Accessibility links

کوشنەر سەردانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکات


ڕاوێژکاری باڵای کۆشکی سپی جارێد کوشنەر

بەرپرسێکی کۆشکی سپی وتی ڕاوێژکاری باڵای کۆشکی سپی جارێد کوشنەر ڕابەرایەتی شاندێک دەکات لە گەشتێکیدا بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کە چەند وڵاتێک دەگرێتەوە بەمەبەستی بەدەستهێنانیپشتیوانی لەو وەرشە کارەی کە لە کۆتایی مانگی حەوتدا لە بەحرەین ساز دەکرێت و ئامانج لێی یارمەتیدانی فەڵەستینیەکانە.

ڕاوێژکاری باڵای کۆشکی سپی جارێد کوشنەر و نوێنەری ئەمەریکا بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست جەیسن گرینبلات و نوێنەری تایبەتی ئەمەریکا بۆ ئێران برایان هوک و یاریدەدەری کوشنەر ئابی بریکوێست گەشتەکەیان لە مەغریب دەستپێکرد و وابڕیارە بەرەو عومان و ئۆرشەلیم و ئیسڕائیل گەشت بکەن.

هەروەها کوشنەر ئامادەی کۆنگرەی بیڵدەربێرگ دەبێت لە سویسرا و واپێشبینی دەکرێت لەوێ وتارێک بدات و دواتر لە لەندەن لەگەڵ سەرۆکی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپدا کۆدەبێتەوە کە وابڕیارە هەفتەی داهاتوو سەرۆک ترامپ سەردانی بەڕیتانیا بکات.

ئەم گەشتەی کوشنەر هاوشێوەی گەشتەکەی پێشوویەتی کە لە مانگی دوودا سەردانی وڵاتانی کەنداوی کرد بەمەبەستی بەدەستهێنانی پشتیوانی لە پلانی ئاشتی ئەمەریکا بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

بەرپرسێک وتی مەبەست لە سەردانەکەی کوشنەر بەدەستهێنانی پشتیوانیە لەو کۆنگرەیەی کە لە 25 و 26 ی مانگی حەوتدا سازدەکرێت لە مەنامەی پایتەختی بەحرەین کە تیایدا کوشنەر بەشی یەکەمی پلانەکەی سەرۆک ترامپ بۆ ئاشتی لەنێوان ئیسڕائیل و فەڵەستینیەکاندا ئاشکرا دەکات کە ماوەیەکی زۆرە چاوەڕوانی دەکرێت.

ئەو پلانەش کە سەرۆک ترامپ بە گرێبەستی سەدە ناوی دەبات، ئامانج لێی ئەوەیە هانی وڵاتانی عەرەبی بدات وەبەرهێنان لە بەشی ڕۆژئاوا و کەرتی غەزەدا بکەن پێش ئەوەی بچنە نێو ئەو بابەتە سیاسییانەوە کە ململانێکانی ئیسڕائیل و فەڵەستینی لەسەرە.

لەلای خۆیانەوە بەرپرسانی فەڵەستینی ڕەخنەی توندیان لەم پلانە گرت و دەڵێن ئەم پلانەی ئەمەریکا لە بەرژەوەندیی ئیسڕائیل دەبێت و داواکارییە سەرەکییەکانی فەڵەستینیەکان جێبەجێ ناکات.

واپێشبینی دەکرێت 300 بۆ 400 نوێنەر و بەرپرسانی جێبەجێکار لە ئەوروپا و ئاسیادا بەشداری کۆنگرەکەی مەنامە بکەن و وا پێشبینیش دەکرێت هەندێک خاوەنکاری فەڵەستینیش ئامادەی کۆنگرەکە ببن.

سەرچاوەیەکی نزیک لە ڕێکخستنی کۆنگرەکەوە وتی میسڕ و عومان و ئەردەن و وڵاتانی کۆمەڵەی حەوت نوێنەر دەنێرن بۆ کۆنگرەکە.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG