Accessibility links

لاڤرۆڤ سەرکۆنەی هێرشە موشەکییەکانی ئیسڕائیل دەکات بۆ سەر سوریا


وەزیری دەرەوەی ڕووسیا سێرگێی لاڤرۆڤ سەرکۆنەی هێرشە موشەکییەکانی ئیسڕائیلی کرد دژی سوریا، لە لێدوانێکدا کە تیشک دەخاتە سەر ساردبوونەوەی پەیوەندییەکانی نێوان ڕووسیا و ئیسڕائیل کە ڕۆژێک لە ڕۆژان پەیوەندییەکی گەرم و گوڕ هەبوو لەنێوانیاندا.

ئەم لێدوانەی لاڤرۆڤ لەمیانەی کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانی هاوبەشدا بوو لەگەڵ هاوتا سورییەکەی فەیسەڵ میقداددا لە مۆسکۆ. ڕووسیا پشتیوانیکەری سەرەکی سەرۆکی سوریا بەشار ئەسەد و حکومەتەکەیەتی.

لاڤرۆڤ گوتی " بەتوندی سەرکۆنەی هێرشە مەترسیدارەکانی ئیسڕائیل دەکەین بۆ سەر خاکی سوریا."

گوتیشی " داوا لە ئیسڕائیل دەکەین ڕێز لە بڕیارەکانی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی نەتەوە یەکگرتووەکان بگرێت و لە سەروو هەمووشییەوە ڕێز لە سەروەری خاکی سوریا بگرێت."

سەرچاوەکانی هەواڵگریی ناوچەکە و سوپای سوریا وتیان لە 14 ی مانگی هەشتدا ئیسڕائیل کۆمەڵێک هێرشی ئاسمانی کردۆتە سەر ئامانجە ئێرانییەکان لە سوریا، لە نزیک هەرێمی باوباپیرانی ئەسەد و نزیکیش لە بنکە سەربازییە سەرەکییەکانی ڕووسیاوە لە کەناراوەکانی دەریای ناوەند.

لە هەمان کۆنفرانسدا لە مۆسکۆ، میقداد پشتیوانی خۆی بۆ کارەکانی ڕووسیا دەربڕی لە ئۆکرانیا، کە مۆسکۆ بە " ئۆپەراسیۆنێکی سەربازیی تایبەت " ناویدەبات و دەڵێت ئامانجی لێی لەناوبردنی توانا سەربازییەکانی ئۆکرانیا و " نەتەوە پەرستەکانی " ئەو وڵاتەیە.

ئیسڕائیل دژی ڕەوانەکردنی هێزی ڕووسیا بۆ ئۆکرانیا قسەی کردووە و لەم چەند مانگەی ڕابردووشدا گرژی کەوتۆتە پەیوەندییەکانی نێوان ڕووسیا و ئیسڕائیلەوە.

لە مانگی پێنجدا لاڤرۆڤ گوتی ئەدۆڵف هیتلەری ڕابەری نازییەکان ڕەگ و ڕیشەی جووی هەبووە، ئەوەش ئیسڕائیلییەکانی توڕە کرد و سەرۆکی ڕووسیا ڤلادیمیر پوتن ناچار بوو داوای لێبوردن بکات.

بەرپرسانی ڕووسیا لێکۆڵینەوەیەکی یاساییان دەستپێکردووە لە لقێکی دەزگای جووەکان " سۆچنەت " لە ڕووسیا، کە پاڵپشتی کۆچکردن دەکات لە ڕووسیاوە بۆ ئیسڕائیل.

سەرچاوە/ ڕۆیتەر

XS
SM
MD
LG