سەرچاوەیەکی باڵای دەسەڵاتی دادوەری لوبنان بە ڕۆیتەرزی وت دادگایەکی سەربازیی لوبنانی بە فەڕمی پێنج ئەندامی حزبوڵا و بزووتنەوەی ئەمەلی بە تۆمەتی کوشتنی سەربازێکی ئاشتی پارێزی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ساڵی 2022 دا تۆمەتبار کردووە.
شان ڕۆنی تەمەن 23 ساڵ لە 15 ی مانگی دوانزەی ساڵی 2022 دا کوژرا. ئەوەش لە ساڵی 2015 ەوە یەکەمین هێرش بوو بۆ سەر هێزەکانی ئاشتی پارێزی نەتەوە یەکگرتووەکان لە لوبنان.
ئەو پێنج ئەندامەی کە تۆمەتبار کراون لە نێو ئەو حەوت کەسەدان کە پێشتر لە مانگی یەکدا لەلایەن دەسەڵاتی دادوەری لوبنانەوە تۆمەتبار کرابوون، بەڵام بەپێی بەڵگەنامەکانی دادگا نوێیەکە هەندێکییان ئەندامی حیزبوڵان.
ئۆفیسی ڕاگەیاندنی حزبوڵا لێدوانی لەسەر بابەتەکە نەداوە. بزوتنەوەی ئەمەل کە سەرۆکی پەرلەمانی لوبنان ڕابەرایەتی دەکات، ڕەتی کردەوە لێدوان لەسەر بابەتەکە بدات.
وتەبێژی هێزی کاتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە لوبنان ئاندریا تێنینتی بە ڕۆیتەرزی وت "ئەمە هەنگاوێکی گرنگە بەرەو دادپەروەری و بەردەوام دەبین لە لێپێچینەوە لە هەموو ئەو تاوانبارانەی کە بەشدار بوون."
سەرچاوەکەی دەسەڵاتی دادوەری لوبنان وتی دادوەرەکەی دادگا سەربازییەکە بە تۆمەتی تاوانکارییەک تۆمەتباری کردوون کە بووە هۆی کوژرانی ڕۆنی و هەوڵدان بۆ کوشتنی سێ سەربازیی دیکە.
سەرچاوەکە وتی ئەو تۆمەتە سزاکەی مەرگە، وتیشی بەڵگەنامەکە ئاماژە بەو بەڵگەیە دەکات کە لە تۆمارێکی ڤیدیۆییەوە وەرگیراوە و تیایدا یەکێک لە تۆمەتبارەکان خۆیان بە ئەندامانی حیزبوڵا دەناسێنێت.
سەرچاوەیەکی دیکەی دەسەڵاتی دادوەری لوبنان بەڵگەکەی پشتڕاست کردەوە و وتی لە بەڵگەنامەیەکی 30 لاپەڕەیی دادگادا باسی لێوەکراوە.
حیزبوڵا بە فەڕمی ڕەتی کردۆتەوە دەستی هەبووبێت لە کوشتنی ڕۆنیدا، وتی "ڕووداوێکی بێ مەبەست" بووە کە تەنها لە نێوان دانیشتوانی شارۆچکەکە و هێزەکانی ئاشتی پارێزی نەتەوە یەکگرتووەکاندا ڕوویداوە.
کوژرانی ڕۆنی لە کاتێکدا بوو کە ئوتومبێلەکەی هێزەکانی ئاشتی پارێز بە باشووری لوبناندا دەڕۆیشت و لەو کاتەدا تەقەیان لێکرا.
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز