Accessibility links

"ئه‌گه‌ر ڕێنماییه‌ ته‌ندروستیه‌كان جێبه‌جێ نه‌كرێن كۆرۆنا به‌ته‌واوه‌تی ته‌شه‌نه‌ ده‌سه‌نێت له‌ كوردستان"


د.له‌شكر حه‌مید سه‌رۆكی لیژنه‌ هاوبه‌شه‌كانی قایمقامیه‌تی سلێمانی

له‌شكر حه‌مید سه‌رۆكی لیژنه‌ هاوبه‌شه‌كانی قایمقامیه‌تی سلێمانی باس له‌و ڕێ و شوێنانه‌ ده‌كات كه‌ لیژنه‌هاوبه‌شه‌كانی قایمقامیه‌تی سلێمانی ده‌كات بۆ ڕوبه‌ڕوبونه‌وه‌ی بڵاوبونه‌وه‌ی ڤایره‌سی كۆرۆنا له‌شاره‌كه‌ و هاوكات داواش له‌هاوڵاتیان ده‌كات دوربكه‌ونه‌وه‌ له‌ قه‌ره‌باڵغی و پابه‌ندی ڕێنماییه‌ته‌ندروستیه‌كان بكه‌ن تا ڕێگری بكه‌ن له‌ بڵاوبونه‌وه‌ی ڤایره‌سه‌كه‌ چونكه‌ به‌وته‌ی ئه‌و ئه‌م دوو هه‌فته‌یه‌ دوو هه‌فته‌ی هه‌ستیاره‌ چونكه‌ ئه‌گه‌ر ڕێنماییه‌ ته‌ندروستیه‌كان جێ به‌جێ نه‌كرێت كۆرۆنا به‌ته‌واوه‌تی ته‌شه‌نه‌ ده‌سه‌نێت له‌ كوردستان و له‌وانه‌یه‌ له‌ژێر كۆنتڕۆڵ ده‌ربچێت."

" كاره‌كانمان كراوه‌ به‌ 24 كاتژمێر "

سه‌رۆكی لیژنه‌ هاوبه‌شه‌كانی قایمقامیه‌تی سلێمانی له‌سه‌ره‌تای وتووێژه‌كه‌دا وتی" ئێمه‌ له‌ لیژنه‌ هاوبه‌شه‌كانی قایمقامیه‌تی سلێمانی ژماره‌مان 38 لیژنه‌یه‌. له‌ ڕێكه‌وتی 2/2 لیژنه‌ هاوبه‌شه‌كانی قایمقامیه‌ت كراوه‌ به‌ 24 كاتژمێری، واته‌ 24 كاتژمێر له‌ ئه‌ركداین به‌مه‌به‌ستی جێ به‌جێ كردنی ڕێنماییه‌كانی ته‌ندروستی، ئه‌م لیژنانه‌ سه‌رجه‌م لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كانی تێدایه‌ كه‌ په‌یوه‌ستن به‌ژیانی خه‌ڵكه‌وه‌."

ڕونیشیكرده‌وه‌" سه‌ره‌تا 18 خاڵمان بۆ شوێنه‌ گشتی یه‌كان دانا كه‌ پابه‌ند بن به‌و ڕێنمایانه‌وه‌ كه‌ له‌لایه‌ن قایمقامیه‌تی سلێمانیه‌وه‌ ده‌ركرابون. دواتر ده‌رمانی پێویست دابین كرا بۆ ڕشاندنی سه‌رجه‌م شوێنه‌ گشتی یه‌كانی سنوری پارێزگاری سلێمانی، ماوه‌ی 2 ڕۆژه‌ هه‌ڵمه‌ته‌كه‌ ده‌ستی پێ كردووه‌ و له‌داهاتووشدا به‌رده‌وام ده‌بێت. هه‌موو شوێنه‌ گشتی یه‌كانی پارێزگاری سلێمانی رشاندنی بۆ ده‌كرێت، ئه‌وه‌ی كاری له‌سه‌ر ده‌كه‌ین یه‌كه‌م شت جێ به‌جێ كردنی ڕێنماییه‌كانی ته‌ندروستیه‌كانه‌."

"مه‌به‌ستی سه‌ره‌كی كاره‌كانی ئێمه‌ بۆیه‌ كراوه‌ به‌ 24 كاتژمێری بۆ ئه‌وه‌ی بتوانیین به‌ كه‌مترین كات گه‌وره‌ترین خۆپارێزی پێشكه‌ش به‌ شاری سلێمانی و ده‌وروبه‌ری بكه‌ین. به‌دڵنیاییه‌وه‌ بۆیه‌ بووین به‌ 24 كاتژمێری بۆ ئه‌وه‌ی بتوانیین له‌ڕووی خۆپارێزییه‌وه‌ خزمه‌ت به‌ شاری سلێمانی و ده‌وروبه‌ری بكه‌ین." له‌شكر حه‌مید وای وت"

"خۆشبه‌ختانه‌ تا ئێستا حاڵه‌ته‌كه‌ نه‌گه‌یشتۆته‌ ئه‌وه‌ی كه‌ سلێمانی كه‌ره‌نتینه‌ بكه‌ین "


سه‌رۆكی لیژنه‌ هاوبه‌شه‌كانی قایمقامیه‌تی سلێمانی ئه‌وه‌شی وت" خۆشبه‌ختانه‌ تا ئێستا حاڵه‌ته‌كه‌ نه‌گه‌یشتۆته‌ ئه‌وه‌ی كه‌ سلێمانی كه‌ره‌نتینه‌ بكه‌ین، ئه‌و حاڵه‌تانه‌ی كه‌ هه‌ن هه‌مووی له‌ژێر كۆنتڕۆڵدان، ئه‌وانه‌شیان كه‌ تووشی ڤایڕه‌سه‌كه‌ بوون ته‌نها یه‌ك حاڵه‌تی مردن هه‌بووه‌ و ئه‌وانی تر هه‌موویان حاڵه‌تیان جێگیره‌، بۆیه‌ تا ئێستا هیچ حاڵه‌تێك و هیچ ئاماده‌باشیه‌ك نیه‌ بۆ ئه‌وه‌ی سلێمانی كه‌ره‌نتینه‌ بكه‌ین."

له‌شكر حه‌مید ئاماژه‌ی به‌كاره‌كانی لیژنه‌ هاوبه‌شه‌كانی قایمقامیه‌تی سلێمانی دا بۆ ڕوبه‌ڕوبونه‌وه‌ی كۆرۆنا و ده‌ڵێت" ئێمه‌ هه‌ندێ شوێنمان داخستوون بۆ ئه‌وه‌ی بتوانیین قه‌ڵه‌باڵغی و لۆد كه‌م بكه‌ینه‌وه‌، له‌ كافتریا و ڕیستۆرانته‌كان لایڤ میوزیك و نێرگه‌له‌مان قه‌ده‌غه‌ كرد، كۆمه‌ڵێ ئیجرائاتی ترمان كردوونه‌ته‌ به‌ر له‌وانه‌ داخستنی مه‌له‌وانگه‌كان و جێم سه‌نته‌ره‌كان و بۆنه‌ كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كانمان ڕاگرتوون.كۆمه‌ڵێك ڕێنماییمان ده‌ركردووه‌ بۆ سه‌لامه‌تی خواردن له‌ڕووی پاك وخاوێنی كه‌سێتی یه‌وه‌ كه‌ پێویسته‌ پابه‌ندبن به‌ به‌كارهێنانی كڵا و و ده‌ستكێش و ده‌مامك و هه‌موو مه‌وادی پاكه‌ره‌وه‌ دابنێن."

"دوو هه‌فته‌ی مه‌ترسیدار له‌به‌رده‌م هه‌رێمی كوردستانه‌ "

له‌شكر حه‌مید ئه‌وه‌ش ده‌ڵێت" داوا له‌ هاوڵاتیان ده‌كه‌ین ئه‌م دوو هه‌فته‌یه‌ خۆیان له‌ قه‌ڵه‌باڵغی به‌دوور بگرن ، ئه‌م دوو هه‌فته‌یه‌ هه‌ستیاره‌ بۆ دانیشتوانی پارێزگاری سلێمانی. له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئه‌و كه‌سانه‌ی له‌ ئێران گه‌ڕاونه‌ته‌وه‌، هه‌ندێكیان 14 ڕۆژه‌كه‌یان ته‌واو نه‌كردووه‌، ئێستا له‌ژێر چاودێرین له‌ كه‌ره‌نتینه‌كاندان له‌م دوو هه‌فته‌یه‌ ئه‌نجامیان ده‌رده‌كه‌وێت، خوانه‌خواسته‌ له‌واندا هه‌بێت یان ئه‌و كه‌سانه‌ی كه‌ به‌شێوه‌یه‌كی نایاسایی هاتوون بۆ هه‌رێمی كوردستان كه‌ نه‌براونه‌ته‌ شوێنه‌ ته‌ندروستیه‌كان پشكنینیان بۆ بكرێت، له‌به‌رئه‌وه‌ ئه‌م دوو هه‌فته‌یه‌ هه‌ستیاره‌ بۆ ته‌ندروستی."

سه‌رۆكی لیژنه‌ هاوبه‌شه‌كانی قایمقامیه‌تی سلێمانی دوپاتیكرده‌وه‌" ئه‌و مه‌ترسیه‌ كه‌ هه‌یه‌ بۆ هه‌موو هه‌رێمی كوردستانه‌، له‌ماوه‌ی ئه‌م دوو هه‌فته‌یه‌ به‌شێكی زۆری ئه‌وه‌ی مه‌ترسی هه‌بێت كه‌ ڤایڕه‌سه‌كه‌ی هه‌ڵگرتبێت ، ئه‌نجامه‌كه‌ی ده‌رده‌كه‌وێت."

"ئه‌و كه‌سانه‌ پێویست ناكات خۆیان بشارنه‌وه‌، به‌سه‌دان كه‌س له‌وانه‌ی به‌قاچاغ هاتونه‌وه‌ به‌هاوكاری ئاسایش بردومانن بۆ كه‌ره‌نتینه‌ "


له‌شكر حه‌مید له‌ درێژه‌ی وتووێژه‌كه‌ی به‌شی كوردی ده‌نگی ئه‌مریكا-دا وتی" ئێمه‌ به‌هاوكاری به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی ئاسایشی سلێمانی و لایه‌نه‌په‌یوه‌ندیداره‌كانی سنوری پارێزگاری سلێمانی، ئه‌و كه‌سانه‌ی كه‌ به‌قاچاغ هاتوونه‌ته‌وه‌ له‌ڕێگه‌ی هاوڵاتیانه‌وه‌ ئاگادار ده‌كرێینه‌وه‌، ئێمه‌ سه‌ردانی ئه‌و شوێنه‌ ده‌كه‌ین ئه‌گه‌ر ئه‌و كه‌سه‌ به‌شێوازێكی نایاسایی هاتبێته‌وه‌، به‌دڵنیاییه‌وه‌ ده‌یبه‌ین بۆ كه‌ره‌نتینه‌، ئه‌و كه‌سانه‌ پێویست ناكات خۆیان بشارنه‌وه‌ هیچ كارێكی یاساییان له‌گه‌ڵ ناكرێت، ته‌نها مه‌به‌ست ئه‌وه‌یه‌ له‌ڕووی ته‌ندروستیانه‌وه‌ دڵنیا بین."

به‌سه‌دان كه‌س به‌هاوكاری ئاسایشی سلێمانی و لایه‌نه‌په‌یوه‌ندیداره‌كان خراونه‌ته‌ ژێر چاودێریه‌وه‌، لێره‌شه‌وه‌ له‌ڕێگه‌ی به‌ڕێزتانه‌وه‌ داوا له‌و كه‌سانه‌ ده‌كه‌ین كه‌ تا ئێستا سه‌ردانی شوێنه‌ ته‌ندروستییه‌كانیان نه‌كردووه‌، له‌به‌ر به‌رژه‌وه‌ندی خۆیان و ته‌ندروستی هاوڵاتیان سه‌ردانی بنكه‌ ته‌ندروستیه‌كان بكه‌ن به‌ مه‌به‌ستی پشكنینیان و ئه‌گه‌ر پێویست بكات كه‌ره‌نتینه‌ بكرێن، كه‌ ئه‌مه‌ كاریگه‌ری هه‌یه‌ بۆ سه‌ر ئاسایشی ته‌ندروستی بۆیه‌ داوایان لێ ده‌كه‌ین چونكه‌ له‌پێش هه‌موویانه‌وه‌ له‌به‌رژه‌وه‌ندی خۆیانه‌."

"چۆنیه‌تی هێنانی كه‌لوپه‌ل له‌ ئێرانه‌وه‌ "


له‌شكر حه‌مید ئه‌وه‌شی وت" واقعی هه‌رێمی كوردستان وایه‌ ناتوانرێت سنوره‌كان دابخرێن له‌به‌رئه‌وه‌ی كاریگه‌ری خراپ ده‌كاته‌ سه‌ر پێداویستی هاوڵاتیانی هه‌رێمی كوردستان، بۆیه‌ ڕێوشوێنی پێویست دانراوه‌، ئه‌و كه‌سانه‌ی كه‌ سه‌ردان ده‌كه‌ن ڕاسته‌خۆ له‌ژێر چاودێری مه‌رزه‌كاندان له‌دوای ئه‌وه‌ی له‌لایه‌ن تیمی ته‌ندروستیه‌وه‌ پشكنینیان بۆ ده‌كرێت، ئه‌و ڤایڕه‌سه‌ ماوه‌یه‌كی كه‌م به‌ كه‌لوپه‌له‌وه‌ ده‌مێنێته‌وه‌، له‌ ژێرچاودێری هێزه‌كانی ئاسایش و پۆلیس و پۆلیسی هاتوچۆ دێنه‌ ناو گه‌نجینه‌كانه‌وه‌ و چاودێری ده‌كرێن تا ماوه‌ی 24 كاتژمێر، دوای داگرتنی باره‌كان ئینجا به‌ سه‌یاره‌ی عێراقی دێت پاشان ڕێگه‌ ئه‌درێت بچێته‌ بازاڕه‌وه، هه‌ندێ پێداویستی تریش هه‌یه‌ به‌ چاودێری وورد ده‌كرێنه‌ ناو كۆگاكانه‌وه‌ و ئه‌و كه‌سانه‌ی كه‌ شۆفێرن ناهێڵن بێنه‌ ناو هاوڵاتیانی هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌."

"له‌وانه‌یه‌ ته‌شه‌نه‌ بسێنێت و له‌ژێر كۆنترۆڵ ده‌ربچێت "


سه‌رۆكی لیژنه‌ هاوبه‌شه‌كانی قایمقامیه‌تی سلێمانی جه‌ختی له‌وه‌كرده‌وه‌" ئه‌م نه‌خۆشیه‌ كه‌ هۆشداریه‌ك هه‌بێ، ئه‌وه‌نده‌ مه‌ترسیدار نیه‌ له‌سه‌ر ته‌ندروستی هاوڵاتیان به‌ڵام ئه‌گه‌ر به‌شێوازێكی ناته‌ندروست مامه‌ڵه‌ بكرێت ئه‌وا كاریگه‌ری سلبی ده‌بێ له‌سه‌ر ته‌ندروستی هاوڵاتیان."

هه‌روه‌ها وتی" داوا ده‌كه‌ین له‌و كه‌سانه‌ی كه‌ هاتونه‌ته‌وه‌ بۆ هه‌رێمی كوردستان به‌شێوازی نایاسایی، سه‌ردانی تیمه‌ ته‌ندروستتیه‌كان بكه‌ن هه‌م پشكنینیان بۆ بكرێ هه‌م ماوه‌ی 14 ڕۆژ كه‌ره‌نتینه‌ بكرێن بۆ ئه‌وه‌ی بتوانیین ته‌ندروستی هاوڵاتیانی تر بپارێزین."

ڕاشیگه‌یاند: داوا له‌ هاوڵاتیان ده‌كه‌ین سه‌ردانی شوێنه‌ گشتیه‌كان نه‌كه‌ن بۆ كاری پێویست نه‌بێت ئه‌گه‌ر ئه‌مانه‌ نه‌كرێت، ڤایڕه‌سه‌كه‌ به‌ته‌واوه‌تی ته‌شه‌نه‌ ده‌سه‌نێت و ڕه‌نگه‌ "خوانه‌خواسته‌" ئه‌و كاته‌ له‌وانه‌یه‌ له‌ژێر كۆنتڕۆڵ ده‌ربچێت."

please wait

No media source currently available

0:00 0:11:19 0:00


XS
SM
MD
LG