Accessibility links

د.محه‌مه‌د خۆشناو: چه‌ند هۆكارێك ڕۆڵ ده‌بینن له‌درێژكردنه‌وه‌ی بڕیاری قه‌ده‌غه‌كردنی هاتوچۆ


د.محه‌مه‌د قادر خۆشناو وته‌بێژی فه‌رمی وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان

د.محه‌مه‌د قادر خۆشناو وته‌بێژی فه‌رمی وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ده‌ڵێت" تا ئێستا وه‌ك وه‌زاره‌ت هیچ بڕیارێك و پێشنیارێكمان نیه‌ سه‌باره‌ت به‌ قه‌ده‌غه‌كردنی هاتوچۆ، به‌ڵام دوای ئه‌م دوو ڕۆژه‌ پاش هه‌ڵسه‌نگاندنێكی ته‌واو، هه‌ڵسه‌نگاندنی باری ته‌ندروستی داتا و ژماره‌كان وه‌ دیراسه‌كردنی چۆنیه‌تی توشبوونی ئه‌و حاڵه‌تانه‌، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ی له‌سه‌ر ئاستی جیهان ئه‌م په‌تایه‌ به‌ چ ئاراسته‌یه‌كدا ده‌ڕوات هه‌موو ئه‌وانه‌ ڕۆڵ ده‌بینن له‌درێژكردنه‌وه‌ یا درێژنه‌كردنه‌وه‌ی قه‌ده‌غه‌ی هاتوچۆ، خۆشناو له‌وه‌ڵامی ئه‌و پرسیاره‌ی به‌نیازن ئه‌گه‌ر پێشنیاری درێژكردنه‌وه‌ی قه‌ده‌غه‌كردنی هاتوچۆ نه‌كه‌ن ئایا به‌سنورداری ده‌یهێڵنه‌وه‌؟ ده‌ڵێت" ئه‌مه‌ش یه‌كێكه‌ له‌و خاڵانه‌ی كه‌ هه‌ڵبژاردنێكه‌ ئه‌گه‌ر بیكه‌ینه‌وه‌ چۆن به‌سنورداری بیكه‌ینه‌وه‌ چونكه‌ تا ئێستا ئه‌م په‌تایه‌ زۆر به‌ ئه‌كتیڤی له‌هه‌موو شوێنه‌كان ماوه‌ته‌وه‌، ئه‌گه‌رچی به‌به‌راورد به‌هه‌ندێك شوێنی تر ئێمه‌ زۆر به‌باشی توانیومانه‌ ئه‌م په‌تایه‌ كۆنترۆڵ بكه‌ین ."

"وه‌كو وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی زۆر سودمان له‌م قه‌ده‌غه‌ی هاتوچۆیه‌ بینیووه‌ "

له‌سه‌ره‌تای وتووێژه‌كه‌دا وته‌بێژی فه‌رمی وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ده‌رباره‌ی پێشنیاری وه‌زاره‌ته‌كه‌یان بۆ قه‌ده‌غه‌ی هاتوچۆ و ماوه‌ی درێژكردنه‌وه‌ی له‌هه‌رێمی كوردستاندا ڕه‌تیكرده‌وه‌ تا ئێستا بڕیاری درێژكردنه‌وه‌ی ماوه‌ی قه‌ده‌غه‌ی هاتوچۆ له‌هه‌رێم درابێت، له‌و ڕوه‌وه‌ ده‌ڵێت" وه‌كو وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی ئه‌گه‌رچی زۆر سودمان له‌م قه‌ده‌غه‌ی هاتوچۆیه‌ بینیووه‌ تاڕاده‌یه‌كی زۆرباش ڕێگری كرد له‌بڵاوبونه‌وه‌ی ئه‌م په‌تایه‌ له‌هه‌رێمی كوردستان به‌شێوه‌یه‌كی گشتی وه‌ له‌چه‌قی شار به‌تایبه‌تی چونكه‌ قه‌ره‌باڵغتره‌ ئه‌و ناوانه‌ به‌ڵام تا ئه‌م چركه‌یه‌ ده‌نگۆی درێژكردنه‌وه‌ی قه‌ده‌غه‌ی هاتوچۆ ڕاست نیه‌ ئێمه‌ش هیچ پێشنیارێكمان نه‌كردووه‌ وه‌ ئه‌وه‌ی هه‌یه‌ ته‌نها درێژكردنه‌وه‌ی پشووه‌، ئه‌گه‌ر پێویست بكات ئێمه‌ وه‌ك وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی پێشنیارده‌كه‌ین بۆ لایه‌نه‌ فه‌رمیه‌كان ئه‌مه‌ش له‌ڕێگای ڕاگه‌یه‌نراوێكی فه‌رمیه‌وه‌ بڵاوده‌كرێته‌وه‌."

" ئەگەر پێویست بکات وەک وەزارەتی تەندروستی داوای درێژکردنەوەی قەدەغەی ھاتوچۆ دەکەین "

د.محه‌مه‌د خۆشناو ڕونیشیكرده‌وه‌" تا ئێستا وه‌ك وه‌زاره‌ت هیچ بڕیارێك و پێشنیارێكمان نیه‌ سه‌باره‌ت به‌ قه‌ده‌غه‌كردنی هاتوچۆ، به‌ڵام دوای ئه‌م دوو ڕۆژه‌ پاش هه‌ڵسه‌نگاندنێكی ته‌واو، هه‌ڵسه‌نگاندنی باری ته‌ندروستی داتا و ژماره‌كان وه‌ دیراسه‌كردنی چۆنیه‌تی توشبوونی ئه‌و حاڵه‌تانه‌، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ی له‌سه‌ر ئاستی جیهان ئه‌م په‌تایه‌ به‌ چ ئاراسته‌یه‌كدا ده‌ڕوات هه‌موو ئه‌وانه‌ ڕۆڵ ده‌بینن له‌درێژكردنه‌وه‌ یا درێژنه‌كردنه‌وه‌ی قه‌ده‌غه‌ی هاتوچۆ (بێگومان تا دوای ئه‌م دوو ڕۆژه‌ 1/4) ئێمه‌ ڕاگه‌یه‌نراوی فه‌رمیمان ده‌بێت به‌ڵام تا ئێستا هیچ بڕیارێكمان نه‌داوه‌ هه‌رخه‌ریكی دیراسه‌كردنین ئه‌گه‌ر پێویست بكات به‌ڵێ پێشنیاری ده‌كه‌ین بۆ درێژكردنه‌وه‌ی قه‌ده‌غه‌ی هاتوچۆ ئه‌گه‌ر پێویستیش نه‌كات هه‌ستمان كرد كه‌ كۆنترۆڵ كراوه‌ ئێمه‌ پێشنیاری درێژكردنه‌وه‌ی قه‌ده‌غه‌ی هاتوچۆ ناكه‌ین ئێستا له‌هه‌ڵسه‌نگاندنداین دوای ئه‌م دوو ڕۆژه‌ ڕه‌نگه‌ شتێك ڕابگه‌یه‌نین."

"ئه‌مه‌ش یه‌كێكه‌ له‌و خاڵانه‌ "

وته‌بێژی فه‌رمی وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌وه‌ڵامی ئه‌و پرسیاره‌ی به‌نیازن ئه‌گه‌ر پێشنیاری درێژكردنه‌وه‌ی قه‌ده‌غه‌كردنی هاتوچۆ نه‌كه‌ن ئایا به‌سنورداری ده‌یهێڵنه‌وه‌؟ وتی" ئه‌مه‌ش یه‌كێكه‌ له‌و خاڵانه‌ی كه‌ هه‌ڵبژاردنێكه‌ ئه‌گه‌ر قه‌ده‌غه‌ی هاتوچۆ درێژ نه‌كه‌ینه‌وه‌ چۆن به‌سنورداری هاتوچۆ بكه‌ینه‌وه‌ چونكه‌ تا ئێستا ئه‌م په‌تایه‌ زۆر به‌ ئه‌كتیڤی له‌هه‌موو شوێنه‌كان ماوه‌ته‌وه‌، ئه‌گه‌رچی به‌به‌راورد به‌هه‌ندێك شوێنی تر ئێمه‌ زۆر به‌باشی توانیومانه‌ ئه‌م په‌تایه‌ كۆنترۆڵ بكه‌ین به‌ڵام هێشتا ئه‌م په‌تایه‌ بوونی هه‌یه‌، ئه‌مڕۆ حاڵه‌تی نوێ هه‌بووه‌، تا ئێسا ناوچه‌ی ده‌ربه‌ندیخان و سێبیران له‌ژێر كه‌ره‌نتینه‌دان ئه‌مانه‌ واده‌كات ئه‌گه‌ر قه‌ده‌غه‌ی هاتوچۆش درێژنه‌كرێته‌وه‌ به‌ڵام سنورداركردنی هاتوچۆ وه‌ سنورداركردنی كڕین و فرۆشتن و به‌رده‌وام ده‌بێت تا ئه‌و كاته‌ ماوه‌یه‌كی باش به‌سه‌ر تۆماركردنی دواین حاڵه‌ت تۆمار ده‌كرێت، قه‌ده‌غه‌كردنی هاتوچۆ هه‌بێت یان نا پشوو هه‌ر به‌رده‌وام ده‌بێت چونكه‌ به‌شێك بووه‌ له‌ڕێكاره‌كان وه‌ هاوڵاتیانیش پێویسته‌ پابه‌ندبن به‌ڕێنماییه‌كان."

" به‌ته‌نها وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی نیه‌ كه‌ بڕیار له‌سه‌ر قه‌ده‌غه‌ی هاتوچۆ ده‌دات( وه‌ك هاتوچۆی كرێكار و نانه‌وا و خاوه‌ن باخ ... ) "

د.محه‌مه‌د خۆشناو ئه‌وه‌شی وت" به‌ته‌نها وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی نیه‌ كه‌ بڕیار له‌سه‌ر قه‌ده‌غه‌ی هاتوچۆ ده‌دات( وه‌ك هاتوچۆی كرێكار و نانه‌وا و خاوه‌ن باخ ... ) به‌ڵكو ئه‌وه‌ له‌سه‌ر ئاستی پارێزگاكان و وه‌زاره‌ته‌كانی تر و لیژنه‌ی ڕوبه‌ڕوبونه‌وه‌ی كۆرۆنایه‌ به‌خۆشحاڵیه‌وه‌ هه‌موومان وه‌ك تیمێك كارده‌كه‌ین و بڕیارده‌ده‌ین ، به‌ڵام وه‌ك ئاگادارن له‌قه‌زا و ناحیه‌ و شوێنه‌كان (ئیستسنا) بۆ هه‌ندێك حاڵه‌تی له‌وانه‌كراوه‌ ورده‌كارییه‌كه‌شی به‌پێی ئه‌و پارێزگا و قه‌زایانه‌ ده‌گۆڕێن كه‌بڕیاره‌كه‌ی تێداده‌رچووه‌."

"له‌ 60% ی ئه‌و كه‌سانه‌ی توشی كۆرۆنا بوون له‌كوردستان هیچ جۆره‌ نیشانه‌یه‌كیان نه‌بوو "

خۆشناو ده‌رباره‌ ڕێژه‌ی چاكبووه‌كان له‌هه‌رێمی كوردستان ده‌ڵێت" به‌شی هه‌ره‌زۆری ئه‌و حاڵه‌تانه‌ی له‌كوردستان تۆماركراون حاڵه‌تی سووك بوون، ئه‌و كه‌سانه‌ بوون كه‌نیشانه‌كانیان زۆر به‌سوكی تێدا ده‌ركه‌وتووه‌ ته‌نانه‌ت تا دوو سێ ڕۆژ پێش ئێستا 60% ی ئه‌و كه‌سانه‌ی توش ببوون هیچ جۆره‌ نیشانه‌یه‌كیان نه‌بوو ، ئه‌و كه‌سانه‌ش له‌زوترین كاتدا چاك ده‌بنه‌وه‌، خۆی ئه‌وه‌ لێكۆڵینه‌وه‌یه‌كی نێوخۆیی و نێوده‌وڵه‌تیشی ده‌وێت له‌به‌رچی حاڵه‌ته‌كان له‌هه‌رێم و عیراق و وڵاتانی كه‌نداو و ئه‌فریقا به‌وجۆره‌ن و كه‌مترن ڕێژه‌ی مردن هه‌یه‌ بۆ نمونه‌ له‌ 128 حاڵه‌تی توشبوون ته‌نها دوو كه‌س مردوو هه‌یه‌ كه‌ ئه‌ویش هۆكاری تێكچوونی ته‌ندروستی خۆیان بووه‌ و په‌یوه‌ندی به‌ كۆرۆناوه‌ نه‌بووه‌ وه‌ك هۆكاری سه‌ره‌كی، لێكدانه‌وه‌ی زۆر هه‌یه‌ له‌م ڕوه‌وه‌ له‌وانه‌ جیاوازی جۆری ڤایره‌سه‌كه‌ و جیناتی خه‌ڵكی ئه‌م ناوچانه‌ هه‌روه‌ها پله‌ی گه‌رمی و ڕێكاره‌ پێش وه‌ختیه‌كانی خۆپاراستن، به‌ڵام ئێمه‌ هه‌میشه‌ ئه‌وه‌ دوپاتده‌كه‌ینه‌وه‌ كه‌ هاوڵاتی هیوای به‌وه‌ نه‌بێت به‌ڵكو پێویسته‌ پابه‌ندی ڕێنماییه‌كان بێت."

" تا ئه‌م چركه‌ساته‌ ئه‌م ڤایره‌سه‌ له‌هه‌رێمی كوردستان هه‌ر له‌ژێر كۆنترۆڵدا ماوه‌، به‌ڵام هه‌موو كاتێك"

د.محه‌مه‌د خۆشناو له‌كۆتایی وتووێژه‌كه‌دا وتی" تا ئه‌م چركه‌ساته‌ی قسه‌ی تێداده‌كه‌ین ئه‌م ڤایره‌سه‌ له‌هه‌رێمی كوردستان هه‌ر له‌ژێر كۆنترۆڵدا ماوه‌، به‌ڵام هه‌موو كاتێك ئه‌م ڤایره‌سه‌ مه‌ترسی هه‌یه‌ له‌سه‌ر دانیشتووان تاوه‌كو به‌یه‌كجاری "ئیعلانی" نه‌بوونی هه‌موو حاڵه‌تێك ده‌كه‌ین وه‌ مه‌ترسی ڤایره‌سی كۆرۆنا هه‌ر ده‌مێنێت تاوه‌كو یه‌ك حاڵه‌ت له‌كوردستاندا مابێت چونكه‌ ئه‌م ڤایره‌سه‌ توانای گواستنه‌وه‌ی له‌كه‌سانێكه‌وه‌ بۆ كه‌سانێكی دیكه‌ خێرایه‌، وه‌ له‌زۆر كه‌سدا بێ نیشانه‌یه‌ ئه‌م دوو خاڵه‌ مه‌ترسی ئه‌م ڤایره‌سه‌ زۆر گه‌وره‌ ده‌كات."

please wait

No media source currently available

0:00 0:08:53 0:00


XS
SM
MD
LG