وه‌زیری ناوخۆی حکومه‌ته‌که‌ی ڕێبه‌ری لیبیا موعه‌ممه‌ر قه‌زافی له‌گه‌ڵ 9 له ئه‌ندامانی خێزانه‌که‌ی چووه بۆ میسڕ.
کاربه‌ده‌ستانی فڕۆکه‌خانه‌ی میسر ڕایانگه‌یاند وه‌زیری ناوخۆی لیبیا نه‌سر ئه‌لمه‌بروک عه‌بدوڵڵا و که‌سوکاره‌که‌ی سه‌رله‌به‌یانی ڕۆژی دووشه‌ممه به فڕۆکه‌یه‌کی تایبه‌ت که له دورگه‌ی هاوینه هه‌واری جه‌ربای تونسه‌وه گه‌یشتنه قاهیره‌ی پایته‌ختی وڵاته‌که.
ڕاشیانگه‌یاندووه ئه‌و وه‌زیره به ڤیزای گه‌شتیار چووه‌ته نێو میسره‌وه و له‌لایه‌ن هیچ کاربه‌ده‌ستێکی باڵیۆزخانه‌ی لیبیا له قاهیره‌وه پێشوازی لێ نه‌کراوه.
ڕاپۆرته‌کانی له زاری گه‌واهیده‌ران له جه‌رباوه ڕاده‌گه‌یه‌نن ڕۆژی یه‌کشه‌ممه یارده‌ده‌رانی موعه‌ممه‌ر قه‌زافی له بارێکی توندی ئاسایشیدا له ئوتێلێکی خۆجێی له‌گه‌ڵ سه‌رهه‌ڵداوانی لیبیادا کۆبوونه‌وه.
هاوکات ڕێبه‌ری لیبیا موعه‌مه‌ر قه‌زافی داوا له خه‌ڵکه‌که‌ی ده‌کات چه‌ک هه‌ڵگرن و شه‌ڕ بکه‌ن له پێناو ئازادکردنی لیبیا.
له په‌یامێکی ده‌نگیدا که له سه‌ر له به‌یانی ڕۆژی دووشه‌ممه بڵاو کرایه‌وه موعه‌ممه‌ر قه‌زافی داوا له گه‌لی لیبیا ده‌کات شه‌ڕ بکه‌ن بۆ کۆنتڕۆڵ کردنه‌وه‌ی ئه‌و ناوچانه‌ی سه‌رهه‌ڵداوان ده‌ستیان به‌سه‌ردا گرتووه.
هه‌روادێ سه‌رهه‌ڵداوان له ته‌رابلوسی پایته‌ختی وڵاته‌که نزیک ده‌بنه‌وه . له ڕۆژی یه‌کشه‌ممه ڕایانگه‌یاند به‌شێکی زۆری شاری زاویه‌یان کۆنتڕۆڵ کردووه، به‌ڵام حکومه‌تی لیبیا نکوڵی لێکرد.