Accessibility links

سەرچاوەیەکی ئاسایش: دوای هێرشەکانی ئیسڕائیل سەدان کەس لە لوبنانەوە دەچنە سوریا


بەرپرسێکی ئاسایشی سوریا ڕۆژی سێشەممە بە دەزگای هەواڵی فرانس پرێسی وت نزیکەی 500 کەس لە لوبنانەوە پەڕیونەتەوە بۆ سوریا، هەڵاتنی لوبنانییەکان بۆ سوریا بەهۆی بۆردومانەکانی ئیسڕائیلەوەیە لە دژی حزبوڵای لوبنان.

بەرپرسەکە وتی " ڕۆژی دووشەممە لە کاتژمێر 4 ی دوانیوەڕۆوە تاوەکو نیوە شەو نزیکەی 500 کەس لە ڕێی خاڵە سنوورییەکانی قوسەیر و دەبوسییەوە پەڕیونەتەوە." بەرپرسەکە نەیویستووە ناوی ئاشکرا بکرێت.

وتیشی " بەیانی زووی ڕۆژی سێشەممەش هێشتا ئوتومبێلەکان دەهاتن، خەڵکەکە دەچوون بۆ ماڵی هاوڕێ و ناسیاوەکانییان لە شاری حومس."

حزبوڵای لوبنان لە ماوەی شەڕی ناوخۆی سوریادا یارمەتی هێزەکانی حکومەتەکەی بەشار ئەسەدی داوە و لەمدیو و ئەودیوی سنوورەکەدا دەسەڵاتی هەیە.

پەڕینەوەکە لە کۆتایی شەقامێکە لە دۆڵی بێکاوە بۆ دیمەشق، دۆڵەکە موڵگەیەکی سەرەکی حزبوڵایە لە لوبنان و ڕۆژی دووشەممە ئیسڕائیل بۆردومانی کرد.

فیراس مەکی کە خەڵکی ناوچەی بالبیکە و بە هەمان شێوە شوێنێکی سەرەکی حزبوڵایە، لە نێو ئەو کەسانەدا بوو کە هەڵاتبوون بۆ سوریا.

وتی " هیچ شارۆچکەیەک نیە لە ناوچەی بالبیک نەکرابێتە ئامانج." وتیشی خێزانەکەی بەرەو ماڵی خزمێکیان دەچن لە دیمەشق.

وتیشی " زۆربەی پیاوەکان لە دواوەوە ماونەتەوە، بەڵام ئێمە لەگەڵ ژن و منداڵەکاندا ڕۆیشتین چونکە ئەوان پێشینەن بۆ ئێمە و منداڵەکانیش زۆر ترساون."

بۆردومانە چڕەکەی ئیسڕائیل کە بووەتە هۆی کوژرانی زیاتر لە 550 کەس، یادەوەرییەکی بە ئازاری جەنگەکەی نێوان حزبوڵا و ئیسڕائیلی هێنایەوە لە ساڵی 2006 دا کە زیاتر لە مانگێکی خایاند.

لەو شەڕەی ساڵی 2006 دا نزیکەی 250,000 لوبنانی هەڵاتن بۆ سوریا، نزیکەی 70,000 کەسییان بەرەو وڵاتانی سێیەم ڕۆیشتن، ئەمەش بەپێی ژمارەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان.

وتی " ئەوەی لە جەنگەکەی ساڵی 2006 دا بەسەرماندا هات هیچ نیە بە بەبەراورد لەگەڵ ئەوەی دوێنێ تەنها لە یەک ڕۆژدا بینیمان."

سەرچاوە/ فرانس پرێس

XS
SM
MD
LG