Accessibility links

حکومەتی نوێی لوبنان لەگەڵ نەواف، سەرۆکوەزیرانی لوبنان پێکدەهێنرێت


سەرۆک وەزیری لوبنان نەواف سەلام
سەرۆک وەزیری لوبنان نەواف سەلام

لوبنان ڕۆژی شەممە، 8ی مانگی دوو حکومەتێکی نوێی پێکهێنا.بەگوێرەی ڕاگەیاندنی سەرۆک کۆمار و سەرۆکوەزیرانی لوبنان، دوای زیاتر لە دوو ساڵ ئەو وڵاتە توانیوێتی حکومەتی لوبنان پێکبهێنێت. جۆزێف عەون، سەرۆک کۆماری لوبنان لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند، دەستلەکارکێشانەوەی حکومەتی کاتی پێشوو قبوڵ دەکات و بڕیارێک واژۆ دەکات کە ڕێگە بە نەواف سەلام سەرۆک وەزیرانی لوبنان دەدات حکومەتی نوێ پێکبهێنێت.

ئەمەش دوابەدوای دەستوەردانێکی ئەمەریکا لە پڕۆسەکەدا کە ئامانج لێی ئەوە بوو لوبنان نزیکتر بکاتەوە لە دەستڕاگەیشتن بە پارەی ئاوەدانکردنەوەی وڵاتەکە دوابەدوای شەڕە ڕووخێنەرەکەی نێوان ئیسڕائیل و حزبوڵا.


سەرۆک وەزیری نوێی لوبنان نەواف سەلام لە کۆشکی سەرۆکایەتی بە ڕۆژنامەنووسانی وت کابینە 24 ئەندامییەکە چاکسازیی دارایی، ئاوەدانکردنەوە و جێبەجێکردنی بڕیارێکی نەتەوە یەکگرتووەکان سەبارەت بە سنوورەکەی لوبنان لەگەڵ ئیسڕائیلدا دەکاتە ئەرکی پێشینەی خۆی.

ئەم ڕاگەیاندنە دوای زیاتر لە سێ هەفتە لە گفتوگۆ لەگەڵ پارتە سیاسییە ڕکابەرەکان لە لوبنان هات کە تێیدا پۆستەکانی حکومەت بەپێی مەزهەب دابەش دەکرێن، چەند ڕۆژێک پڕۆسەکە بە چەق بەستوویی مایەوە لەسەر وەزیرە شیعەکان کە زۆرجار لەلایەن حزبوڵا و پارتی ئەمەلی شیعەی هاوپەیمانییەوە دەستنشان دەکرێن.

بەڵام واشنتن دژی بەشداریی حزبوڵا وەستایەوە لە حکومەتی نوێی لوبناندا.

ڕۆژی هەینی جێگری نوێنەری ئەمەریکا بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست مۆرگان ئۆرتاگۆس وتی ئەمەریکا بەشداربوونی حزبوڵا لە کابینە نوێیەکەی حکومەتدا وەکو " هێڵێکی سوور " سەیر دەکات و سوپاسی ئیسڕائیلی کرد لەسەر لێدانی حزبوڵا، لە لێدوانێکدا کە لە لوبنان خۆپیشاندانی لێکەوتەوە.

بەڵام دواجار پارتی ئەمەلی هاوپەیمانی حزبوڵا، کە لەلایەن سەرۆکی پەرلەمان نەبی بەرییەوە سەرکردایەتی دەکرێت، ڕێگەی پێدرا چوار ئەندامی کابینە نوێیەکە هەڵبژێرێت، لەوانەش وەزیری دارایی یاسین جەبارییان تێدا بووە.

سەرۆکی لوبنان جۆزیف عەون کە لەلایەن ئەمەریکاوە پشتیوانی لێکرا وەکو سەرکردەی سوپا، لە 9 ی مانگی یەکدا وەکو سەرۆکی نوێی لوبنان هەڵبژێردرا و نەواف سەلامی هەڵبژارد بۆ پێکهێنانی حکومەتێکی نوێ. نەواف سەلام پێشتر سەرۆکی دادگای دادی نێودەوڵەتی بوو.

دەستنیشانکردنی سەلام نوێترین نیشانە بوو لە گۆڕانی دیاری هاوسەنگی هێز لە لوبناندا، ئەوەش دوابەدوای شکستەکەی حزبوڵا بەرامبەر ئیسڕائیل و دوورخرانەوەی ڕژێمەکەی بەشار ئەسەدی هاوپەیمانی حزبوڵا و دەستنیشانکردنی عەون وەکو سەرۆکی لوبنان.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG