Accessibility links

پارتی کاری بەڕیتانیا: دەبێت جۆنسن پابەند بێت بەوەوە بەڕیتانیا بەبێ ڕێکەوتن لە یەکێتی ئەوروپا جیانەکاتەوە


وتەبێژی کاروباری ناوخۆی پارتی کاری بەڕیتانیا وتی دەبێت سەرۆک وەزیری وڵاتەکە بۆریس جۆنسن بەڵێنێکی ڕوون بدات بە پەرلەمان لەسەر ئەوەی وڵاتەکە بەبێ ڕێکەوتن لە یەکێتی ئەوروپا جیا نەکاتەوە.

وتەبێژی کاروباری ناوخۆی پارتی کاری بەڕیتانیا دایات ئابوت دووبارە جەختی لە هەڵوێستی پارتی کار کردەوە لەسەر ئەوەی پارتەکە ناتوانێت پشتیوانی لە هەوڵەکان بکات بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێش وەخت لەکاتێکدا دڵنیا نیە لە بیرۆکەی جیابوونەوەی وڵاتەکە لە یەکێتی ئەوروپا بەبێ ڕێکەوتن. وتیشی جۆنسن ئەگەر هەڵبژاردنی پێشوەختی دەوێت ئەوا دەبێت سەرەتا پابەند بێت بەوەوە کە وڵاتەکە بەبێ ڕێکەوتن لە یەکێتی ئەوروپا جیانەکاتەوە.

وتیشی " یەکێک لە ڕێگەکانی جێبەجێکردن ئەوەیە بۆریس جۆنسن بێتە هۆڵی پەرلەمانەوە و بەڵێنێک بدات بە پەرلەمان کە هەرچییەک ڕووبدات بەڕیتانیا بەبێ ڕێکەوتن لە یەکێتی ئەوروپا جیا ناکاتەوە."

وتیشی " ئەگەر بە ڕوونی و ئاشکرا ئەوە بڵێت ( بەڕیتانیا بەبێ ڕێكەوتن لە یەکێتی ئەوروپا جیا ناکامەوە ) ئەوا پێم وایە ئەوە نەک تەنها پارتی کار ڕازی دەکات بەڵکو زۆربەی ئەندامانی پارتەکەی خۆشی لە پەرلەماندا ڕازی دەبن. با چاوەڕێ بکەین بزانین ئەوە دەکات."

لەلای خۆیەوە سەرۆک وەزیری بەڕیتانیا بۆریس جۆنسن وتی " ناکرێت لەمە زیاتر پەرلەمان بەڕیتانیا وەکو دیلێک ڕابگرێت، ملیۆنان کۆمپانیا و کەس هەن ناتوانن پلان بۆ داهاتووی خۆیان دابڕێژن. ئەم ڕاگرتنە دەبێتە هۆی زیانێکی گەورە و پێویستە وڵاتەکە لە ساڵی 2020 دا بەرەو پێشەوە بڕوات."

هەروەها وەزیری ڕۆشنبیری لە پەرلەمانی بەڕیتانیا نیکی مۆرگان وتی هێشتا 31 ی مانگی 10 ئەو ڕێکەوتەیە کە دەبێت بەڕیتانیا لە یەکێتی ئەوروپا جیاببێتەوە، هەروەها داوای لە پەرلەمان کرد پشتیوانی لە هەوڵەکانی جۆنسن بکەن بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەخت لە دوانزەی مانگی 12 دا.

مۆرگان وتی " بەپێی ئەوەی هیچ ڕێکەوتنێک نیە پەرلەمانی بەڕیتانیا پەسەندی بکات و یەکێتی ئەوروپاش ڕازی نیە لەسەر دواخستنی کاتی جیابوونەوەکە، لەبەر ئەوە کاتی جیابوونەوەکە هێشتا هەر ڕۆژی پێنجشەممەیە."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG