Accessibility links

"هه‌ر كه‌سێكی هاتوو له‌ ئه‌وروپا و باشوری ڕۆژهه‌ڵاتی ئاسیاوه‌ كوردبن یاخود بیانی پاش پشكنین ڕه‌وانه‌ی كه‌ره‌نتینه‌كان ده‌كرێن"


ئه‌ندازیار تاهیر عه‌بدوڵا به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی فڕۆكه‌خانه‌ی نێوده‌وڵه‌تی سلێمانی-فۆتۆ\ژیار محه‌مه‌د

له‌سه‌ره‌تای وتووێژه‌كه‌دا ئه‌ندازیار تاهیر به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی فڕۆكه‌خانه‌ی نێوده‌وڵه‌تی سلێمانی وتی" ئێمه‌ به‌پێی ڕێنماییه‌كانی حكومه‌تی هه‌رێم و ئه‌و ڕێنماییانه‌ی لیژنه‌ی ڕوبه‌ڕوبونه‌وه‌ی ڤایره‌سی كۆرۆنا ده‌ریان ده‌كات كار ده‌كه‌ین،له‌و ڕێكاره‌ نوێیانه‌ی كه‌ گرتومانه‌به‌ر ئه‌وه‌یه‌ هه‌ر كه‌سێكی هاتوو له‌ ئه‌وروپاو و به‌ریتانیا و باشوری ڕۆژهه‌ڵاتی ئاسیاوه‌ كوردبن یاخود بیانی واته‌ هه‌ڵگری پاسپۆڕتی عیراقی بن یا بیانی سه‌رجه‌میان ده‌پشكنرێن و ڕه‌وانه‌ی كه‌ره‌نتینه‌كان ده‌كرێن، هیچ كه‌سێك به‌ده‌ر نیه‌ له‌پشكنین له‌هه‌ر پۆست و پله‌و پایه‌یه‌كدا بێت به‌پێی ڕێنماییه‌كان ئه‌گه‌ر شمولی كه‌ره‌نتینه‌ بكرێن ڕاده‌ستی داموده‌زگا ته‌ندروستیه‌كان ده‌كرێن و ده‌نێردرێنه‌ كه‌ره‌نتینه‌، ئه‌گه‌ر هاتوو دوای پشكنین هیچ گومانیان لێنه‌كرا ڕه‌وانه‌ی ماڵه‌وه‌ ده‌كرێنه‌وه‌ و ناونیشان و ژماره‌ تیلفۆنیان لێوه‌رده‌گرین تا ئه‌گه‌ر داموده‌زگا ته‌ندروستیه‌كان له‌دواتر ویستیان پشكنینیان بۆ بكه‌ن و له‌ڕێگای ئێمه‌وه‌ بیاندۆزنه‌وه‌."

" ئێمه‌ هیچ شتێكمان به‌سه‌ردا تێنه‌په‌ڕیووه‌ به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ ئه‌و هه‌واڵانه‌ به‌جۆرێكی تر ده‌گوازرێته‌وه‌ بۆ ده‌ره‌وه‌ی فڕۆكه‌خانه‌ "

ڕۆژی هه‌ینی هه‌ریه‌كه‌ له‌به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی ته‌ندروستی سلێمانی و فڕۆكه‌خانه‌ی نێوده‌وڵه‌تی سلێمانی ڕایانگه‌یاند" كه‌ فڕۆكه‌یه‌كی هێڵی قه‌ته‌ری كه‌ ژماره‌ی سه‌رنشینانی 85 كه‌س بووه‌ هاتۆته‌ فڕۆكه‌خانه‌ی نێوده‌وڵه‌تی سلێمانی یه‌كێك له‌وانه‌ هه‌ڵگری ڤایره‌سی كۆرۆنا بووه‌ و داوایان له‌سه‌ر نشینانی دیكه‌ كرد به‌په‌له‌ سه‌ردانی نه‌خۆشخانه‌ بكه‌ن به‌مه‌به‌ستی پشكنینیان.

ئه‌ندازیار تاهیر عه‌بدوڵا وه‌ڵامی هه‌ندێك له‌و ڕه‌خنانه‌ ده‌داته‌وه‌ كه‌ ئاڕاسته‌ی فڕۆكه‌خانه‌ی نێوده‌وڵه‌تی سلێمانی ده‌كرێن و ده‌ڵێت" ئێمه‌ هیچ شتێكمان به‌سه‌ردا تێنه‌په‌ڕیووه‌ به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ ئه‌و هه‌واڵانه‌ به‌جۆرێكی تر ده‌گوازرێته‌وه‌ بۆ ده‌ره‌وه‌ی فڕۆكه‌خانه‌، چونكه‌ ئه‌و "به‌ڕێزه‌" 12 ی مانگ گه‌یشتۆته‌وه‌ سلێمانی تا ئه‌و ڕۆژه‌ی كه‌ ئه‌و گه‌یشتووه‌ هیچ ڕێنماییه‌ك نه‌بووه‌ كه‌ هه‌ركه‌س له‌وڵاتی سویده‌وه‌ بێته‌وه‌ بچێته‌ كه‌ره‌نتینه‌، وه‌ ئه‌و "به‌ڕێزه‌" ڤیزای شنگنی پێبووه‌ زۆربه‌ی وڵاته‌كان گه‌ڕاوه‌ دواتر له‌سویده‌وه‌ ده‌رچووه‌ و به‌ڕێگای قه‌ته‌ر هاتۆته‌وه‌ پشكننی بۆ كراوه‌ هیچی نه‌بووه‌ دواتر دۆخی ته‌ندروستی تێكچووه‌ و خۆی چووه‌ بۆ پشكنین پاشان به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتی ته‌ندروستی سلێمانی بۆ دڵنیابوون له‌دۆخی ته‌ندروستی سه‌رنشینه‌كان داوای كرد سه‌ردانی بنكه‌كانی پشكنینی كۆرۆنا بكه‌ن و ئێمه‌ش ئه‌دره‌س و ژماره‌ تیلفۆنی هه‌مویانمان دا به‌ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی ته‌ندروستی و به‌شێك له‌وانه‌ خۆیان چوون بۆ پشكنین و به‌شێكیش بیانی بوون یا كرێكاری بیانی بوون."

ئه‌ندازیار تاهیر عه‌بدوڵا ڕونیكرده‌وه‌" دوای ئه‌وه‌ی ئه‌دره‌س و ژماره‌ تیلفۆنمان دا به‌ لایه‌نی ته‌ندروستی ئه‌وانیش له‌ڕێگای خۆیانه‌وه‌ وه‌ك ئاسایش و پۆلیس توانیان به‌شێك له‌و سه‌رنشینانه‌ بدۆزنه‌وه‌ به‌شه‌كه‌ی تریشیان له‌سه‌روبه‌ندی دۆزینه‌وه‌دان."

" ئاسانكاری ده‌كرێت "

ده‌رباره‌ی كاریگه‌ری قه‌ده‌غه‌كردنی هاتوچۆی ناوشار له‌سه‌ر هاتوچۆ له‌ فڕۆكه‌خانه‌وه‌؟ به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی فڕۆكه‌خانه‌ی نێوده‌وڵه‌تی سلێمانی ده‌ڵێت" من له‌ڕێگای خۆمه‌وه‌ په‌یوه‌ندیم كرد به‌ پارێزگاره‌وه‌، ئه‌وان ئاسانكاری ئه‌وه‌یان كردووه‌ هه‌ركه‌س به‌ڵگه‌نامه‌ی سه‌فه‌ركردنی هه‌یه‌ تیمه‌كانی پۆلیس و ئاسایشیان ئاگادار كردۆته‌وه‌ كه‌ ڕێگرییان لێنه‌كه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی بگه‌نه‌ فڕۆكه‌خانه‌ی نێوده‌وڵه‌تی سلێمانی، وه‌ ئه‌وانه‌شی ده‌گه‌ڕێنه‌وه‌ به‌ڵگه‌یه‌كیان پێبێت كه‌ سه‌فه‌رییان كردووه‌ ئاسانكارییان بۆ ده‌كرێت بگه‌ڕێنه‌وه‌ ماڵه‌كانی خۆیان، وه‌ ئه‌و كه‌سانه‌شیان بۆ كه‌ره‌نتینه‌ ده‌برێن له‌ژێر چاودێری پۆلیس و ئاسایش ده‌برێنه‌ كه‌ره‌نتینه‌كان."

"نامانه‌وێت به‌ته‌واوی فڕۆكه‌خانه‌ دابخه‌ین "

سه‌باره‌ت به‌ ئه‌گه‌ری داخستنی فڕۆكه‌خانه‌كان بۆ ماوه‌یه‌كی كاتی، ئه‌ندازیار تاهیر عه‌بدوڵا ده‌ڵێت" له‌پێشوتردا گه‌شته‌كانی ناوخۆی عیراق و ته‌هران و چین-مان ڕاگرتووه‌، ئێمه‌ نامانه‌وێت به‌ته‌واوی فڕۆكه‌خانه‌ دابخه‌ین چونكه‌ فڕۆكه‌خانه‌ به‌ته‌نها بۆ گه‌شتیار نیه‌، به‌ڵكو بۆ شانده‌كان و یارمه‌تیه‌ نێوده‌وڵه‌تیه‌كان و یوئێن-ه‌ به‌پێی ڕێنماییه‌كان ئه‌و گه‌شتانه‌ ڕانه‌گیراوه‌ ئه‌وه‌ی كه‌ هه‌یه‌ ئه‌رده‌ن خۆی هه‌موو گه‌شته‌كانی ڕاگرتووه‌، وه‌ ئه‌مرۆش فلای دوبه‌ی كۆتا ڕۆژێتی و گه‌شته‌كانی خۆی ڕاده‌گرێت، ئه‌وه‌ی كه‌ماوه‌ته‌وه‌ هێڵی (قه‌ته‌ریه‌یه‌) كه‌ ئه‌گه‌ر ژماره‌ی گه‌شتیاران كه‌مبێته‌وه‌ ڕه‌نگه‌ خۆی گه‌شته‌كانی ڕابگرێت به‌ڵام تا ئێستا هیچمان له‌و هێڵه‌وه‌ بۆ نه‌هاتووه‌."

"له‌دورو و نزیك ئه‌و ده‌نگۆیانه‌ به‌درۆ ده‌خه‌مه‌وه‌ "

ده‌رباره‌ی به‌رده‌وامی گه‌شته‌كان له‌ فڕۆكه‌خانه‌ی نێوده‌وڵه‌تی سلێمانیه‌وه‌ بۆ تاران، به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی فڕۆكه‌خانه‌ی نێوده‌وڵه‌تی سلێمانی ده‌ڵێت" له‌دورو و نزیك ئه‌و ده‌نگۆیانه‌ به‌درۆ ده‌خه‌مه‌وه‌ له‌ 20/2 وه‌ تا ئێستا به‌پێی ڕێنمایی ژماره‌ 6ی وه‌زاره‌تی ناوخۆی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان سه‌رجه‌م گه‌شته‌كان بۆ تاران وه‌ به‌پێچه‌وانه‌وه‌ ڕاگیراوه‌، وه‌ ئه‌و خشته‌یه‌ هی ده‌سه‌ڵاتی فڕۆكه‌وانی عیراقه‌ كه‌ هه‌ر شه‌ش مانگ جارێك ده‌ریده‌كات وه‌ ده‌سه‌ڵاتی فڕۆكه‌وانی هیچ گۆڕانكاریه‌كی نه‌كردووه‌ له‌م خشتانه‌ پاش ڕاگرتنی گه‌شته‌كان به‌ڵام له‌ ئه‌رزی واقیع هه‌موو گه‌شته‌كان بۆ تاران وه‌ به‌پێچه‌وانه‌وه‌ ڕاگیراوه‌ به‌ڵام ئه‌و خشته‌یه‌ كه‌وتۆته‌ ده‌ست كۆمه‌ڵێك خه‌ڵكی نه‌زان و قسه‌ ده‌كه‌ن له‌كاتێكدا ئه‌و قسانه‌ هیچ كار له‌ ئێمه‌ ناكات و ئێمه‌ به‌پێی ڕێنماییه‌كان كارده‌كه‌ین، ئه‌گه‌ر بڕوانن به‌غداد و نه‌جه‌ف و ئه‌ربیل-یشی تێدایه‌ به‌ڵام به‌ته‌نها هێڵ هاتووه‌ به‌ژێر سلێمانی-دا، به‌ڵام دڵنیایی هه‌موو لایه‌ك ده‌كه‌ینه‌وه‌ كه‌ له‌ 20/2 وه‌وه‌ هیچ گه‌شتێك له‌فڕۆكه‌خانه‌ی نێوده‌وڵه‌تی سلێمانی بۆ تاران ئه‌نجام نه‌دراوه‌ وه‌ به‌پێچه‌وانه‌شه‌وه‌."

" بانگه‌واز بۆ كوردانی ئه‌وروپا "

ئه‌ندازیار تاهیر عه‌بدوڵا له‌كۆتایی وتوێژه‌كه‌دا هیوای خواست "ئه‌م بارودۆخه‌ درێژه‌ نه‌كێشێت" وتیشی" به‌ڕاستی تیمه‌كانی ته‌ندروستی و هێزه‌ ئه‌منیه‌كان و ئاسایش و حكومه‌تی هه‌رێم كاری زۆرباش-ییان كردووه‌ بۆ به‌رگریكردن له‌ بڵاوبونه‌وه‌ی ئه‌م نه‌خۆشیه‌ بۆیه‌ ئێمه‌ هه‌موومان پابه‌ندی ڕێنماییه‌كان ده‌بین و ئێستا له‌ماڵه‌وه‌ هه‌مووان كه‌ره‌نتینه‌ین، به‌ڵام دوا واده‌ بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ی هاوڵاتیانی هه‌رێمی كوردستان له‌ ئێران، 16ی ئه‌م مانگه‌یه‌ دوای ئه‌و واده‌یه‌ ڕێگه‌ به‌هیچ كه‌س نادرێت وه‌ ئه‌گه‌ر كه‌سێك بگه‌ڕێته‌وه‌ ده‌ستگیر ده‌كرێت و ڕێكاری یاسایی له‌به‌رامبه‌ری ده‌گیرێته‌به‌ر و سزا ده‌درێت."

به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی فڕۆكه‌خانه‌ی نێوده‌وڵه‌تی سلێمانی ئه‌وه‌شی وت" من بانگه‌وازم بۆ ئه‌و به‌ڕێزانه‌ی كه‌ له‌ ئه‌وروپان به‌تایبه‌تی كورده‌كانی خۆمان ئه‌گه‌ر مه‌جال هه‌یه‌ له‌وێ بمێننه‌وه‌ له‌ شوێنی خۆیان جارێ نه‌گه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی لێره‌ كه‌ره‌نتینه‌ نه‌كرێن خۆ ئه‌گه‌ر كه‌ره‌نتینه‌یان پێ ئاسایی بێت ئێمه‌ هیچ كێشه‌یه‌كمان نیه‌ و له‌خزمه‌تیانداین، وه‌ ئێستا هه‌ر هێڵی ئاسمانی قه‌ته‌ریه‌ ماوه‌ ئه‌گه‌ر ده‌یانه‌وێت بگه‌ڕێنه‌وه‌ تا ئه‌و هێڵه‌ ماوه‌ با بگه‌ڕێنه‌وه‌، سه‌باره‌ت به‌هاوڵاتیانی ئه‌مریكی هه‌ڵگری ڕه‌گه‌زنامه‌ی ئه‌مریكی یا عیراقی هێشتا هیچ ڕێنماییه‌كمان بۆ نه‌هاتووه‌."

please wait

No media source currently available

0:00 0:09:52 0:00


XS
SM
MD
LG