Accessibility links

تەندروستی هەرێم: زیاتر لە 500 کەس لەئێرانەوە گەڕاونەتەوە خۆیان رادەست نەکردووە بۆیه‌ زۆر جێی مەترسین


لۆگۆی وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان
لۆگۆی وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان

د. محه‌مه‌د خۆشناو وتەبێژی فەرمی وەزارەتی تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەبارەی ئامارەکانی نەخۆشی کۆرۆنا و گومانلێکراوان دەڵێت" دواترین داتا لەسەر ژمارەی کەرەنتین کراوە و کەم بۆتەوە بۆ 2117 کەس، چونکە 526 کەس دەرچوون لە کەرەنتینەکاندا دوای ئەوەی پشکنینیان خاوێن دەرچوون، وە کۆمەڵێک ڕێنمایی تەندروستی تریان پێدرا، وە کارتێکیشیان پێدراوە کە ئەمانە کەرەنتین کراون. 22 کەسی نوێ هەر ئەمڕۆ کەرەنتین کراون، شوێنەکانی کەرەنتین 30 شوێنە لە کوردستان، بۆ ئەمڕۆ 9 کەسی گومان لێکراو هەبوو."

د.محەمەد خۆشناو ئەوەشی وت" تائێستا 8 حاڵەتەکەی سلێمانیمان هەیە، جگە لەو مامۆستا ئاینییەی کە وەفاتی کرد، 7 کەسی تر دۆخی تەندروستیان جێگیرە، تەنها لەژێر چاودێری پشکنیندا دەمێننەوە. وتیشی" توشبوونی ئەو مامۆستا ئاینیـیە پشتڕاستکراوەتەوە. توشبوون بە کۆرۆنا بۆ ئەو کەسانەی کە بە تەمەنن و نەخۆشی درێژخایەنیان هەیە، مەترسی ژیانیان زۆر لەسەرە. هەر لە هەمان خێزانی ئەو مامۆستا بەڕێزە 2 کەس دیکەش پشتڕاستکراوەتەوە کە ئەوانیش هەڵگری ئەو ڤایرۆسەن، ئێمە ناتوانین بیسەلمێنین کە ئەو مامۆستایە سەردانی وڵاتی ئێرانی کردووە. بۆیە ئەمەش ڕێکارە تەندروستیەکان بۆ ئێمە توندتر دەکات."

"زیاتر له‌ 500كه‌س به‌قاچاغی له‌ئێران گه‌ڕاونه‌ته‌وه‌ و نه‌هاتوون پشكنینیان بۆ بكه‌ین"

وتەبێژی فەرمی وەزارەتی تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان له‌ درێژه‌ی وتووێژه‌كه‌یدا له‌گه‌ڵ به‌شی كوردی ده‌نگی ئه‌مریكا ئاماژەی بە ژمارەی ئەو کەسانە کرد کە لە ئێران گەڕاونەتەوە ناو هەرێمی کوردستان بێ پشکنین و خۆیان حەشارداوە، لەو ڕوەوە دەڵێت" بەپێی ئەو داتایانە ژمارەی ئەو کەسانە لە 500 کەس تێپەڕیکردووە، بەداخەوە ژمارەیەکی زۆر لەناو کۆمەڵگەدا دەسوڕێنەوە کە ئێمە بە مەترسی ئەیانبینین لەسەر کۆمەڵگە."

"ڕەنگە کارەسات ڕووبدات "

"بە ڕاشکاوی کە کەسێک لە ناوچەیەک گەڕابێتەوە کە پەتای تێدا بڵاوبووبێتەوە و پشکنینی بۆ نەکرابێ، ئەوا بە مەترسی دادەنرێت بۆ کۆمەڵگە، وە ئێمە وا هەڵسوکەوت دەکەین کە ئەو کەسە هەڵگری ئەو ڤایرۆسەیە تاوەکو دەگاتە لای ئێمە. ئەوەی پێمان کراوە ، داخستنی هەموو شوێنە گشتیەکانە، کۆبوونەوە سیاسی و تەنانەت کۆبوونەوە زانستیەکانیش هەروەها داخستنی مزگەوت و شوێنە ئاینیـیەکانە بۆ ئەوەی کەمترین بەرکەوتن هەبێت. وە ئەم دوو هەفتەیە ئێمە چاوەڕوانی ئەوە دەکەین ئەگەر ئەو کەسانە خۆیان لەگەڵ وەزارەتی تەندروستی هاوکار نەبن هەڵگری ئەو ڤایرۆسە بن ئەوا کارەسات ڕوودەدات." د.محه‌مه‌د خۆشناو وای وت"

ڕاشیگەیاند" بە شێوەیەکی گشتی ئەگەر تێکڕا وەربگیرێت کەسی توش بوو بە ڤایڕەسی کۆرۆنا دەکرێت 3 بۆ 4 کەسی دیکە توش بکات، واتە ئەو کەسانەی خۆیان حەشارداوە هەمان مەترسیان هەیە."

" مه‌ترسی ئه‌و كه‌سانه‌مان بۆ حكومه‌ت ئاشكراكردووه‌ "

د. محەمەد خۆشناو ئەوەشی وت" ئێمە مەترسی ئەو کەسانەمان ئاشکراکردووە بۆ حکومەت و لە کۆبوونەوەی لیژنەی باڵای ڕووبەڕووبوونەوەی پەتای کۆرۆنا هەمیشە ئەو حاڵە باس دەکرێتەوە، وە هەموو هاوڵاتیانیش ئاگادار کراونەتەوە بۆ ئەوەی وەکو چاوی ئێمە ئەو کەسانە ببینن و ئاگادارمان بکەنەوە، بەڵام شتێک نیە لە ١٠٠% کۆنترۆڵ بکرێت ئێمە زۆر بە مەترسی ئەبینین، داواکاریمان لەو کەسانە هەیە (کە بە قاچاخ لە ئێران گەڕاونەتەوە و خۆیان ڕادەست نەکردووە" کە هاوکاری خاو وخێزانی خۆیان بکەن وە دواچارەش ئەوەیە کە لانی کەم خۆیان لە ماڵەوە کەرەنتیین بکەن ئەگەر لەگەڵ ئێمە هاوکار نابن با بەرکەوتنیان لەگەڵ ئەندامانی خێزانەکانیان سنوردار بکەن و هیچ کەسێک نەبینن تا ئەو دوو هەفتەیە تێدەپەڕێت."

داوامان پێشکەش بە ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی کردووە بەڵام تا ئێستا بە فەرمی وەڵامی داواکانمانیان نەداوەتەوە."

سەبارەت بە هاوکاری ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی و وڵاتانی دەرەوە بۆ هەرێمی کوردستان بە مەبەستی ڕوبەڕوبونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، د. محەمەد خۆشناو وتی" ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی هەر لەسەرەتای دروستبوونی لیژنەی باڵای ڕووبەڕووبوونەوەی پەتای کۆرۆناوە بوونی هەیە ئەوان لە ڕێگەی ڕێنمایی و ڕێکارە زانستیـیەکان زۆر پاڵپشتی ئێمە دەکەن و دواترین زانیاریمان پێ دەدەن لە هەڵمەتی وشیاری تەندروستیش هاوکارمان بوون و ڕاهێنانیان بۆ کردینەوە."

وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان وتیشی" سەبارەت بە داوودەرمان، داوامان پێشکەش بە ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی کردووە بەڵام تا ئێستا بە فەرمی وەڵامی داواکانمانیان نەداوەتەوە. لەگەڵ ئەوەی هەندێک پێداویستیمان بۆ دابینکراوە لە هەندێک شوێنی دیکە لەوانە لەلایەن باڵیۆزی چینەوە بڕێک لەو کەلوپەلانەیان بۆ دابینکردووین، هەروەها وەزیری تەندروستی کۆبوونەوەی کردووە لەگەڵ باڵیۆزەکان و چەند ڕێکخراوێکی نێودەوڵەتی باسی هەلومەرج و باری ئێستای کۆرۆنایان بۆ باسکراوە بۆ ئەوەی وەزارەتی تەندروستی بە هاوکاری ئەوان بتوانێت ڕووبەڕووی ئەو پەتایە ببێتەوە."

" ئه‌گه‌ر هاتوو ترسناكیه‌كه‌ به‌رزتر بێته‌وه‌ یاخود بزانیین ئه‌و ڕێكارانه‌ی گرتوومانه‌ حاڵه‌ته‌كه‌ كۆنتڕۆڵ ناكات، دوای ئه‌وه‌ ده‌توانیین باری له‌ناكاو ڕابگه‌نیین ئه‌گه‌ر پێویست بكات ده‌وام به‌یه‌كجاری ڕا ده‌گرین"

د. محەمەد خۆشناو سەبارەت بە ئەگەری ڕاگه‌یاندنی حاڵەتی لە ناکاو لە هەرێمی کوردستان بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە دەڵێت" لەبەر ئەوەی حاڵەتەکان 8 کەسن لە ئێستادا باوەڕناکەم پێویست بە حاڵەتی لەناکاو ڕابگەیەنیین بەڵام ئەگەر هاتوو ترسناکیەکە بەرزتر بێتەوە یاخود بزانیین ئەو ڕێکارانەی گرتوومانە حاڵەتەکە کۆنتڕۆڵ ناکات، دوای ئەوە دەتوانیین باری لەناکاو ڕابگەنیین ئەگەر پێویست بکات دەوام بەیەکجاری ڕادەگرین."

خۆشناو ئەوەشی ڕوونکردەوە" بە شێوەیەکی گشتی لێکۆڵینەوە زانستیەکان پێمان دەڵێن لەگەڵ بەرزبوونەوەی پلەی گەرما و بە شێوەیەکی سەرەکی دوای تێپەڕبوونی مانگی 3 توندی ئەم پەتایە کەم دەبێتەوە و دەتوانرێت باش کۆنتڕۆڵ بکرێت ئەگەر بێتو ئەم جۆرە ڤایرەسە هیچ جۆرە گۆڕانکاریەکی بۆماوەیی بەسەر نەیەت ، بۆ ئەوە هیوایەک هەیە، بەڵام پێویستە وا هەڵسوکەوت بکەین ئەم پەتایە بە خۆپارێزی نەبێ لەناوناچێت."

please wait

No media source currently available

0:00 0:10:36 0:00


XS
SM
MD
LG