Accessibility links

د.محه‌مه‌د خۆشناو: ئه‌گه‌ر هاوڵاتیان هاوكار نه‌بن ده‌بێت بیر له ‌ڕێگا چاره‌ی توندتر بكه‌ینه‌وه‌


د.محه‌مه‌د قادر خۆشناو وته‌بێژی فه‌رمی وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان

د.محه‌مه‌د خۆشناو وته‌بێژی فه‌رمی وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان-عیراق باس له‌دواین گۆڕانكارییه‌كان و ڕێ و شوێنه‌كان ده‌كات بۆ ڕوبه‌ڕوبونه‌وه‌ی ڤایره‌سی كۆرۆنا له‌هه‌رێمی كوردستان گرتویانه‌به‌ر و ده‌ڵێت" ئه‌گه‌ر بێت و هاوڵاتیان له‌گه‌ڵمان هاوكار نه‌بن ناتوانین بڵێین ئامانجی خۆمان 100% پێكاوه‌،ئه‌وكات ئێمه‌ ده‌بێت بیر له‌ڕێگا چاره‌ی توندتریش بكه‌ینه‌وه‌، به‌ واته‌ درێژكردنه‌وه‌ی ماوه‌ی قه‌ده‌غه‌كردنی ماوه‌ی هاتوچۆ بۆ زۆر زیاتر وه‌ زیادكردنی سنورداركردنه‌كان بۆ نمونه‌ ئێستا هاتوچۆكردن له‌ناو گه‌ڕه‌كه‌كاندا ئاساییه‌ ئه‌گه‌ر پێویست بكات ئه‌و هاتوچۆیانه‌ش كه‌متر بكه‌ینه‌وه‌ هه‌تاوه‌كو بتوانین توندترین ڕێگا و دورترینی ڕێگری بكه‌ین له‌بڵاوبونه‌وه‌ی ئه‌و نه‌خۆشیه‌ ئێمه‌ ده‌ڕۆین، ده‌شڵێت" به‌داخه‌وه‌ ده‌ڵێم ده‌بێت ڕۆژانی نه‌ورۆزی ئه‌مساڵ له‌ماڵه‌كانمان بمێنینه‌وه‌."

"ده‌رئه‌نجامی قه‌ده‌غه‌ی هاتوچۆ له‌ هه‌فته‌ی داهاتوو زۆر به‌ ڕونی ده‌رده‌كه‌وێت "

له‌سه‌ره‌تای وتووێژه‌كه‌دا وته‌بێژی فه‌رمی وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ده‌ڵێت" له‌هه‌رێمی كوردستان 40 حاڵه‌تی توشبوو به‌ ڤایره‌سی كۆرۆنا تۆماركراوه‌ كه‌ یه‌كێك له‌وانه‌ گیانی له‌ده‌ستداوه‌ و 13یان چاكبونه‌ته‌وه‌ و 26 ییان له‌ژێر چاودێریدان و دۆخی ته‌ندروستیان جێگیره‌، وه‌ له‌سه‌ره‌تای ئه‌كتیڤ بوونی كه‌ره‌نتینه‌كانه‌وه‌ ژماره‌ی ئه‌و كه‌سانه‌ی كه‌ كه‌ره‌نتین كراون 4700 كه‌س بوون به‌شێكی زۆریان له‌ كه‌ره‌نتینه‌ ده‌رچوون به‌پێی دواین ئاماری 24 كاتژمێری ڕابردوو 1743 كه‌س له‌ كه‌ره‌نتینه‌ ماونه‌ته‌وه‌."

د.محه‌مه‌د خۆشناو له‌باره‌ی قه‌ده‌غه‌كردنی هاتوچۆوه‌ ده‌لێت" به‌خۆشحاڵیه‌وه‌ له‌ناو شاره‌كان خه‌ڵك به‌قه‌ده‌غه‌كردنی هاتوچۆوه‌ پابه‌ندن، ئه‌گه‌رچی تێبینیمان له‌سه‌ر هه‌ندێك شوێن هه‌یه‌، ئامانجیش له‌قه‌ده‌غه‌كردنی هاتوچۆ سنورداركردنی به‌ریه‌ككه‌وتنه‌ وه‌ ده‌رئه‌نجامه‌كانیش له‌ ئێستادا كاتی زیاتر به‌لایه‌نه‌ ته‌ندروستیه‌كان ده‌به‌خشن بۆ ئه‌وه‌ی بتوانن حاڵه‌ته‌كان ده‌ست نیشان بكه‌ن وه‌ ده‌رئه‌نجامی ئه‌وه‌ش له‌ هه‌فته‌ی داهاتوو زۆر به‌ ڕونی ده‌رده‌كه‌وێت چونكه‌ ماوه‌ی ده‌ركه‌وتنی نیشانه‌كانی ئه‌م په‌تایه‌ هه‌فته‌یه‌ك تا دوو هه‌فته‌ دواده‌كه‌وێت بۆیه‌ له‌ماوه‌ی داهاتوودا ده‌رئه‌نجامه‌ باشه‌كانی قه‌ده‌غه‌كردنی هاتوچۆ ده‌بینین."

" ئه‌گه‌ر بزانین ترسناكیه‌كه‌ كه‌م نه‌بۆته‌وه‌ ئه‌وا له‌وانه‌یه‌ پێشنیاری درێژكردنه‌وه‌ی ماوه‌ی قه‌ده‌غه‌ی هاتوچۆ بكه‌ین "

ده‌رباره‌ی ئه‌وه‌ی ئایا به‌نیازن وه‌ك وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی ماوه‌ی قه‌ده‌غه‌كردنی هاتوچۆ درێژ بكه‌نه‌وه‌؟

وته‌بێژی فه‌رمی وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ده‌ڵێت" ئه‌وه‌ ده‌وه‌ستێته‌ سه‌ر ژماره‌ی حاڵه‌ته‌كان و حاڵه‌تی ئه‌و كه‌سانه‌ی كه‌ ده‌مێننه‌وه‌ له‌نه‌خۆشخانه‌ وه‌ تا چه‌ند حاڵه‌تی ترمان بۆ دێت ئه‌گه‌ر بزانین ترسناكیه‌كه‌ كه‌م نه‌بۆته‌وه‌ ئه‌وا له‌وانه‌یه‌ پێشنیاری درێژكردنه‌وه‌ی ماوه‌ی قه‌ده‌غه‌ی هاتوچۆ بكه‌ین خۆ ئه‌گه‌ر بزانین كه‌ خه‌ڵك پابه‌ند ده‌بێت به‌ ڕێنماییه‌ ته‌ندروستیه‌كان و وه‌ به‌ریه‌ككه‌وتن و تێكه‌ڵاوی سنوردار ده‌بێت ئه‌وا پێشنیاری درێژكردنه‌وه‌ ناكرێت به‌ڵام ئێمه‌ ناتوانین ئێستا هیچ كامیان بڵێین چونكه‌ له‌ كۆتایی ئه‌و پێنج ڕۆژه‌ی تر بڕیار ده‌ده‌ن كه‌ ئایا ئێمه‌ داوای درێژكردنه‌وه‌ی ماوه‌ی قه‌ده‌غه‌كردنی هاتوچۆ ده‌كه‌ین یاخود نا؟"

ڕونیشیكرده‌وه‌" پێش قه‌ده‌غه‌كردنی هاتوچۆ چه‌ند ڕێكارێكی تری وه‌ك كه‌مكردنه‌وه‌ی ده‌وام و دواتر ڕاگرتنی ده‌وام گیراوه‌ته‌ به‌ر به‌ڵام ئه‌وه‌ی گرنگه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ هه‌ریه‌ك لای خۆیه‌وه‌ تێكه‌ڵاوی و به‌ریه‌ككه‌وتن له‌نێوان ماڵه‌كان و گه‌ڕه‌ك و ته‌نانه‌ت ئه‌و دوكانه‌ی كه‌ بۆی ده‌چێت پێداویستی ده‌كرێت سنوردار بكات ئێمه‌ وه‌ك وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی ناتوانین په‌ل بهاوینه‌ ناو هه‌موو ماڵه‌كان ئه‌مه‌ له‌سه‌ر به‌ڕێوه‌به‌ری ماڵه‌كانه‌، ئه‌گه‌ر بێت و هاوڵاتیان له‌گه‌ڵمان هاوكار و هاوبه‌ش نه‌بن ناتوانین بڵێین ئامانجی خۆمان 100% پێكاوه‌،ئه‌وكات ئێمه‌ ده‌بێت بیر له‌ڕێگا چاره‌ی توندتریش بكه‌ینه‌وه‌ ."

له‌وه‌ڵامی ئه‌و پرسیاره‌ی ڕێگه‌چاره‌ی توندتر واتای چۆن؟ وته‌بێژی وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان وتی" واته‌ درێژكردنه‌وه‌ی ماوه‌ی قه‌ده‌غه‌كردنی هاتوچۆ بۆ زۆر زیاتر وه‌ زیادكردنی سنورداركردنه‌كان بۆ نمونه‌ ئێستا هاتوچۆكردن له‌ناو گه‌ڕه‌كه‌كاندا ئاساییه‌ ئه‌گه‌ر پێویست بكات ئه‌و هاتوچۆیانه‌ش كه‌متر بكه‌ینه‌وه‌ هه‌تاوه‌كو بتوانین توندترین ڕێگا و دورترینی ڕێگری بكه‌ین له‌بڵاوبونه‌وه‌ی ئه‌و نه‌خۆشیه‌ ئێمه‌ ده‌ڕۆین."

"ده‌رچوون له‌ڕۆژانی نه‌ورۆزیش قه‌ده‌غه‌یه‌ "

د.محه‌مه‌د خۆشناو له‌باره‌ی ڕێ و شوێنه‌كانیان له‌ جه‌ژنی نه‌ورۆز و بۆ مه‌راسیمه‌كانی ئه‌و جه‌ژنه‌دا ده‌ڵێت" هاتوچۆ له‌نێوان هه‌موو پارێزگاكانی هه‌رێم ڕاگیراوه‌ ده‌رچوون له‌هه‌موو بازگاكاندا ڕاگیراوه‌ مه‌گه‌ر حاڵه‌تی (ئیستسنائ) نه‌بێت ئه‌ویش به‌ ڕه‌زامه‌ندی پارێزگاره‌كان نه‌بێت وه‌ له‌ناو شاریش هاتوچۆ سنورداره‌ ئه‌مه‌ به‌رده‌وام ده‌بێت له‌ڕۆژانی نه‌ورۆزیش واته‌ ده‌رچوون له‌ڕۆژانی نه‌ورۆزیش قه‌ده‌غه‌یه‌ ئه‌م ڕێكاره‌ له‌لایه‌ن حكومه‌ته‌وه‌ پێشنیار كراوه‌ و له‌لایه‌ن وه‌زاره‌تی ناوخۆوه‌ بڕیاردراوه‌ بۆیه‌ هه‌رخۆیان به‌دواداچون بۆ ئه‌و بابه‌ته‌ ده‌كه‌ن بۆیه‌ نه‌ورۆزی ئه‌مساڵ وه‌ك ساڵانی تر نابێت به‌داخه‌وه‌ ئه‌مه‌ ده‌ڵێم پێویست ده‌كات هه‌موومان له‌ماڵه‌كانماندا بمێنینیه‌وه‌."

ڕاشیگه‌یاند" ئێمه‌ وه‌ك لایه‌نی وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی ڕێنماییه‌كان ده‌خه‌ینه‌ڕوو وه‌ ترسناكی حاڵه‌ته‌كان و پێشنیاره‌كانیش بۆ به‌رگرتن لێی ده‌خه‌ینه‌ به‌رده‌م حكومه‌ت به‌خۆشحاڵیه‌وه‌ حكومه‌ت هه‌میشه‌ هاوكاره‌ وه‌زاره‌تی ناوخۆ به‌وپه‌ڕی تواناوه‌ به‌رده‌وام كارده‌كات."

" ئه‌و كه‌سانه‌ی په‌یوه‌ندی ڕاسته‌وخۆیان له‌گه‌ڵی هه‌بووه‌ له‌لایه‌ن تیمه‌كانی ته‌ندروستیه‌وه‌ بانگده‌كرێن و كه‌ره‌نتین ده‌كرێن "

ده‌رباره‌ی تۆماركردنی یه‌كه‌مین حاڵه‌تی توشبوون به‌ ڤایره‌سی كۆرۆنا له‌شاری دهۆك و ڕێ و شوێنه‌كانی وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی له‌وباره‌یه‌وه‌؟ د.محه‌مه‌د خۆشناو ده‌ڵێت" له‌هه‌ر شوێن و پارێزگایه‌ك هه‌ر حاڵه‌تێك تۆماركرا هه‌موو ئه‌و كه‌سانه‌ی په‌یوه‌ندی ڕاسته‌وخۆیان له‌گه‌ڵی هه‌بووه‌ له‌لایه‌ن تیمه‌كانی ته‌ندروستیه‌وه‌ بانگده‌كرێن و كه‌ره‌نتین ده‌كرێن پاشان پشكنینیان بۆ ده‌كرێت، بۆ نمونه‌ له‌هه‌ولێر حاڵه‌ت هه‌بووه‌ كه‌ پزیشكێك بوو به‌ركه‌وتنی له‌گه‌ڵ 150كه‌س هه‌بوو هه‌مووییان بانگكران و پشكنینیان بۆ كراوه‌، هێشتا داتای ئه‌وه‌ی دهۆك-مان پێنه‌گه‌یشتووه‌ به‌ڵام له‌گه‌ڵ هه‌ركه‌س به‌ركه‌وتنی هه‌بوبێت بانگده‌كرێت و پشكنینی بۆ ده‌كرێت."

please wait

No media source currently available

0:00 0:09:27 0:00
Direct link


XS
SM
MD
LG