Accessibility links

هێرشێکی خۆکوژی کرایە سەر وەزارەتی دەرەوەی لیبیا


بەرپرسانی لیبیا وتیان سێ خۆکوژ هێرشیان کردۆتە سەر وەزارەتی دەرەوەی لیبیا و سێ کەسیان کوشتووە.

سەرچاوەیەکی ئاسایش وتی سێ هێرشبەرەکە بە ئوتومبێلێکی بۆمبڕێژکراو هێرشەکەیان دەستپێکردووە و زیانیان گەیاندووە بە ئوتومبێل و بیناکانی دیکە و دواتر تەقەیان لە وەزارەتەکە کردووە. دوانیان توانیویانە بچنە ناو بیناکەوە و لە ناوەوە خۆیان تەقاندۆتەوە، پاسەوانی وەزارەتەکە خۆکوژەکەی دیکەی کوشتووە.

وەزارەتی تەندروستی وتی لەگەڵ سێ خوکوژەکەدا سێ کەسی دیکە کوژراون و 21 کەسی تریش برینداربوون.

بەڵام وەزیری ناوخۆی لیبیا فەتحی عەلی باشا وتی لەگەڵ سێ خۆکوژەکەدا تەنها دوو کەسی دیکە کوژراون، ئاماژەشی بەوەدا لێکۆڵینەوەکان هێشتا بەردەوامن بۆ دیاریکردنی ناسنامەی خۆکوژەکان.

عەلی باشا لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی هاوبەشدا لەگەڵ وەزیری دەرەوەی لیبیا محەمەد تاهیردا وتی " ئەو فەوزا ئەمنییەی لە لیبیادا هەیە وایکردووە شوێنێکی زۆر گونجاو بێت بۆ ڕێکخراوی داعش و گروپە تیرۆریستیەکانی دیکە."

وەزیری دەرەوەی لیبیا محەمەد تاهیریش داوای کرد قەدەغەکردنی بەشێکی چەک لەسەر لیبیا لاببرێت تاوەکو بەرپرسانی لیبی بتوانن بەرەنگاری گروپە تیرۆریستیەکان ببنەوە.

وتیشی هۆکاری ئەوەی کە وەزارەتی دەرەوە کراوەتە ئامانج ئەوەیە کە ئەو وەزارەتە هێمای سەروەرییە.

نوێنەرایەتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە لیبیا سەرکۆنەی هێرشەکەی کرد و جەختی لەوە کردەوە کە پێویستە ڕێگە نەدرێت بە گروپە تیرۆریستییەکان لیبیا بکەنە پەناگەی خۆیان بۆ ئەنجامدانی تاوانە کوێرانەییەکانیان.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG