زیاتر لە 50 کەس بەهۆی هەورە بروسکەوە لە کۆمەڵێک ویلایەتی هیندستان گیانیان لەدەستدا.
ساڵانە سەدان کەس بەهۆی لافاوە لە دەستپێکی وەرزی باراندا گیان لەدەستدەدەن کە دەبێتە هۆی کەمکردنەوەی گەرمای هاوین لە باکووری هیندستان.
ڕاگەیاندنەکان ئاماژەیان بەوەدا ڕۆژی یەکشەممە 10 کەسی دیکە لە بیابانی ویلایەتی ڕاجستان گیانیان لەدەستداوە، بەرپرسان وتیشیان لانی کەم 42 کەس لە ناوچە جیاوازەکانی ئوتار پرادیش گیانیان لەدەستداوە کە قەرەباڵغترین ویلایەتی هیندستانە.
لە جایپوری پایتەختی ڕاجستان هەورە بروسکە لە دوو تاوەری چاودێری قەڵای ئامیری داوە کە مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ سەدەی 12، لەو کاتەدا قەڵاکە پڕ بووە لە خەڵک.
بەرپرسێکی باڵای پۆلیسی جایپور ساوراب تیواری بە دەزگای هەواڵی فرانس پرێسی وت " کاتێک خەڵکەکە لێرە بوون باران بەلێزمە دەباری ، کاتێک بارانەکە زیاتر دەبوو دەچوونە ژێر تاوەرەکانەوە."
بەپێی پۆلیس 11 کەس بەهۆی هەورە بروسکەکەوە لە قەڵاکە گیانیان لەدەستداوە و 17 کەسی دیکە برینداربوون. سیانیان لە بارودۆخێکی خراپدان.
تیواری وتی لەکاتی هەورە بریسکەکەدا 30 کەس لە دوو تاوەرەکەدا بوون.
وتیشی " هەندێک لە بریندارەکان بەهۆی هەورە بروسکەکەوە لە هۆش خۆیان چوون، هەندێکی دیکەیان لە ئازاردا هاواریان دەکرد."
سەرچاوە/ فرانس پرێس