ڕۆژی هەینی بارێکی کەلوپەلی تەندروستی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ڕێی فڕۆکەیەکەوە گەیشتە لوبنان، ئەمەش یەکەمین گەیاندنی یارمەتییەکانە بۆ لوبنان لە دوای ئەوەی شەڕەکەی نێوان ئیسڕائیل و حزبوڵا پەرەی سەند.
بەڕێوبەری لقی ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی لە ناوچەکەدا حەنان بەلخی وتی " فڕۆکەیەک پێشتر لەم بەیانییەدا گەیشتە بەیروت و 30 مەتر تەن کەلوپەلی تراوما و نەشتەگەریی پێیە، ئەوەش بەسە بۆ چارەسەرکردنی دەیان هەزاران کەس."
وتیشی " دواتر لەمڕۆ و سبەینێدا فڕۆکەی دیکەی یارمەتییەکان دەگەن و کەلوپەلی تراوما و کۆلێرا و تەندروستی دەروونییان پێدەبێت."
لە 23 ی مانگی نۆوە هێرشە ئاسمانییەکانی ئیسڕائیل بە خێرایی پەرەیان سەندووە و چەکدارانی حزبوڵای لوبنان دەکەنە ئامانج، دەزگای هەواڵی فرانس پرێس دەڵێت لەو هێرشانەدا زیاتر لە 1100 کەس لە لوبنان کوژراون و سەدان کەسی دیکەش بریندار بوون.
بەرپرسانی لوبنان دەڵێن توندوتیژییەکان بوونەتە هۆی ئاوارەبوونی زیاتر لە یەک ملیۆن کەس لە وڵاتەکەدا، کە پێشتریش بە دەست قەیرانی ئابووری و سیاسییەوە ناڵاندوویەتی.
وەزیری تەندروستی لوبنان فیراس ئەبیاد ڕۆژی هەینی لە فڕۆکەخانەی بەیروت بوو بۆ وەرگرتنی یارمەتییەکە کە لەلایەن ڕێکخراوی تەندروستی جیهان و دەزگای پەنابەرانی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە ڕێکخرابوو و لەلایەن ئیماڕاتیشەوە پارەکەی دراوە.
وتی " یەکێک لە بارە زۆرەکانمان وەرگرتووە."
سەرچاوە/ فرانس پرێس