Accessibility links

لوبنان دەست دەکاتەوە بە ڕەوانەکردنەوەی ' خۆبەخشانەی ' هاووڵاتییانی سوریایی بۆ وڵاتی خۆیان


ڕۆژی سێشەممە لوبنان بە هەماهەنگی لەگەڵ دیمەشقدا سەدان هاووڵاتی سوریایی ڕەوانەی سوریا کردەوە، ئەمەش لە کاتێکدا کە فشارەکان لە ناوخۆی لوبناندا بۆ ڕەوانەکردنەوەی سەدان هەزاران هاووڵاتی سوریایی بۆ وڵاتی خۆیان لە زیادبووندایە. لوبنان خۆی لە قەیرانێکی خراپی ئابووریدایە.

وێنەگرێکی دەزگای هەواڵی فرانس پرێس دەڵێت بەیانی زووی ڕۆژی سێشەممە ڤانەکان و بارهەڵگرە بچووکەکان لە ناوچەی ئارسالی نزیک سنوورەکە چاوەڕێیان دەکرد بۆ گەڕاندنەوەی هاووڵاتییانی سوریایی.

پیاوێکی تەمەن 57 ساڵ کە خەڵکی ناوچەی قالەمونی سوریایە وتی " لە ئێستادا بە تەنها دەڕۆمەوە، ئەوەش بۆ ئەوەی ئامادەکاری بکەم بۆ گەڕانەوەی خێزانەکەم. دڵخۆشم بەوەی دوای 10 ساڵ دەگەڕێمەوە بۆ وڵاتەکەم."

دەزگای فەڕمی هەواڵی نیشتیمانی لوبنان وتی نزیکەی 330 کەس خۆیان ناونوس کردووە تاوەکو بەشێک بن " لەو کەسانەی کە خۆبەخشانە دەگەڕێنەوە."

دەزگای هەواڵی سوریا بڵاویکردەوە لە چوارچێوەی دەستپێشخەرییەکەدا ژمارەیەکی دیارینەکراو لە خەڵکەکە لە لوبنانەوە گەیشتوونەتە سوریا.

لوبنان کە لە کۆتایی ساڵی 2019 وە ڕووبەڕووی قەیرانێکی ئابووریی ڕووخێنەر بووەتەوە، دەڵێت میوانداری نزیکەی دوو ملیۆن هاووڵاتی سوریایی کردووە، ئەوەش زۆرترین ژمارەی پەنابەرانە لە تەنها یەک وڵاتدا، نزیکەی 785,000 پەنابەرییان لەگەڵ نەتەوە یەکگرتووەکاندا ناونووس کراون.

پێشتر لەم مانگەدا یەکێتی ئەوروپا ڕایگەیاند 1 ملیار دۆلار یارمەتی بۆ بەیروت تەرخان دەکات تاوەکو یارمەتی بدات لە ڕووبەڕووبوونەوەی کۆچی نایاساییدا بۆ یەکێتییەکە، بەڵام لە لوبنان ڕەخنە لەو یارمەتییە گیراوە لەسەر ئەوەی شکستی هێناوە لەوەی لە ئاست داواکانی خەڵکی لوبناندا بێت، کە داوا دەکەن سوریاییەکان وڵاتەکە جێبهێڵن.

بڕیارە ڕۆژی چوارشەممە پەرلەمانی لوبنان کۆبوونەوەیەک بکات بۆ تاوتوێکردنی یارمەتییەکەی یەکێتی ئەوروپا.

لوبنان لە ساڵی 2017 دا دەستیکرد بە ڕەوانەکردنەوەی خۆبەخشانەی ژمارەیەکی کەم لە سورییاییەکان، ئەوەش بەپێی ئەو لیستەی کە نێردراوە بۆ حکومەتەکەی دیمەشق، دوایین ڕەوانەکردنەوە لە ساڵی 2022 دا بوو.

ڕێکخراوی نێودەوڵەتی ئامنستی مافەکانی مرۆڤ وتی لەو کاتەدا بەرپرسانی لوبنان هاووڵاتییانی سوریاییان دەخستە مەترسییەوە بەوەی کە " بە گەڕاندنەوەیان مەترسی سزادان و سوکایەتیکردنییان لەسەر دروست دەبوو." وتیشی ئاوارەکان " لە پێگەیەکدا نین کە بڕیارێکی ئازادانە بدەن سەبارەت بە گەڕانەوەیان."

ڕۆژی دووشەممە سەرکردەی حزبوڵا حەسەن نەسڕەڵا داوای لە بەرپرسانی لوبنان کرد دەریاکان بە ڕووی بەلەمەکانی کۆچبەراندا بکەنەوە تاوەکو فشار بخەنە سەر یەکێتی ئەوروپا، کە قوبرسی ئەندام لە یەکێتییەکە کەمتر لە 200 کم لە لوبنانەوە دوورە.

ڕۆژی سێشەممە قوبرس نیگەرانی دەربڕی سەبارەت بە لێدوانەکانی نەسڕەڵا و وتی " بە دڵنیاییەوە ئەوە دەبێت نیگەرانمان بکات."

وتەبێژی حکومەتی قوبرس وتی " لەگەڵ بەرپرسانی لوبناندا لە پەیوەندیداین و باوەڕمان وایە لە ڕێی ئەم پەیوەندییانەوە دەتوانین مامەڵە لەگەڵ کۆچی نایاساییدا بکەین."

سەرچاوە/ فرانس پرێس

XS
SM
MD
LG