Accessibility links

هێرشی موشەکی دەکرێتە سەر شاری لڤیڤی ڕۆژئاوای ئۆکرانیا


لڤیڤ، ڕۆژئاوای ئۆکرانیا، 26 ی سێی ساڵی 2022
لڤیڤ، ڕۆژئاوای ئۆکرانیا، 26 ی سێی ساڵی 2022

بەرپرسانی ئۆکرانیا وتیان ڕۆژی دووشەممە هێرشی موشەکی کراوەتە سەر شاری لڤیڤی ڕۆژئاوای ئۆکرانیا و بەهۆیەوە شەش کەس کوژراون، هەروەها تەقینەوەکان شارەکانی دیکەی ئۆکرانیایان هەژاندووە، ئەمەش لەکاتێکدایە کە هێزەکانی ڕووسیا بەردەوام بوون لە بۆردومانەکانیان دوای ئەوەی بانگەشەی ئەوەیان کرد نزیک بوونەتەوە لە کۆنتڕۆڵکردنی سەرانسەری ماریوپۆڵ.

دوای ئەوەی ناچار بوون لە باکووری ئۆکرانیا بکشێنەوە، هێزەکانی ڕووسیا سەنگییان خستۆتەسەر هێرشەکانیان بۆ سەر دوو هەرێمەکەی ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیا کە بە دۆنباس ناسراون، هاوکات لە دوورەوە موشەک ئاڕاستەی ئامانجەکانی دیکە دەکەن، بە کیێڤی پایتەختیشەوە.

گرتنی ماریوپۆڵ دەستکەوتێکی ستراتیژی گەورە دەبێت بۆ ڕووسیا، ئەوەش بەهۆی ئەوەی ماریوپۆڵ ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی جیاخوازەکانی ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیا کە ڕووسیا پشتیوانییان لێدەکات دەبەستێتەوە بە نیمچە دورگەی کرایمییەوە کە ڕووسیا لە ساڵی 2014 دا گرتییە خۆی.


فەرمانڕەوای لڤیڤ ماکسیم کۆزیستکی وتی موشەکەکان لە دامەزراوە سەربازییەکانی ئۆکرانیا و شوێنێکی خزمەتگوزاری ئوتومبێلییان داوە.

سەرۆکی شارەوانی شاری لڤیڤ ئاندری سادۆڤی وتی بەهۆی هێرشەکانەوە شەش کەس کوژراون و 11 کەسی دیکە برینداربوون، هەروەها تەقینەوەکان بوونەتە هۆی شکاندنی پەنجەرەکانی هۆتێلێک کە ئەو هاوڵاتیانەی ئۆکرانیای تیادا نیشتەجێ کراون کە لە شوێنەکانی دیکەی وڵاتەکەوە گواستراونەتەوە بۆ لڤیڤ.

پەیامنێری ڕۆیتەرز دەڵێت کۆمەڵێک تەقینەوەی لە نزیک ڕووباری دنیپرۆ بیستووە، هاوکات ڕۆژنامەی سوسپلاین وتی بەهۆی هێرشەکانی سەر هەرێمی دنیپرۆپێترۆڤسکەوە دوو کەس برینداربوون.

ڕووسیا ڕەتی دەکاتەوە هاوڵاتیانی مەدەنی کردبێتە ئامانج.
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG