Accessibility links

ئێران: پەیوەندییەکانمان لەگەڵ لوبنان و حیزبوڵادا پتەوتر دەکەین


دوای ئەوەی وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا مایک پەمپیۆ داوای لە لوبنان کرد هەڵوێستی خۆی یەکلایی بکاتەوە، بەپێی کەناڵی فەڕمی ئێران، تاران ڕایگەیاند پەیوەندییەکانیان لەگەڵ بەیروتدا پتەوتر دەکەن.

وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا مایک پەمپیۆ وتی " لوبنان بژاردەیەکی لەبەردەمدایە، یان ئەوەتا ئازایانە بەرەو پێشەوە بڕوات وەکو دەوڵەتێکی سەربەخۆ، یان ڕێگە بە ویستە تاریکەکانی ئێران و حیزبوڵا بدات داهاتووی وڵاتەکە بخەنە ژێر دەسەڵاتی خۆیانەوە."

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران بەهرام قاسمی لێدوانەکانی پەمپیۆی ڕەت کردەوە. کەناڵی فەڕمی ئێران لە زاری قاسمییەوە بڵاویکردەوە " بەڕێوبەرایەتییەکەی ئەمەریکا کە سیاسەتەکانی شکستی هێناوە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، ئێستا هەڕەشە لەوانی دیکە دەکات سیاسەتەکانی ئەمەریکا بسەپێنن بەسەر وڵاتانی دیکەدا."

وتیشی " لەگەڵ ڕێزمان بۆ سەربەخۆیی لوبنان و ویستی حکومەتەکەی و گەلەکەی، ئێران هەموو تواناکانی بەکاردەهێنێت بۆ پتەوکردنی یەکگرتوویی لە ناو لوبنان و پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئەو وڵاتەدا."

حیزبوڵای لوبنان کە دەسەڵاتەکانی لە وڵاتەکە و ناوچەکەدا زیادیکردووە، سێ وەزارەتی لە کۆی 30 وەزارەتی حکومەتی لوبنان لەژێر دەستدایە.

ئێران و حیزبوڵا ڕۆڵێکی سەرەکیان هەبوو لە جەنگی سوریا و شەڕ کردن لەگەڵ ئەو لایەنانەی کە دژایەتی سەرۆکی سوریا بەشار ئەسەدیان دەکرد.

قاسمی جەختی لەوە کردەوە حیزبوڵا حیزبێکی یاساییە و خەڵکێکی زۆری لەگەڵدایە. وتی " پەمپیۆ چۆن دەتوانێت لێدوانی وابدات لەمیانەی سەردانەکەیدا بۆ لوبنان."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG