Accessibility links

لیوا حه‌سه‌ن نوری: هەر کەسێک خەڵک بە قاچاخ لە ئێرانەوە بهێنێته‌وه‌ دەستگیردەکرێت


لیوا حه‌سه‌ن نوری به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی ئاسایشی سلێمانی/ وێنه‌ی ئه‌رشیف

لیوا حه‌سه‌ن نوری به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی ئاسایشی سلێمانی ده‌ڵێت" ئه‌و كه‌سانه‌ی به‌ قاچاغ خه‌ڵكیان له‌ ئێرانه‌وه‌ گه‌ڕاندۆته‌وه‌ هه‌رێمی كوردستان به‌فه‌رمانی دادوه‌ر خۆیان ده‌ستگیركراون و وه‌ ده‌ستگیراوه‌ به‌سه‌ر ئۆتۆمبێله‌كانیاندا، ده‌شڵێت" ڕۆشنبیریه‌كی باش له‌ناو خه‌ڵكدا بۆ ڕوبه‌ڕوبونه‌وه‌ی ڤایرۆسی كۆرۆنا هه‌یه‌ به‌جۆرێك چه‌ندین خه‌ڵك به‌نهێنی په‌یوه‌ندیمان پێوه‌ده‌كه‌ن زانیاری وردمان ده‌ده‌نێ له‌سه‌ر كه‌سوكاری نزیكی خۆیان كه‌ به‌قاچاغی له‌ ئێران گه‌ڕاونه‌ته‌وه‌ و نه‌چونه‌ته‌ كه‌ره‌نتینه‌، هه‌وه‌ها ڕاشیگه‌یاند: سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی ناوی ئه‌و كه‌سانه‌مان هه‌موی به‌ لیست بڵاوكرده‌وه‌ به‌نیازی هه‌ڵمه‌تی ده‌ستگیركردنیانین."

" دره‌نگ وه‌خت "ڕێ و شوێنه‌كان گیرانه‌به‌ر "

به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی ئاسایشی سلێمانی له‌سه‌ره‌تای وتووێژه‌كه‌ی ده‌نگی ئه‌مریكا وتی"به‌داخه‌وه‌ ،ئه‌و دۆخه‌ی له‌ودیو سنوره‌وه‌ ڕویدابوو، دره‌نگ وه‌خت "ڕێ و شوێنه‌كان گیرانه‌به‌ر بۆ ڕێگری گرتن له‌و هاوڵاتیه‌ عێراقیانه‌ی كه‌ چوونه‌ته‌ ناو ئێرانه‌وه‌ ده‌گه‌ڕێنه‌وه‌، دره‌نگ بێزانرا، دواتر ده‌ستبه‌جێ حكومه‌تی هه‌رێم بڕیاریدا، به‌تایبه‌تی له‌شاری سلێمانی لیژنه‌ باڵاكان كۆبوونه‌وه‌یان كرد به‌سه‌رپه‌رشتی پارێزگاری سلێمانی بۆ ئه‌وه‌ی كه‌ ڕێگری بكرێت له‌وانه‌ی كه‌ دێنه‌وه‌، تا كه‌ره‌نتینه‌ بكرێن، وه‌ به‌ته‌واوه‌تی ئه‌وه‌ی كه‌ په‌یوه‌ندی به‌ئێمه‌وه‌ بوو خاڵی سنوری باشماخ بوو له‌وێ هه‌ر له‌ساتی یه‌كه‌مه‌وه‌، ڕێ و شوێنی پێویست گیرایه‌به‌ر، ئه‌وانه‌ی گه‌ڕانه‌وه‌ له‌ ئێران له‌ڕێگای ئه‌و خاڵه‌ سنوریه‌وه‌(باشماخ) هێنرانه‌ سلێمانی و شوێنیان بۆ دابین كراو كه‌ره‌نتینه‌ كران ،هه‌تا شوێن دابین كرا و ئوتێل دابین كرا و ئیتر له‌ ئوتێله‌كان زیاتر دانران و ئێستاش به‌رده‌وامه‌ ئه‌و حاڵه‌ته‌ كه‌ ئه‌وانه‌كه‌ره‌نتینه‌ ئه‌كرێن."

لیوا حه‌سه‌ن نوری له‌باره‌ی ئه‌وه‌ی بۆچی كۆرۆنا له‌ئێرانه‌وه‌ گواسترایه‌وه‌ سلێمانی و له‌وێ حاڵه‌ته‌كان ڕوویانداوه‌، ئاماژه‌ی به‌وه‌كرد" خۆی زیاتر خه‌ڵكه‌كه‌ له‌ سنوری باشماخه‌وه‌ ده‌هاتنه‌وه‌، سنوره‌كانی تر ڕێگه‌ نه‌بوو به‌فرو باران و سه‌رما بوو، زۆربه‌ی لێره‌وه‌ ڕۆیشتبوون و لێره‌شه‌وه‌ ده‌گه‌ڕانه‌وه‌، به‌ڵام ئه‌وه‌ی كه‌ جێگه‌ی داخه‌ له‌ خاڵی سنوری مونزریه‌ كه‌ سنوری هه‌رێم نیه‌ له‌وێوه‌ ده‌رگا واڵا بوو یه‌ك كه‌س كه‌ره‌نتینه‌ نه‌كرا، رٍێی لێنه‌گیرا ئه‌وانه‌شی كه‌ ده‌یانویست له‌باشماخه‌وه‌ بێنه‌وه‌، زۆربه‌یان له‌ولاوه‌ ده‌ڕۆیشتن و ده‌هاتنه‌وه‌ له‌ دووه‌م ڕۆژ و سێهه‌م ڕۆژ و چواره‌م ڕۆژ ئیتر پێیان زانی."

هاوكات ئه‌وه‌شی وت" به‌ڵام ده‌نگۆی ئه‌وه‌ی كه‌ "مه‌سئول" هاتبێته‌ سه‌ر خه‌ت و "واسته‌ی" كردبێ و خه‌ڵكی هێنابێته‌ ده‌ره‌وه‌له‌ كه‌ره‌نتینه‌ ئه‌وه‌ بێگومان دڵنیا به‌ كه‌ هێزه‌كانی ئاسایش و پۆلیس پارێزگاری ئه‌و شوێنانه‌ ده‌كه‌ن كه‌ كه‌ره‌نتینه‌ی لێكراوه‌. نه‌ له‌ده‌سه‌ڵاتی ئاسایشه‌، وه‌ نه‌ له‌ده‌سه‌ڵاتی پۆلیسه‌ خه‌ڵك بهێنێته‌ ده‌ره‌وه‌ له‌به‌ر ئه‌وه‌ تا ئێستا یه‌ك حاڵه‌ت نیه‌ هێنرابێته‌ ده‌ره‌وه‌ و برابێته‌وه‌ بۆ ماڵه‌وه‌.به‌ڵام به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی ته‌ندروستی خۆیان ئه‌وه‌یان كراوه‌ كه‌ كه‌سێك پشكنینی بۆ كراوه‌ به‌ ته‌نها له‌ماڵه‌كه‌ی خۆیدا ماوه‌ته‌وه‌ دوای ئه‌وه‌ی چوارده‌ ڕۆژه‌كه‌ی خۆی ته‌واو ده‌كات."


به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی ئاسایشی سلێمانی جه‌ختیكرده‌وه‌ ئاسایشی سلێمانی ناوی هه‌موو ئه‌و كه‌سانه‌ی لایه‌ كه‌له‌ خاڵی سنوری "مونزریه‌" له‌ئێران گه‌ڕاونه‌ته‌وه‌ به‌ڕێگای قاچاخ، ڕاشیگه‌یاند" به‌ڵێ ناوی هه‌موو ئه‌و كه‌سانه‌مان به‌ لیست لا هه‌یه‌ ئێمه‌ هه‌ماهه‌نگیمان كردووه‌، ئه‌و لیستانه‌ی "مونزریه‌" هه‌موویان گه‌یشتۆته‌ ده‌ستمان وه‌ بڵاویش كراونه‌ته‌وه‌، به‌ڵام خه‌ڵكێكیش هه‌ن ڕۆژانه‌ دێن بۆ ته‌ندروستی بۆ پشكنین ئه‌وانه‌ی له‌ خاڵی سنوری باشماخه‌وه‌ نه‌هاتونه‌ته‌وه‌ بێگومان تاك و ته‌راش هه‌یه‌ ڕه‌نگه‌ خۆی شاردبێته‌وه‌."

لیوا حه‌سه‌ن نوری ڕه‌تیكرده‌وه‌ ژماره‌ی ئه‌و كه‌سانه‌ی به‌ قاچاغی له‌ ئێرانه‌وه‌ هاتونه‌ته‌وه‌ ڕابگه‌یه‌نێت، به‌ڵام دوپاتیكرده‌وه‌" ناتوانم ژماره‌ بڵێم به‌ڵام ئێمه‌ كێشه‌مان مه‌رزی مونزریه‌."


" هه‌ڵمه‌تی ده‌ستگیركردنی قاچاغچیه‌كان-مان ده‌ستپێكردووه‌"

به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی ئاسایشی سلێمانی وتیشی" ئێمه‌ پێشتریش هه‌ڵمه‌تی ده‌ستگیركردنی قاچاغچیه‌كانمان ده‌ست پێكردبوو چونكه‌ ئه‌مانه‌ ده‌چن نه‌فه‌ر به‌قاچاغ له‌ ئێران ده‌هێنن به‌ خۆیان و ئوتومبیله‌كانیان ده‌ستگیرمان كردوون و هه‌ركه‌سه‌ ئه‌و كاره‌ بكات ئێمه‌ ده‌ستگیری ده‌كه‌ین به‌بڕیاری دادوه‌ر."

" خه‌ڵك زۆر به‌وردی زانیاریمان پێده‌دات له‌سه‌ر ئه‌و كه‌سوكارانه‌ی خۆی به‌قاچاغی ده‌گه‌ڕێنه‌وه‌ له‌ ئێرانه‌وه‌ "


لیوا حه‌سه‌ن نوری باسی له‌هه‌ماهه‌نگی ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو" خه‌ڵك هه‌یه‌ زۆر به‌ وردی زانیاری ده‌دات كه‌ فڵانه‌ كه‌س هاتبێته‌وه‌ له‌ ئێران ڕه‌نگه‌ له‌مه‌رزێكی لاوه‌كیه‌وه‌ هاتبێته‌وه‌ وه‌ك ده‌زانرێت سنوری سلێمانی به‌ سنوری ئێرانه‌وه‌ سنورێكی به‌رفراوان و دوورو درێژی هه‌یه‌ كه‌ هێزه‌كانی پاسه‌وانی سنور و هێزه‌كانی پۆلیس هاوكاری باشن له‌گه‌ڵ هێزه‌كانی ئاسایشی ئه‌و قه‌زاو ناحیانه‌ هه‌ماهه‌نگی هه‌یه‌، ئێستا ده‌توانم بڵێم تاڕاده‌یه‌كی باش ئه‌و سنوره‌ بنه‌بڕكراوه‌ ، وه‌ به‌هه‌مان شێوه‌ش ده‌وڵه‌تی ئێران ڕێگه‌ نادات به‌ هاوڵاتی خۆی به‌قاچاغ بێته‌وه‌ ئێره‌ له‌م دۆخه‌یه‌، زۆر گرنگه‌ لێره‌ خه‌ڵك متمانه‌ی به‌ ده‌زگاكه‌ی خۆیان هه‌یه‌ و هاوكاریمان زۆر ده‌كه‌ن، وه‌ ده‌بێت وه‌زاره‌تی ڕۆشنبیری لێپَچینه‌وه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌و ده‌زگاو كه‌ناڵانه‌ بكه‌ن كه‌ هه‌واڵی ناڕاست بڵاو ده‌كه‌نه‌وه‌."

"هاتوچۆی هاوڵاتیان له‌نێوان هه‌رێم و ئێراندا وه‌ستاوه‌ "


لیوا حه‌سه‌ن نوری ده‌شڵێت" هیچ كه‌سێك لێره‌وه‌ ناچێته‌ ئێڕان، ئه‌وه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ له‌وێوه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ ته‌نها ده‌بێت له‌ مه‌رزه‌ ڕه‌سمیه‌كانه‌وه‌ بێته‌وه‌ كه‌ دێنه‌وه‌ به‌هه‌مان شێوه‌ ته‌ندروستی كۆیان ده‌كاته‌وه‌ و پشكنیانیان بۆ ده‌كه‌ن و ئه‌یانخانه‌ ناو ئۆتۆمبێل و به‌ پارێزگاری ئاسایش لێره‌ كه‌ره‌نتینه‌ ده‌كرێن."


وتیشی" داوا له‌ هاوڵاتیان ده‌كه‌م ئارامتر بن ئه‌مه‌ زۆر مه‌ترسیدار نیه‌ وه‌ هیچ خه‌ڵك نه‌ترسێ به‌ بۆچونی من ، ئه‌م حاڵه‌ته‌ هه‌یه‌ به‌ڵام ده‌بێت خۆمانی بۆ ئاماده‌ بكه‌ین له‌ڕووی نه‌فسیشه‌وه‌ ده‌بێت ئاماده‌ بین بۆ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی."


"زۆر ئاساییه‌ من بزانم حاڵه‌تێكم هه‌یه‌ بڕۆم بمخه‌نه‌ كه‌ره‌نتینه‌وه‌"

لیوا حه‌سه‌ن نوری ده‌شڵێت" ئه‌مه‌ یه‌كه‌م جاره‌ په‌تایه‌كی وا له‌هه‌موو جیهان بڵاو بێته‌وه‌ ڕه‌نگه‌ هه‌رێمی كوردستانیش ئه‌و ئه‌زموونه‌مان نه‌بێ به‌ڵام خه‌ریكه‌ دۆخه‌كه‌ به‌ئاراسته‌یه‌كی باشدا ده‌ڕوات و خۆیان كۆئه‌كه‌نه‌وه‌ و ده‌رمان ئه‌خه‌ن و ماس و كه‌له‌په‌ل په‌یدا ده‌كرێت."


لیوا حه‌سه‌ن نوری له‌كۆتایی وتووێژه‌كه‌دا وتی" زۆر ئاساییه‌ من بزانم حاڵه‌تێكم هه‌یه‌ بڕۆم بمخه‌نه‌ كه‌ره‌نتینه‌وه‌ دامبنێن بۆ ئه‌وه‌ی پشكنینی ته‌واوم بۆ بكه‌ن ئه‌گه‌ر ده‌ركه‌وت نه‌خۆشم با بمخه‌نه‌ سه‌ر ."قه‌ره‌وێڵه‌یه‌ك" "ئه‌جه‌ل به‌ده‌ست خوایه‌" من دڵنیام ئه‌مه‌ش ده‌ڕوات و تێی ده‌په‌ڕێنیین "انشاالله" دۆخه‌كه‌ باش ده‌بێت خوا بكات ئه‌م شاره‌ و شاره‌كانی تریش بپارێزێ و "انشاالله‌" به‌سه‌ر ئه‌چێ و نامێنێ."

please wait

No media source currently available

0:00 0:11:01 0:00


XS
SM
MD
LG