Accessibility links

د.محمه‌د خۆشناو:ئه‌و كه‌سانه‌ی به‌ قاچاغی له‌ئێرانه‌وه‌ هاتونەتەوە،ترسناکترین کۆمەڵەی ناو کۆمەڵگان


د.محه‌مه‌د قادر خۆشناو وته‌بێژی فه‌رمی وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان

د.محه‌مه‌د قادر خۆشناو وته‌بێژی فه‌رمی وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ده‌ڵێت"ئەگەر یەک کەس لەوانەی بە قاچاغی له‌ئێرانه‌وه‌ هاتونەتەوە کوردستان و پشكنینی بۆ نه‌كراوه‌ ئێمە لێی دڵنیانەبین کەنەخۆشیەکەی هەیە ئەگەر لەگەڵی بێت دەتوانێت بەتەنها کوردستان خاپور بکات چونکە لەیەک چرکەدا دەتوانێت چەند کەسێک توش بکات ئەوانیش چەندینی تریش توش بکەن، مەترسی ئەم ڤایرۆسە لەوەدایە کە نیشانەکانی لەسەر کەسی هەڵگری ڤایرەسەکە نیە و بە ئاسایی ژیانی خۆی دەکات. "

"ترسی ئێمە و جیهان لەوەیە کە ئەو ڤایرەسە ناناسین."

لەسەرەتای وتووێژەکەدا وتەبيژی فەرمی وەزارەتی تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێت" ڤایرەسی کۆرۆنا ڕۆژبەڕۆژ ژمارەی توشبووانی لەوڵاتە جیاوازەکان زیاد دەکات لەهەر وڵاتيکدا بەشيوەیەک هەڵسوکەوت دەکات، ژمارەی توشبووان لەهەرێمی کوردستان بەرزبوەوە بۆ 16 حاڵەت کە لەسلێمانی 11 حاڵەت و لەهەولێر 5 حاڵەت هەیە، لەو حاڵەتانەش کەسێکیان چاکبۆتەوە و کەسێکیشیان گیانی لەدەستداوە، ئەوانی تریش دۆخی تەندروستیان جێگریرە و زۆرباشە."

د.محەمەد خۆشناو ئەوەشی وت" ئێمە وەک وەزارەتی تەندروستی وه‌ جیهانیش دەترسێت چونکە ئەم ڤایرەسە هەڵسوکەوتی نەناسراوە لە ئێستادا بەبەراورد بەوڵاتانی دەوروبەر و ئەو وڵاتانەی سیستمی تەندروستیان زۆرباشە، ئێمە زۆرباش هێناومانە بەڵام نابێت ئەوە وامان لێبکات کە جۆرێک لە "غرور" بمانگرێت، چونکە هەمیشە ئاماژە بەوەدەکەین دەکرێت لەچرکەیەکدا ڤایرەسەکە بەشیوازێک هەڵسوکەوت بکات کە ژمارەی توشبووان لەیەک ڕۆژدا بەشێوەیەکی بەرچاو بەرزببێتەوە، ترسی ئێمە لەوەیە کە ئەو ڤایرەسە ناناسین."

خۆشناو ئەوەشی وت" لەسەرەتادا دەنگۆی ئەوە زۆر بڵاوبوەوە کە بەناوی نەترسان هاوڵاتیان گەیشتن تاڕادەی فەرامۆش کردن، ئێمە هیچ کات لەگەڵ تۆقاندن نین، بەڵام ئەگەر ئەو ترسە دروست نەبێت کە ئێمە خۆمان بپارێزین، وە بێگومان کۆنترۆڵکردنی ئەو ڤایرەسە لەدەست دەردەچێت ئەگەر هاتوو ئێمە ترسمان نەبێت کە هانمان بدات بۆ خۆ پارێزی، بەڵێ ئێستا ترس پێویستە بەڵام بەجۆرێک نا کەژیان تاڵ بکرێت بەڵکو دەبێت ژیان سنوردار بکرێت هەروەک ئەوەی کەجیهان لەبارێکی لەناکاودایە."

" ئەم گەشت و دەرچونانە بەهیچ جۆرێک تەندروست نین، کاریگەری زۆر خراپیان هەیە"

د.محەمەد خۆشناو ئەوەشی وت" ئەم گەشت و دەرچونانە بەهیچ جۆرێک تەندروست نین، کاریگەری زۆر خراپیان هەیە لەسەر ڕێکارە خۆپارێزییەکان، هەوەک ئەوەی لەهەفتەی ڕابردوو بینیمان مەترسی ئه‌م ڤایرەسە زۆر زۆر زیاد دەکات ئەو بەرکەوتن و هەموو قەرەباڵغیە، ئەمانە هەمووی وادەکات ئێمە ئەو ڕێکارە تەندروستیانەی هەم وەک وەزارەتی تەندروستی وە هەم ئه‌و هاوڵاتیانەی کە پێوەی پابەندبوون هەموو ماندوو بونەکەمان بە فیڕۆ بڕوات وە تەنها ژمارەیەکی کەم ئه‌گەر پابەند نەبن بەو ڕێنماییانە مەترسی لەسەر تەواوی کۆمەڵگا دروست دەکات."

لەوەڵامی ئەو پرسیارەی ئەگەر خەڵک پابەند نەبن بەڕێنماییەکان وەک وەزارەت پلانتان چیە؟ وتەبێژی فەرمی وەزارەتی تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێت" ئەو پێشنیارانەی کەکراون لەلایەن وەزارەتی تەندروستی بۆ لایەنی پەیوەندیدار بریتیە لەڕێگریکردن لەهەموو قەرەباڵغیەکی نادروست و مەترسیدار کە هەموو جۆرە کۆبونەوەکانی وەک پرسە و ئاهەنگ و گەشتکردن دەگرێتەوە، ئەوەندەی من ئاگادارم کەدەسەڵات دراوە بەهەموو پارێزگارەکان کە ڕێگری لەهەموو جۆرە کۆبونەوەیەک بەوانەی ناو ماڵ وبازاڕیشەوە بکەن، نەک بەتەنها وەزارەتی تەندروستی بەڵکو هەموو وەزارەتەکانی تر بەخۆشحاڵیەوە لەگەڵمان بەردەوامن."

" لە ئێستادا نەگەیشتۆتە ئەو ڕادەیەی کە بەزۆرە ملێ خەڵک لەماڵەکانیان بهێڵرێته‌وه‌ بەڵام لە زۆرێک لەوڵاتەکان یەکێکە لەبژاردەکان"

د.محەمەد خۆشناو سەبارەت بە دەنگۆی ئەگەری بەکارهێنانی هێز بۆ مانەوەی خەڵک لەماڵەکانیان و جێ بەجێ کردنی ڕێنماییەکان دەڵێت" لە ئێستادا نەگەیشتۆتە ئەو ڕادەیەی کە بەزۆرە ملێ خەڵک لەماڵەکانیان بهێڵرێته‌وه‌ بەڵام لە زۆرێک لەوڵاتەکان یەکێکە لەبژاردەکان، ئەگەر بێت و خەڵک پابەند نەبێت بەڕێنماییەکان وە مەترسیەکە زیاتر بوو ئێمە دەکرێت ڕێکارەکان توندتر بکەین خودی شارەکان کەرەنتینە بکەین، خۆ ئەگەر بێت (دوور بێت لەهەرێمی کوردستان" وەک ئیتاڵیا یان ووهان-مان لێىیت ڕەنگە گەڕەک بەگەڕيک کەرەنتینە بکەین، بەڵام وەک وتم ئەمە ڤایرەسێکە هەر جارە و بەجۆرێک لەجۆرەکان هەڵسوکەوت دەکات بەڵام هەر ڕێکارێک پێویست بێت بۆ سەلامەتی هاوڵاتیان و پاراستنی تەندروستی بێ دوو دڵی دەیگرینە بەر."

وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان زیاتر ڕونیکردەوە " لەحاڵەتی ئەوەی ژمارەیەکی زۆر توشبوو لەناو خەڵک بڵاوبوەوە کەسەرچاوەکەی نەزانراو بوو، ئەوەی ئێستا هەیە سەرچاوەی توشبونیان دیارە یا سەفەرییان کردووە بۆ وڵاتی ئێران یا بەریەک کەوتنیان هەبووە، بەڵام ئەگەر هاتوو ژمارەی ئەو کەسانەی توشبوون زۆربوون سەرچاوەی نەزانراوبوو ئەوکات دەگاتە حاڵەتی کەرەنتینەکردنی شارەکان بەڵام تا ئێستا ئێمە نەگەیشتوینەتە ئەو حاڵەتە."

" ترسناکترین کۆمەڵەی ناو کۆمەڵگان "

د.محەمەد خۆشناو سەبارەت بەژمارەی ئەو کەسانەی بە قاچاغ لە ئێرانەوە هاتونەتەوە دەڵێت" هێشتا ژمارەیەکی وردمان لەبەردەست نیە، داتای جیا جیا باس دەکرێت، بەڵام ئەمانە ترسناکترین کۆمەڵەی ناو کۆمەڵگان، بەشێکیان پابەند نین بەڕێنماییەکان بەڵام ئەمانە لەگەڵ ئەوەی ژمارەیان کەمە بەڵام لەناو هەموو شارەکان دەسوڕێنەوە و مەترسییان زۆر زۆرە بەتایبەت لەناوچەکانی دەوروبەری شار کە لەخاڵە سنورییەکان نزیکن ئەمە یەکێکە لەو خاڵانەی کە ئێمە وەک وەزارەتی تەندروستی هەمیشە باسیان دەکەین بۆ ئەوەی کۆنترۆڵ بکرێن بەڵام بەداخەوە تا ئێستا سەد لەسەد نەتوانراوە کۆنترۆڵ بکرێت."

د.خۆشناو ئەوەشی وت" دۆزینەوەی ئەو کەسانە ئاسان نیە، لەهەموو وڵاتێکدا کەسانی قاچاغ هەن بەڵام تیمەکانمان بەردەوام دەبن لەگەڕان بۆ دەستنیشانکردنیان بەشێک لەوانە بەویستی خۆیان چونەتە کەرەنتینەکان بەشێکی تریشیان تیمەکانمان بردویانین، ژمارەی ئەو کەسانەمان لانیە بەڵام ئەگەر یەک کەس لەوانەی بە قاچاغی هاتونەتەوە کوردستان ئێمە لێی دڵنیانەبین کەنەخۆشیەکەی هەیە ئەگەر لەگەڵی بێت دەتوانێت بەتەنها کوردستان خاپور بکات چونکە لەیەک چرکەدا دەتوانێت چەند کەسێک توش بکات ئەوانیش چەندینی تریش توش بکەن، مەترسی ئەم ڤایرۆسە لەوەدایە کە نیشانەکانی لەسەر کەسی هەڵگری ڤایرەسەکە نیە و بە ئاسایی ژیانی خۆی دەکات."

please wait

No media source currently available

0:00 0:10:20 0:00


XS
SM
MD
LG