Accessibility links

سەرچاوەیەک: نێوەندگرانی لیبیا کۆتایی بە شەڕێک دەهێنن لە نزیک تەڕابلس

سەرچاوەیەکی حکومەتە دانپێدانراوەکەی لیبیای دابەشبوو بە دەزگای هەواڵی فرانس پرێسی وت نێوەندگران لە لیبیا توانیویانە کۆتایی بە شەڕ و پێکدادانەکانی نێوان گروپە چەکدارییەکان بهێنن لە نزیک تەڕابلسی پایتەخت.

تیمەکانی فریاگوزاری دەڵێن شەڕ و پێکدادانەکان بوونەتە هۆی کوژرانی نۆ کەس و بریندار بوونی دەیان کەسی دیکە، شەڕەکە ڕۆژی هەینی دەستیپێکرد و ڕۆژی شەممە بۆ ماوەیەکی کورت لە تەجورا دەستیپێکردەوە، شارۆچکەی تەجورا دەکەوێتە 20 کم لە ڕۆژهەڵاتی تەڕابلسەوە.

سەرچاوەیەکی وەزارەتی ناوخۆی حکومەتەکەی لیبیا لە تەڕابلس وتی " بەهۆی ڕێککەوتنێک و نێوەندگرییەکانی گروپە چەکدارییەکانی دیکەوە شەڕەکە وەستا."

چەندین ساڵ دوای ڕاپەڕینەکەی ناو لیبیا کە ناتۆ پشتیوانی لێکرد بۆ دوورخستنەوەی موعەمەر قەزافی، لیبیا هێشتا کۆشش دەکات بۆ چاکبوونەوە لە جەنگە چەند ساڵەییەکە.

وڵاتەکە دابەشبووە لە نێوان حکومەتەکەی لیبیا لە تەڕابلس کە نەتەوە یەکگرتووەکان دانی پێداناوە و عەبدولحەمید دبیبە سەرۆکایەتی دەکات، لەگەڵ بەڕێوبەرایەتیەکی ڕکابەری حکومەتی لیبیا لە ڕۆژهەڵاتی وڵاتەکەدا کە لەلایەن خەلیفە حەفتەرەوە یپشتیوانی لێدەکرێت.

سەرەڕای ئەوەی لەم چەند ساڵەی ڕابردوودا تا ڕادەیەک وڵاتەکە ئارام بووەتەوە، هێشتا ماوە بە ماوە شەڕ و پێکدادان لە نێوان گروپە چەکدارییەکانیاندا ڕوودەدات.

سەرچاوەکە دەڵێت هێزێکی سەربازیی لە ژێر دەسەڵاتی سەرۆک ئەرکانی سوپا و وەزارەتی بەرگریدا دەستیان وەرداوە بۆ ڕاگرتنی شەڕەکە لە تەجورا.

بەپێی ڕێککەوتنەکە، گروپە چەکدارییەکانی شەڕەکە، ڕەهبەت ئەل دورو و شوهەدا سابریە، هەردووکییان سەر بە حکومەتەکەی تەڕابلسن، لە ناوچەکە کشاونەتەوە، ڕێگەیانداوە گروپی سێیەمی بێلایەن بێتە ناوەوە.

دەزگای فریاکەوتنی خێرای تەڕابلس ڕۆژی شەممە وتی 72 خێزانی لە ناوچەی شەڕەکە گواستووەتەوە.

شەڕەکە لە کاتێکدا بوو کە بەرپرسانی تەڕابلس هێزەکانییان خستبووە ئامادەباشییەوە بۆ ئەگەری هێرشێکی چەکدارانی سەر بە خەلیفە حەفتەر لە بیابانی باشووری لیبیاوە، ئەوەش ترس و نیگەرانی دروست کرد لەسەر دووبارە سەرهەڵدانەوەی شەڕەکە دوای چوار ساڵ لەوەی هەردوو لایەنەکە بە ئاگربەست ڕازیبوون

سەرچاوە/ فرانس پرێس

This item is part of
XS
SM
MD
LG