Accessibility links

خه‌سرۆ گۆران:له‌كوردستان فكره‌ی ئۆپۆزسیۆن بون نیه‌ هه‌مو لایه‌نه‌كان داوای به‌شداریكردن له حكومه‌ت ده‌كه‌ن به‌گۆڕان و كۆمه‌ڵی ئیسلامییشه‌وه‌


خه‌سرۆ گۆران ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی سه‌ركردایه‌تی پارتی دیموكراتی كوردستان و به‌رپرسی مه‌كته‌بی هه‌ڵبژاردن

له‌وتووێژێكی ژیار محه‌مه‌د له‌به‌شی كوردی ده‌نگی ئه‌مریكا له‌گه‌ڵ خه‌سرۆ گۆران ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی سه‌ركردایه‌تی پارتی دیموكراتی كوردستان و به‌رپرسی مه‌كته‌بی هه‌ڵبژاردنی ئه‌و حیزبه‌ ده‌ڵێت" كێشه‌ی هه‌ره‌ سه‌ره‌كی ئێستای نێوان پارتی و یه‌كێتی ئه‌وه‌یه‌ پارتی حكومه‌تی "فیفتی به‌ فیفتی" ( په‌نجا به‌ په‌نجا) ڕه‌تده‌كاته‌وه‌ به‌ڵام یه‌كێتی ئه‌و جۆره‌ حكومه‌ته‌ی ده‌وێت و ده‌یه‌وێت زۆرترین پۆست ببات كه‌ ئه‌مه‌ش جێگای قبوڵ نیه‌، چونكه‌ هه‌ر به‌ته‌نها یه‌كێتی له‌ " گۆڕێ" نیه‌ لایه‌نه‌كانی تریش هه‌ن وه‌ك گۆڕان و كۆمه‌ڵ و پێكهاته‌كانی تر، ده‌شڵێت" له‌ عیراق و كوردستان فكره‌ی ئۆپۆزسیۆن بوون نیه‌، هه‌موو لایه‌نه‌كان ده‌یانه‌وێت له‌حكومه‌ت به‌شدار بن و داوای به‌شداریكردن له حكومه‌ت ده‌كه‌ن به‌گۆڕان و كۆمه‌ڵی ئیسلامی-یشه‌وه‌، خه‌سرۆ گۆران ئه‌وه‌شی وت" پارتی به‌و پێیه‌ی زۆرینه‌ی هێناوه‌ ده‌یه‌وێت ئازاد بێت له‌وه‌ی (50+1) له‌گه‌ڵ كام لایه‌ن پێكدێت، چونكه‌ لای ئێمه‌ كه‌ ده‌ڵێین حكومه‌تی بنكه‌ فراوان مه‌رج نیه‌ هه‌موو لایه‌نه‌كان ده‌كرێت پارتی به‌ته‌نها له‌گه‌ڵ یه‌كێتی یاخود به‌ته‌نها له‌گه‌ڵ گۆڕان، یان به‌ته‌نها له‌گه‌ڵ یه‌كێتی و گۆڕان حكومه‌ت پێكبهێنێت، هاوكات ئه‌وه‌ش ناشارێته‌وه‌" پارتی نه‌رمی زۆری بۆ لایه‌نه‌كان به‌تایبه‌ت یه‌كێتی نواندووه‌، "به‌ڵام ئه‌مه‌ ئه‌وه‌ ناگه‌یه‌نێت كه‌ پارتی له‌ ئیستحقاقاتی خۆی تا كۆتایی هه‌ر سازش بكات، هه‌روه‌ها له‌باره‌ی دوو ئیداره‌یش وتی" پێش سه‌ركردایه‌تی ئه‌و دوو حیزبه‌ گۆڕان و حیزبه‌ بچوكه‌كانی تر دوو ئیداره‌یی ڕه‌تده‌كه‌نه‌و چونكه‌ زیانمه‌ندی یه‌كه‌م ئه‌و حیزبانه‌ ده‌بن و ئه‌وه‌نده‌ی تر بچوك ده‌بنه‌وه‌.(به‌ وته‌ی خه‌سرۆ گۆران).ته‌ئكیدیشیكرده‌وه‌" حكومه‌تێك له‌كوردستان بێ یه‌كێتی پێكبێت بێ كێشه‌ نابێت بۆیه‌ بونی یه‌كێتی له‌ناو حكومه‌ت شتێكی پێویسته‌."

وابڕیاربوو دوێنێ سێ شه‌ممه‌ هه‌ردوو مه‌كته‌بی سیاسی پارتی دیموكراتی كردستان و یكێتی نیشتمانی كوردستان به‌سه‌رۆكایه‌تی ( مه‌سعود بارزانی) كۆببنەوه‌، به‌ڵام كۆبونه‌وه‌كه‌ ئه‌نجام نه‌درا، خه‌سرۆ گۆران له‌سه‌ره‌تای وتووێژه‌كه‌ ئاماژه‌ی به‌ هۆكاری ئه‌نجامنه‌دانی كۆبونه‌وه‌كه‌ كرد و وتی" له‌سه‌ر داوای براده‌رانی یه‌كێتی بوو كه‌داوایان كرد كۆبونه‌وه‌كه‌ دوابخرێت، هۆکاری ئەنجامنەدانی کۆبونەوەکان کارێکی زۆر ئاساییە کە دواکەوتووە زۆر جاری تر بڕیار وابووە کۆبونەوە بکرێت نەکراوە جا لەبەر هۆکاری ئامادەنەبونی لایەنێک یاخود پێشهاتێکی بەپەلە هاتۆتە ئاراوە ئەو کۆبونەوانە ئەنجام نەدراوە، بەڵام کۆبونەوەکان هەر ئەنجام دەدرێت."

گۆران ڕەتیکردەوە گرژییەکانی نێوان پارتی و یەکێتی کە گەیشتۆتە ئاستی دەستگیرکردنی کادیرانی یەکتر لەسنوری دەسەڵاتەکانیان کاریگەری هەبێت لەسەر هۆکاری دواخستنی گفتوگۆکان و پێکهێنانی حکومەتی نوێی هەرێم لەو ڕوەوە وتی" بڕواناکەم هیچ کاریگەریەکی هەبێت ناکۆکی و بۆچونی جیاواز هەمیشە هەبووە لەنێوان پارتی و یەکێتی لەکۆنەوە، گرتنی کادیری پارتی و یەکێتی لەسەر هۆکاری تر ئاساییە بەڵام لەسەر هۆکاری ئەندام بونی لە پارتی یا یەکێتی قابیلی قبوڵ نیە، من بڕواناکەم گرتنی ئەو کادیرانە کاریگەری هەبێت لەسەر پێکنەهێنانی حکومەت، چونکە کێشەکە و هۆکارەکە پێش گرتنی ئەو کادیرانەیە."

ئه‌و ئه‌ندامه‌ی ئه‌نجومه‌نی سه‌ركردایه‌تی پارتی دیموكراتی كوردستان هۆكاری كێشه‌كانی نێوان ئه‌و دوو حیزبه‌ی ڕونكرده‌وه‌ و وتی" كێشه‌كه‌ قوڵه‌ و كۆنه‌، ئێستا له‌ كوردستان پارتی كه‌ زۆرینه‌ی ده‌نگه‌كانی هێناوه‌ له‌پڕۆسه‌ی دیموكراسیدا واده‌خوازێت كه‌ پارتی ئازاد بێت له‌وه‌ی ئه‌و ( 50+1 ) چۆن مسۆگه‌ر ده‌كات له‌په‌رله‌مان؟ له‌گه‌ڵ گۆڕان یا یه‌كێتی یا چ لایه‌نێك ڕێك ده‌كه‌وێت، هه‌روه‌ك له‌سوید له‌ هه‌مان مانگ كه‌ هه‌ڵبژاردن له‌كوردستان كرا هه‌ڵبژاردنیش له‌وێ كرا پارتی سۆسیال دیموكرات له‌ 28% ی ده‌نگه‌كانی هێنا به‌ڵام ئه‌و حیزبه‌ ڕاسپێرا بۆ پێكهێنانی حكومه‌ت چونكه‌ هیچ حیزبێكی تر له‌و زۆرتری نه‌هێنابوو، له‌كوردستانی ئێمه‌ش, پارتی كه‌ له‌ 45% ی ده‌نگه‌كانی هێناوه‌ پارتی ڕاده‌سپێردرێت بۆ پێكهێنانی حكومه‌ت ئیتر پارتی ئازاده‌ له‌گه‌ل كام لایه‌ن ڕێكده‌كه‌وێت."

به‌ڵام ئایا دۆخی كوردستان و پارته‌ سیاسیه‌كان وه‌ك سوید وایه‌؟

خه‌سرۆ گۆران به‌م شێوه‌یه‌ وه‌ڵامی دایه‌وه‌ و وتی" من ناڵێم كوردستان سویده‌ ئه‌ی كه‌وایه‌ بۆ هه‌ڵبژاردن بكه‌ین؟ بۆ ملیۆنه‌ها دۆلار سه‌رف بكه‌ین؟ خه‌ڵك ماندوو بكه‌ین؟ بچن بۆ ده‌نگدان ؟ با كه‌وایه‌ هه‌ر "فیفتی به‌ فیفتی" له‌ نێوان پارتی و یه‌كێتی پۆسته‌كان دابه‌ش بكه‌ین!"

ئاشكراشیكرد كێشه‌ی سه‌ره‌كی ئێستای نێوان پارتی و یه‌كێتی له‌ پێكهێنانی حكومه‌تی هه‌رمێدا ئه‌وه‌یه‌ پارتی نایه‌وێت بگه‌ڕێته‌وه‌ بۆ سیستمی په‌نجا به‌ په‌نجای دابه‌ش كردنی ده‌سه‌ڵاته‌كان به‌ڵام یه‌كێتی په‌نجا به‌ په‌نجای ده‌وێت، له‌كاتێكدا ئه‌گه‌ر بێینه‌ سه‌ر حه‌قیقه‌ت ده‌بوو پارتی به‌ته‌نها له‌( 50%)ی ده‌سه‌ڵات و پۆسته‌كانی پێ بدرێت حیزبه‌كانی تر پێكه‌وه‌ هه‌مویان له‌ (50%)، به‌ڵام یه‌كێتی ده‌یه‌وێت زۆرترین پۆستی هه‌بێت كه‌ ئه‌مه‌ جێی قبوڵ نیه‌ چونكه‌ هه‌ر به‌ته‌نها یه‌كێتی له‌" گۆڕێ" نیه‌، حیزبه‌كانی تریش هه‌ن ئه‌وه‌ گۆڕان لایه‌نه‌كانی تر و پێكهاته‌كانی تریش هه‌ن."

خه‌سرۆ گۆران ئه‌وه‌شی وت" له‌ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و كوردستان-یش به‌داخه‌وه‌ به‌و جۆره‌یه‌ كه‌ ئه‌وه‌ نیه‌ حیزبی براوه‌ بچێت حكومه‌ت پێكبهێنێت و ئه‌وانی تر ببنه‌ ئۆپۆزسیۆن له‌ عیراق و كوردستان بیرۆكه‌ی ئۆپۆزسیۆن بوون نیه‌، لێره‌ هه‌موو حیزبه‌كان ده‌یانه‌وێت به‌شداری حكومه‌ت بكه‌ن، باشه‌ كه‌وایه‌ با هه‌ریه‌كه‌ به‌پێی ئیستحقاقی خۆی به‌شداری له‌حكومه‌تدا بابكات."

هه‌روه‌ها جه‌ختی كرده‌وه‌" گۆڕانیش و كۆمه‌ڵس ده‌یانه‌وێت به‌شداری له‌حكومه‌تدا بكه‌ن، وتیشی" ئه‌گه‌رچی كۆمه‌ڵ ده‌ڵێت جار بڕیاری خۆم نه‌داوه‌ و چاوه‌ڕێی لایه‌نی پێكهێنه‌ری حكومه‌تین به‌ڵام نه‌گۆڕان و نه‌كۆمه‌ڵ نه‌یانوتووه‌ به‌شداری له‌حكومه‌تدا ناكه‌ین و خۆیان داوایان كردووه‌ به‌شداری بكه‌ن.، به‌ڵام سیستمی دیموكراسیش وایه‌ ده‌بێت پارتی كه‌ زۆرینه‌ی ده‌نگه‌كانی هێناوه‌ ئازاد بێت له‌وه‌ی (50+1)ی ناو په‌رله‌مان له‌گه‌ڵ كام لایه‌ن و پێكهاته‌ ته‌واو ده‌كات بۆ پێكهێنانی حكومه‌ت."

خه‌سرۆ گۆران ئه‌وه‌شی وت" پارتی پێی باشه‌ له‌به‌ر به‌رژه‌وه‌ندی كوردستان یه‌كێتی به‌شداری له‌حكومه‌تدا بكات، له‌م قۆناغه‌دا بونی یه‌كێتی له‌ حكومه‌تدا گرنگه‌ نه‌ك ببێته‌ ئۆپۆزسیۆن ، هاوكات ئه‌وه‌شی نه‌شارده‌وه‌ كه‌ ئه‌گه‌ر حكومه‌تێك به‌بێ یه‌كێتی پێكبێت به‌ بێ كێشه‌ نابێت بۆیه‌ به‌شداریكردن له‌حكومه‌تی یه‌كێتی شتێكی پێویسته‌."

ده‌رباره‌ی ئه‌وه‌ی پارتی چ سازشێك ده‌كات بۆ ئه‌وه‌ی یه‌كێتی به‌شداری له‌حكومه‌تدا بكات و بژارده‌ی ئۆپۆزسیۆن بوون هه‌ڵنه‌بژێرێت هه‌روه‌ك قسه‌كانی پێشوتری فه‌رید ئه‌سه‌سه‌رد له‌ده‌نگی ئه‌مریكا؟

خه‌سرۆ گۆران وتی" هه‌روه‌ك (2013) لایه‌نه‌كان سه‌رپشك ده‌كرێن له‌ پۆسته‌كان، بۆ نمونه‌ وه‌ك ئه‌وه‌ی پارتی پۆستی سه‌رۆكی حكومه‌ت ده‌بات دوای پارتی یه‌كێتی سه‌رپشك ده‌كرێت دواتر گۆڕان وه‌ دواتر لایه‌نه‌كانی تر هه‌ریه‌كه‌یان به‌پێی ئیستحقاقی خۆیان."

ده‌رباره‌ی خواستی پارتی دیموكراتی كوردستان، خه‌سرۆ گۆران وتی" پارتی ده‌یه‌وێت هه‌ر لایه‌نێك به‌ پێی ئیستحقاقی خۆی له‌ حكومه‌ت به‌شدار بێت، وه‌ پارتی ئازاد بێت له‌وه‌ی زۆرینه‌ی په‌رله‌مان له‌گه‌ڵ كێ پێكدهێنێت، كه‌ ده‌ڵێین حكومه‌تی بنكه‌ فراوان مه‌رج نیه‌ هه‌موو لایه‌نه‌كان ده‌كرێت پارتی به‌ته‌نها له‌گه‌ڵ یه‌كێتی یاخود به‌ته‌نها له‌گه‌ڵ گۆڕان، یان به‌ته‌نها له‌گه‌ڵ یه‌كێتی و گۆڕان حكومه‌ت پێكبهێنێت."

سه‌باره‌ت به‌ ده‌نگۆ و مه‌ترسی سه‌رهه‌ڵدانی دوو ئیداره‌یی له‌هه‌رێمی كوردستان خه‌سرۆ گۆران ڕایگه‌یاند" له‌ناو سه‌ركردایه‌تی هه‌ردوو حیزب پارتی و یه‌كێتی زۆرینه‌ی ڕه‌هایی سه‌ركردایه‌تی و قاعیده‌یان دوو ئیداره‌یی ڕه‌تده‌كه‌نه‌وه‌ و دژی دوو ئیداره‌ین، به‌ (ئینتیحار)ی ده‌زانن، و گۆڕان و حیزبه‌ بچوكه‌كانیش به‌ ڕه‌هایی دژی دوو ئیداره‌ین چونكه‌ ئه‌وه‌نده‌ی تر ئه‌و حیزبانه‌ بچوك ده‌بنه‌وه‌."

ده‌رباره‌ی ئه‌وه‌ی پارتی چ سازشێكی كردووه‌ بۆ ڕازیكردنی لایه‌نه‌كان به‌تایبه‌ت یه‌كێتی؟ ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی سه‌ركردایه‌تی پارتی دیموكراتی كوردستان خه‌سرۆ گۆران وتی" پارتی له‌پێناو به‌رژه‌وه‌ندی كوردستان و هه‌رچی هاتنه‌ كایه‌ی حكومه‌تی هه‌رێمه‌ نه‌رمی زۆری نواندووه‌ به‌ڵام ئه‌مه‌ ئه‌وه‌ ناگه‌یه‌نێت كه‌ پارتی له‌ ئیستحقاقاتی خۆی تا كۆتایی هه‌ر سازش بكات."

please wait

No media source currently available

0:00 0:21:42 0:00

XS
SM
MD
LG