Accessibility links

دوای کوژرانی بەرپرسی حزبێک، وەزیرێکی لوبنان بەڵێنی مامەڵەیەکی توندتر دەدات لەگەڵ سوریاییەکاندا


وەزیری ناوخۆی لوبنان بەسام مەولەوی
وەزیری ناوخۆی لوبنان بەسام مەولەوی

وەزیری ناوخۆی لوبنان ڕۆژی سێشەممە بەڵێنیدا توندتر بێت لەگەڵ سوریاییەکاندا، ئەوەش دوای ئەوەی چەند سوریاییەک بە گومانی بەشداربوونییان لە کوشتنی بەرپرسێکی سیاسییدا دەستگیرکران.

ڕۆژی یەکشەممە دوای بێسەروشوێن بوون و مەرگی پاسکال سلێمان، هەستی دژە سوریایی لە لوبنان زیاتر بوو، سلێمان بەرپرسی هەماهەنگیکاری پارتی هێزەکانی لوبنان بووە لە ناوچەی بیبلۆسی باکووری بەیروت، کە پارتێکی مەسیحییە و دژی حکومەتی سوریا و حزبوڵای هاوپەیمانی سوریایە.

سوپای لوبنان وتی کوژرانی سلێمان دوای ئەوە هاتووە کە کۆمەڵێک چەتە ئوتومبێلەکەیان دزیوە و ڕفاندوویانە و لاشەکەیان بردووە بۆ سوریا.

پارتەکەی وتی کوژرانی سلێمان " بە کوشتارییەکی سیاسیی دادەنێین تاوەکو دەسەلمێندرێت کە بەو شێوەیە نەبووە."

زۆرێک لە لوبنانییەکان بە سیاسییەکانیشەوە ماوەیەکە زۆرە هەوڵی ئەوە دەدەن پەنابەرە سوریاییەکان بگەڕێندرێنەوە بۆ سوریا، لۆمەیان دەکەن لەسەر خراپتربوونی قەیرانەکانی لوبنان، بە قەیرانە ئابوورییەکەی وڵاتەکەشەوە کە لە ساڵی 2019 دا دەستیپێکرد.

وەزیری ناوخۆی لوبنان بەسام مەولەوی هۆشداریدا و وتی " ئەم وڵاتە ناتوانێت بەرگەی کێشەی ناکۆکی ڕێبازخوازی بگرێت."

مەولەوی دوای کۆبوونەوەیەک سەبارەت بە کوژرانی سلێمان بە ڕۆژنامەنووسانی وت هێزەکانی ئاسایش فەرمانییان پێکراوە " بە توندی یاساکانی لوبنان لەسەر پەنابەرانی سوریایی جێبەجێ بکەن."

وتیشی " توندتر دەبین لە پێدانی مۆڵەتی نیشتەجێبوون و مامەڵەکردن لەگەڵ ئەو سوریاییانەدا کە بە شێوەیەکی نایاسایی لە لوبنان دانیشتوون." داوای لە خەڵکەکەش کرد چیتر یەکەکانی نیشتەجێبوون بە شێوەیەکی نافەڕمی بە کرێ نەدەن بە سوریاییەکان.

هەروەها داوای " سنووردارکردنی بوونی سوریاییەکانی کرد " لە وڵاتەکەدا، بەڵام نەیوت چۆن.

وەزیری دەرەوەی لوبنان عەبدەڵا بو حەبیب وتی ژمارەی سوریاییەکان " کێشەیە."

حەبیب دوای کۆبوونەوەکەی لەگەڵ هاوتاکەی لە یۆنان بە ڕۆژنامەنووسانی وت " 2.2 ملیۆن پەنابەری سوریاییمان لە لوبناندا هەیە، وڵاتێکی پێنج ملیۆن دانیشتوو، نیو ملیۆن فەلەستینیشمان هەیە."

سوپای لوبنان وتی لاشەی سلێمانییان لە بەرپرسانی سوریاییەوە وەرگرتووەتەوە. سوپا وتی ئەو کەسانەی کە ئوتومبێلەکەیان دزیوە دوای کوشتنی سلێمان لاشەکەیان گواستووەتەوە بۆ سوریا.

بەکارهێنەرانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانیش لۆمەی حزبوڵایان کرد، سەرکردەی حزبوڵا حەسەن نەسڕەڵاش ڕەتی کردەوە دەستییان لەو کوشتنەدا هەبووبێت.

پارتی هێزەکانی لوبنان لە بەیاننامەیەکدا وتی حزبوڵا کە دەسەڵاتێکی زۆری بەسەر لوبناندا هەیە " کۆسپی خستووەتە بەردەم ڕۆڵی دەوڵەت و کاریگەرییەکانی، ڕێگەی خۆشکردووە لەبەردەم ئەو چەتانەدا کە چەکدارن و ڕێگەی بە پشێوی داوە."

ئێوارەی ڕۆژی دووشەممە سەدان کەس شەقامەکانی بیبلۆسییان گرت، لە گرتە ڤیدیۆییەکانیشدا توندوتیژی دژی سوریاییەکان دەردەکەوێت.

پەنابەری سوریایی، عەبدوڵای تەمەن 21 ساڵ کە لە بیبلۆس دەژی وتی کاردانەوەکان ترسێکی لە نێو کۆمەڵگە لاوازەکەدا دروست کردووە.

وتی " هیوادارم ئەوانەی بەرپرس بوون سزا بدرێن، بەڵام نەک سەرجەم دانیشتوانی سوریایی."

دەزگای پەنابەرانی نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت زیاتر لە 800,000 پەنابەری سوریایی لە لوبنان لەگەڵ نەتەوە یەکگرتووەکاندا تۆمارکراون، وتیشی تۆمارکردنەکان لە ساڵی 2015 ەوە لە دوای فەرمانێکی حکومەتی لوبنانەوە ڕاگیراون.

ڕەمزی قەیسی لە ڕێکخراوێکی مافەکانی مرۆڤ لە ئەمەریکا وتی بەیروت دەبێت " دڵنیا ببێتەوە لە ئەنجامدانی لێکۆڵینەوەیەکی شەفاف و چڕ لەو کوشتنە، بە لەبەرچاوگرتنی دەیان ساڵ لە کوشتنە سیاسییەکان لە لوبنان کە بەبێ سزا تێپەڕبوون."

بەرپرسێکی دادی لوبنان وتی هێزەکانی ئاسایشی لوبنان حەوت سوریاییان دەستگیرکردووە کە گومانی بەشداریکردنییان لێدەکرێت لە کوشتنی سلێماندا.

وتی " ئەوانەی کە ڕفاندوویانە دانییان بەوەدا ناوە کە ئامانجییان دزینی ئوتومبێلەکەی قوربانییەکە بووە."

وتیشی گومانلێکراوەکان بە لێکۆڵەرەوەکانییان وتووە کە لە سەر و دەموچاوی سلێمانییان داوە و فڕێیان داوەتە ئوتومبێلەکەیەوە و بردوویانە بۆ سوریا. لە ڕێگادا گیانی لە دەستداوە.

بەرپرسێکی سەربازیی کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت وتی دیمەشق سێ گومانلێکراوی ڕادەست کردووە، وتیشی لاشەی سلێمان لەسەر سنووری نێوان دوو وڵاتەکەدا دۆزراوەتەوە.

ڕوانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ کە چاودێری شەڕی ناوخۆی سوریا دەکات، وتی لاشەی سلێمان لە ناوچەیەکی سنووریی فڕێدراوە کە لە ژێر دەسەڵاتی حزبوڵادایە، وتیشی " بەتانییەک پێچراوە لە لاشەکە و بە شتی قورس لە سەری و سنگی دراوە."

سەرچاوە/ فرانس پرێس

XS
SM
MD
LG