Accessibility links

ماکرۆن پشتیوانی تەواوی خۆی بۆ سەرۆک وەزیری لیبیا دەردەبڕێت


سەرۆکی فەڕەنسا ئیمانوێل ماکرۆن " پشتیوانی تەواوی خۆی " بۆ سەرۆک وەزیری لیبیا عەبدول حەمید دبیبە دەربڕی، ئەوەش لەمیانەی پێشوازیکردن لە دبیبە لە کۆشکی سەرۆکایەتی فەڕەنسا.

ماکرۆن دوای کۆبوونەوەکەی لەگەڵ دبیبە وتی " پێکهاتنی حکومەتێکی یەکگرتووی تەواو کە سەرجەم چینەکانی کۆمەڵگەی لیبی لەخۆدەگرێت قۆناغێکی گرنگی هێنایە کایەوە بۆ دەرچوونی لیبیا لە قەیرانەکان."

وتیشی " ئەوەی لە ئێستادا داواکراوە ئەوەیە زیاتر بکرێت و لەسەر ئاستی سەروەری سەربازی و هەڵبژاردنەکاندا چاکسازی ئەنجام بدرێت، ئەوەش لەبەر ئەوەی لیبییەکان مافی خۆیانە لە وڵاتێکی سەربەخۆ و جێگیردا بژین و لە خۆشگوزەرانیدا بن."

ماکرۆن هەوڵی نەتەوە یەکگرتووەکانیشی لە لیبیا بەرز نرخاند و جەختی لەوە کردەوە " فەڕەنسا هەست بە بەرپرسیارێتیەکی تایبەت دەکات بەرامبەر لیبیا و سورە لەسەر ئەوەی لەڕووی ئاسایش و سیاسەت و داراییەوە پشتیوانی تەواوی لێبکات."

لەسەر ئاستی ئاسایش، ماکرۆن وتی " دەبێت ئاگربەستەکەی 23 ی مانگی 10 بەتەواوەتی جێبەجێ بکرێت و هەروەها سنوورێک بۆ دەستوەردانە بیانییەکان دابندرێت." ئاماژەشی بەوەدا دەبێت " سەرجەم هێزە بیانی و بەکرێگیراوەکانی ڕوسیا و تورکیا و سوریا و ئەوانی دیکەش لیبیا جێبهێڵن."

سەرچاوە/ فرانس پرێس

XS
SM
MD
LG