Accessibility links

شاندێک بە ڕابەرایەتی کوشنەری ڕاوێژکاری سەرۆک ترامپ سەردانی سعودیە و قەتەڕ دەکەن


لەم هەفتەیەدا شاندێکی ئەمەریکا بە ڕابەرایەتی جارێد کوشنەری ڕاوێژکاری سەرۆک ترامپ سەردانی سعودیە و قەتەڕ دەکەن، سەردانەکەش مەبەست لێی ئەنجامدانی گفتوگۆیە سەبارەت بە گرژییەکانی ناوچەکە بەتایبەتی دوای کوژرانی زانا ئێرانییەکە.

بەرپرسێکی باڵای بەڕێوبەرایەتیەکەی ئەمەریکا وتی لە ماوەی چەند ڕۆژی داهاتوودا کوشنەر لە شاری نیۆمی سعودیە چاوی بە شازادەی جێنشینی سعودیە محەمەد بن سەلمان دەکەوێت و لە دەوحەی پایتەختی قەتەڕیش چاوی بە شازادەی قەتەڕ شێخ تەمیم بن حەمەد ئال ثانی دەکەوێت.

هەریەک لە نوێنەرانی ئەمەریکا بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئایڤی بێرکۆیتز و برایان هوک و سەرۆکی دامەزراوەی کۆمەکیەکانی گەشەپێدانی ئەمەریکا ئادەم بۆهلەر هاوەڵی کوشنەر دەکەن.

جێی ئاماژەیە کوشنەر و تیمەکەی یارمەتیدەر بوون لە واژۆکردنی ڕێکەوتنەکانی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی هەریەک لە ئیماڕات و بەحرەین و سودان لەگەڵ ئیسڕائیلدا. بەرپرسە ئەمەریکیەکە وتی دەیانەوێت ڕێکەوتنی زیاتری لەمشێوەیە واژۆ بکەن پێش ئەوەی سەرۆک دانۆڵد ترامپ لە 20 ی مانگی یەکدا سەرۆکایەتی ڕادەستی جۆو بایدن بکات.

بەرپرسانی ئەمەریکا پێیان وایە ئەگەر بتوانن سعودیە ڕازی بکەن پەیوەندییەکان لەگەڵ ئیسڕائیلدا ئاسایی بکاتەوە ئەوا پێدەچێت وڵاتانی عەرەبی دیکەش هەمان هەنگاو بنێن. بەڵام وادیار نیە سعودیە بەمزووانە ڕێکەوتنێکی مێژوویی لەوشێوەیە واژۆ بکات. ئەمەریکا هەوڵەکانی لەسەر ئەو وڵاتە عەرەبیانە چڕتر کردۆتەوە کە هەمان نیگەرانییانەی هەیە سەبارەت بە دەسەڵاتەکانی ئێران لە ناوچەکەدا.

ئەم سەردانەی کوشنەر دوای کوژرانی زانای ئەتۆمی ئێران موحسین فەخریزادە دێت، وڵاتانی ڕۆژئاوا و ئیسڕائیل پێیان وایە فەخریزادە ئەندازیاری بەرنامە ناوەکییە سەربازییە نهێنیەکەی ئێران بووە.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG