Accessibility links

ژنێـک دەبێت فەرماندەی دەزگایەکی گرنگی لەشکری ئەمەریکا دەکات


خانم لۆری ڕۆبنسن جەنەڕاڵ لە هێزی ئاسمانی ئەمەریکا دەبێتە یەکەم ژن کە سەرکردایەتی فەرماندەیەتیـیەکی گرنگی ئەمەریکا بکات، ئەمەش کاتێـک ئەمڕۆ هەینی دەبێتە فەرماندەی فەرماندەیەتی بەرگری واڵای ئاسمانی باکوری ئەمەریکا لە ویلایەتی کۆلۆرادۆ کە بە NORAD ناسراوە.

بڕیارە جەنەڕاڵ لۆری ڕۆبنسن ئەمڕۆ هەینی لە کاژمێر 10 ی بەیانی بە کاتی خۆجێی لە مەراسیمێـکدا لە بنکەی هێزی ئاسمانی پـیترسۆن لە ناوچەی کۆلۆرادۆ سپـرینگ لە ویلایەتی کۆلۆرادۆ، ئەرکە نوێـیەکەی بگرێتەدەست.

خانم لۆری ڕۆبنسن کاتێـک لە مانگی چوار پـێشنیارکرا بۆ گرتنەدەستی هەردوو فەرماندەیەتی USNORTHCOM و NORAD ، تێبینی و تێڕوانینی خۆی لە بەردەم لیژنەیەکی سینات دا و گوتی " بەرگریکردن لە نیشتیمان بەرپـرسیارێتیـیەکی پـیرۆزە و ئەرکی ژمارە یەکی وەزارەتی بەرگریـیە."

هەردوو فەرماندەیەتیـیەکە بۆ پاراستنی ئاسمانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا و باکوری ئەمەریکایە.

وەزارەتی بەرگری لە بەیانـنامەیەکدا گوتی جەنەڕاڵ لۆری ڕۆبنسن پـێشتر فەرماندەیەتی هێزی ئاسمانی ئەمەریکای لە پاسیفیک PACAFی لەسەر شان بوو و هەروەها بەڕێوەبەری جێبەجێکاری ئۆپەراسیۆنەکانی هێزی ئاسمانی پاسفیک بوو لە بنکەی پـێرڵ هاربەر- هیکام لە هاوایی.

بەپـێی وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا، فەرماندەیتی پاسفیک بەرپـرسیارە لە کارەکانی هێزی ئاسمانی ئەمەریکا لەو بەشەی زەوی کە زیاتر لە 46 هەزار سەرباز و فڕۆکەوان کاری بۆ دەکەن لە بنکەکانی هێزی ئاسمانی لە ژاپـۆن و هاوایی و ئالاسکا و گوام.

XS
SM
MD
LG