Accessibility links

ماکرۆن سەردانی ئۆکرانیا دەکات و دەڵێت گفتوگۆکانی لەگەڵ پوتندا ڕێگەی لە زیادبوونی قەیرانەکان گرتووە


سەرۆکی ئۆکرانیا ڤۆلۆدیمێر زیلینسکی و سەرۆکی فەڕەنسا ئیمانوێل ماکرۆن، ئۆکرانیا
سەرۆکی ئۆکرانیا ڤۆلۆدیمێر زیلینسکی و سەرۆکی فەڕەنسا ئیمانوێل ماکرۆن، ئۆکرانیا

دوابەدوای کۆبوونەوەکەی لەگەڵ سەرۆکی ڕووسیا ڤلادیمێر پوتندا لە مۆسکۆ، سەرۆکی فەڕەنسا ئیمانوێل ماکرۆن سەردانی کیێڤی پایتەختی ئۆکرانیای کرد و لەگەڵ سەرۆکی ئەو وڵاتە ڤۆلۆدیمێر زیلینسکیدا کۆبۆوە، ئەمەش لەنێوەندی هەوڵە نێودەوڵەتییەکاندا بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکانی سەر سنووری نێوان ڕووسیا و ئۆکرانیا.

ماکرۆن بە ڕۆژنامەنووسانی وت گفتوگۆکانی لەگەڵ پوتندا ئامانجەکەی پێکاوە لە ڕێگەگرتن لە زیادبوونی قەیرانەکان.

وەزیری دەرەوەی ئۆکرانیا دمیترۆ کولیبا لە تویتێکدا نوسیویەتی وڵاتەکەی " هەوڵی چارەسەری دیبلۆماتی دەدات."

وتی ئۆکرانیا هیچ سازدانێک لەسەر سەروەری خاکەکەی ناکات، هەروەها گفتوگۆ لەگەڵ بەڕێوبەرایەتیەکانی هەرێمی دۆنێتسک و لوهانسک لە ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیادا ناکات کە لەلایەن ڕووسیاوە پشتیوانیان لێدەکرێت، ئاماژەشی بەوەدا تەنها گەلی ئۆکرانیا دەتوانن ئاڕاستەی سیاسەتی دەرەوەی وڵاتەکە دیاریبکەن.

دوابەدوای کۆبوونەوەکەی لەگەڵ ماکرۆندا، پوتن وتی ڕووسیا هەوڵی تەواوی خۆی دەدات بۆ " دۆزینەوەی چارەسەرێک " بۆ قەیرانەکان و وتی " لەلای خۆمانەوە هەوڵی تەواو دەدەین بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێک کە لەگەڵ هەموواندا بگونجێت."

وتیشی " ئەگەر جەنگ لە کیشوەری ئەوروپادا سەرهەڵبدات ئەوا هیچ کەس براوە نابێت."

ڕووسیا زیاتر لە 100,000 سەربازی ڕەوانەی سنوورەکانی ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیا و سنووری نێوان بێلاڕووس و ئۆکرانیا کردووە، هاوکات ڕۆژئاوا نیگەرانن لەسەر ئەوەی ڕووسیا پلانی داگیرکردنی ئۆکرانیای هەبێت، بەڵام مۆسکۆ ڕەتی دەکاتەوە پلانی لەوجۆرەی هەبێت.

فەڕەنسا و ئەمەریکا و هاوپەیمانەکانیان لە ناتۆ داواکارییە ئەمنییەکانی ڕووسیایان ڕەت کردۆتەوە، کە تیایدا داوای لە ناتۆ کردووە هەرگیز ڕێگە نەدات ئۆکرانیا ببێتە ئەندام تیایدا.

سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا

XS
SM
MD
LG