ئەوروپی " دروست ببێت کە تیایدا ڕێگە بە وڵاتانی دیکەی دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا بدرێت بەشداربن لە " کڕۆکی بەها ئەوروپییەکاندا "، لەو وڵاتانەش ئۆکرانیا و بەڕیتانیا.

سەرۆکی فەڕەنسا ئیمانوێل ماکرۆن لەمیانەی وتارێکدا بۆ پەرلەمانی ئەوروپا لە ستراسبۆرگ وتی سەرکەوتنی لە هەڵبژاردنەکانی مانگی ڕابردوودا ئاماژەیەکە لەسەر ئەوەی فەڕەنسییەکان ئەوروپایەکی زیاترییان دەوێت.

بەڵام ئەوەشی خستەڕوو کە ئارەزووی ئۆکرانیا بۆ هاتنە ناو یەکێتی ئەوروپاوە چەند ساڵێکی دەوێت.

ماکرۆن وتی " ئێستا ئۆکرانیا بەو شەڕەی کە دەیکات و بەو ئازایەتییەیەوە لە دڵەوە ئەندامی ئەوروپاکەمان و خێزانەکەمان و یەکێتییەکەمانە."

وتی " تەنانەت ئەگەر سبەینێش مۆڵەتی کاندیدبوونی بدەینێ، هەموومان باش دەزانین پڕۆسەی بوون بە ئەندام لە یەکێتی ئەوروپا چەند ساڵێک دەخایەنێت، ڕەنگە چەند دەیەیەک بخایەنێت."
ماکرۆن پێشنیاری پێکهێنانی لایەنێکی هاوڕێکی کرد کە ئەو وڵاتانەشی تێدا بن کە ئارەزووی چوونە پاڵ یەکێتی ئەوروپا دەکەن، یاخود ئەوانەشی کە لە یەکێتیەکە جیابوونەتەوە، وەکو بەڕیتانیا.

وتی ئەم " کۆمەڵگە سیاسییەی ئەوروپا " کراوە دەبێت بەڕووی وڵاتە دیموکراتخوازە ئەوروپییەکاندا کە پەیڕەوی هەمان بەهاکانی یەکێتی ئەوروپا دەکەن لە بوارەکانی هاریکاری سیاسیی و ئاسایش و وزە و گواستنەوە و وەبەرهێناندا.

وتیشی " چوونە پاڵ کۆمەڵگەکە مانای ئەوە نیە لە داهاتوودا دەچیتە پاڵ یەکێتی ئەوروپا، هەروەها کۆمەڵگەکە بەڕووی ئەوانەشدا داناخرێت کە لە یەکێتییەکە جیابوونەتەوە."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG