Accessibility links

هەرێمی لوهانسک بە دانیشتوانەکەی دەڵێت ناوچەکە جێبهێڵن " لەکاتێکدا هێشتا پارێزراوە "


سەربازەکانی ئۆکرانیا، لوهانسک، ئۆکرانیا
سەربازەکانی ئۆکرانیا، لوهانسک، ئۆکرانیا

بەرپرسی هەرێمی لوهانسکی ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیا داوای لە هاوڵاتیانی مەدەنی هەرێمەکە کرد ناوچەکە جێبهێڵن " لەکاتێکدا هێشتا پارێزراوە "، هۆشداریشیدا لەسەر ئەوەی بۆردومانەکانی ڕووسیا ڕەنگە ڕێگاکانی هەڵهاتن نەهێڵێت.

ئۆکرانیا لە ماوەی ڕابردوودا وتی هێزەکانی ڕووسیا خۆیان ڕێکدەخەنەوە و ئامادەکاری دەکەن بۆ ئەنجامدانی هێرشێکی نوێ بۆ سەر هەرێمی دۆنباس، کە لوهانسکیش لەخۆدەگرێت.

جێگری سەرۆک وەزیری ئۆکرانیا ئایرینا ڤێرێشچوک وتی ئۆکرانیا لەڕێی 11 ڕێڕەوی مرۆییەوە هاوڵاتیانی مەدەنی دەگوازێتەوە.

فەرمانڕەوای هەرێمی لوهانسک سێرهێی گایدای وتی " ئەگەر ڕووسییەکان ڕێگەمان بدەن سەرجەم هاوڵاتیانی مەدەنی دەگوازینەوە، چونکە وەکو دەبینن ئەوان ڕێز لە ئاگربەستەکان ناگرن."

وتیشی " داوا لە سەرجەم دانیشتوانی هەرێمی لوهانسک دەکەم، ناوچەکە جێبهێڵن لەکاتێکدا هێشتا پارێزراوە، لەکاتێکدا هێشتا پاس و شەمەندەفەرەکان ماون، ئەم دەرفەتە بقۆزنەوە."

گایدای وتی هێڵەکانی شەمەندەفەر لە هەرێمی دۆنێتسکی دۆنباس ئەم هەفتەیە زیانییان بەرکەوتووە و چەند کاتژمێرێکی خایاندووە تاوەکو چاککراونەتەوە.

وتی " ئەمە زەنگێکی ئاگادارکردنەوەی دیکەیە."

گایدای لە گرتە ڤیدیۆیەکی دیکەدا وتی هێزەکانی ڕووسیا هێشتا نەیانتوانیوە بەرگرییەکانی ئۆکرانیا لە هەرێمەکە ببڕن، بەڵام " هەرچی لەڕێگایاندا بێت لەناوی دەبەن و بۆ هیچ شتێکیش ناوەستن."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG