Accessibility links

فه‌رید ئه‌سه‌سه‌رد: ئه‌گه‌ر داواكارییه‌كه‌مان جێ به‌جێ نه‌كرێت بژارده‌ی دووه‌م له‌به‌رده‌م یه‌كێتی به‌شداری نه‌كردنه‌ له‌حكومه‌تی هه‌رێم


فه‌رید ئه‌سه‌سه‌رد ئه‌ندامی سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان

له‌وتووێژێكی ژیار محه‌مه‌د له‌به‌شی كوردی ده‌نگی ئه‌مریكا له‌گه‌ڵ فه‌رید ئه‌سه‌سه‌رد ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان ده‌ڵێت: هه‌روه‌ك چۆن له‌به‌غداد پارتی تۆڵه‌ له‌یه‌كێتی ده‌كاته‌وه‌ له‌هه‌رێمی كوردستانیش له‌ پێكهێنانی كابینه‌ی نوێی حكومه‌ت پارتی به‌به‌شداری پێنه‌كردنی (شه‌راكه‌تی ڕاسته‌قینه‌) ده‌یه‌وێت تۆڵه‌ له‌ یه‌كێتی و لایه‌نه‌كان بكاته‌وه‌، كێشه‌ی كه‌ركوك و وه‌زاره‌تی داد و پۆستی سه‌رۆك كۆمار ڕه‌نگدانه‌وه‌ی سه‌ره‌كی له‌سه‌ر گفتوگۆكانی پێكهێنانی حكومه‌ت هه‌بووه‌ به‌جۆرێك پێشبینیمان نه‌ده‌كرد به‌م جۆره‌ ئاڵۆز بێت، ئه‌سه‌سه‌رد ئه‌وه‌ش ده‌ڵێت: بژارده‌ی یه‌كه‌ممان ئه‌وه‌یه‌ كه‌به‌شداری له‌حكومه‌تدا بكه‌ین به‌ڵام ئه‌گه‌ر ئه‌وه‌ی كه‌ خۆمان داوای ده‌كه‌ین كه‌ بریتیه‌ له‌ به‌شداری ڕاسته‌قینه‌ نه‌یه‌ته‌ ئاراوه‌ به‌دڵنیاییه‌وه‌ ئه‌و كاته‌ ناچار ده‌بین بچینه‌ سه‌ر بژارده‌ی دووه‌م، ده‌شڵێت" لەکۆبونەوەی ئەنجومەنی سەرکردایەتی وە کۆبونەوە تایبەتیەکانی خۆمان کە بەرنامەمان دانا بۆ لیژنەی دانوستانکار بۆ پێکهێنانی کابینەی تازە لەوێش هەروا باسمان کردووە کە بژاردەی دووەممان بەشداری نەکردنە لەحکومەت، هه‌روه‌ها ده‌ڵێت: ئەگەر دۆخەکە بگاتە ئەو ڕادەیەی یەکێتی لەدەرەوەی دەسەڵات بێت و ببێتە ئۆپۆزسیۆن و بەشداری حکومەت نەکات لەهەرێمی کوردستان دۆخێکی تایبەت دێتە ئاراوە دەتوانم بڵێم نیو حکومەت لە ئارادا دەبێت و ناتوانرێت حکومەتی سەرتاسەری بێت ده‌سه‌ڵاتی هه‌بێت به‌سه‌ر هه‌موو كوردستاندا، پێم وانیە ئه‌و كات شتێک بونی هه‌بێت ناوی حکومەتی هەرێم، هەتا ئەگەر بزوتنەوەی گۆڕانیش بەشداری بکات، ئەوکاتە دەبێتە هێزی یەکەم و سێێەم کە حکومەت پێکدەهێنن بەڵام ئەمە دەبێتە هۆی ئەوەی ڕەنگە گۆڕانیش بەشداری لەحکومەتدا نەکات، هەرچەندە لێکتێگەیشتنێکی لەوجۆرەمان لەگەڵ گۆڕان نیە بەڵام ئەگەر مەسەلەکە هاتە ئەو ڕادەیە من پێم وانیە ئەوانیش خۆیان تێوەبگلێنن لەکێشەیەکی زۆر گەورە، ئەگەر پارتی دەستبەرداری ئەم ڕه‌فتارەی نەبێت پێم وایە هەرێم بەرەو هەلومەرجێکی نادیار دەچێت، کە حکومەتی هەرێم زۆر درەنگ پێکدێت."

دوێنێ سێ شه‌ممه‌ شاندێكی پارتی دیموكراتی كوردستان كه‌ حیزبی براوه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌ په‌رله‌مانیه‌كه‌ی هه‌رێمی كوردستانی عیراقه‌، به‌مه‌به‌ستی گفتوگۆكردن له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌كان بۆ پێكهێنانی حكومه‌تی نوێی هه‌رێم سه‌ردانی شاری سلێمانی كرد و له‌گه‌ڵ مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتی كۆبوه‌وه‌.

ده‌رباره‌ی كۆبونه‌وه‌كه‌ فه‌رید ئه‌سه‌سه‌رد ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان له‌ سه‌ره‌تای وتووێژه‌كه‌ی ده‌نگی ئه‌مریكا وتی" ئێمە پێشبینیمان نەدەکرد پڕۆسەی پێکهێنانی حکومەت بەم شێوەیە ئاڵۆز بیت هەروامان دەزانی وەک کۆبونەوەکانی پێشترە بە ئاسانی کابینەی نوێی لێدەکەوتەوە بەڵام ئێستا هەلومەرجێکی نوێ هاتۆتە ئاراوە کە "مەسەلە"کەی زۆر ئالۆزکردووە لەبەر ئەوە پێشبینی ناکرێت کابینەی نوێی حکومەت لەکوردستان بەم نزیکانە پێکبهێنرێت ئەگەر لایەنەکان بەتایبەت سێ لایەنە سەرەکیەکە نەتوانن زاڵ بن بەسەر ئەو تەگەرانەی هاتونەتە بەردەم پڕۆسەکە."

ئەسەسەرد لەبارەی ئاڵۆزی و تەگەرەکانەوە ڕونیکردەوە" پەیوەندی هەیە بەو نەخشە سیاسیە تازەیەی لەکوردستان هاتۆتە ئاراوە کە تێڕوانینی تازە دێنێتە ئاراوە لەگەڵ نەریتی 25 ساڵدا ناگونجێت لەسەردەمی بەرەی کوردستانیەوە واهاتووە کەهەمووان پێکەوە بەهاوبەشی حکوم بکەن بەڵام ئەنجامەکانی هەڵبژاردن کەهەندێک حیزب زۆرینەیە هەندێکیش مام ناوەند هەندێک کەمینە تێڕوانینی نوێی هێناوەتە ئاراوە کە ڕەوشەکەی ئاڵۆز کردووە، هەروەها پەیوەندییەکانیش لە پێش هەڵبژاردن وە لەدوای هەڵبژاردن گۆڕانکاری لەپەیوەندییەکان هێناوەتە ئاراوە لەسەر ئاستی هەرێم وە کەرکوک هەروەها بەغداد لە قۆناغی پێشتر ڕاستە جیاوازی لەنێوان لایەنە سیاسیەکان هەبوو بەڵام نەگەیشتبووە ئاستی ڕکابەری و دژایه‌تی ئێستا ڕکابەری لەنێوان لایەنەکان تا ڕاده‌ی دژایه‌تی هەم لەسەر کەرکوک هەم لەبەغداد هەم لەهەرێم هەیە کەپێشتر تا ڕادەیەک لەسەر کەرکوک و بەغداد لایەنەکان هاوڕا بوون، جگە لەوەی هێنانە پێشەوەی بابەتی کاراکردنەوەی سەرۆکایەتی هەرێم لەلایەن پارتی دیموکراتی کوردستانەوە زیاتر ڕەوشەکەی ئاڵۆزتر کردووە."

دەربارەی ئەوەی تا چەند کێشەکانی پارتی و یەکێتی لەسەر کەرکوک و وەزارەتی داد لەبەغداد کاریگەری و ڕەنگدانەوەی هەبووە لەسەر گفتوگۆکانی پێکهێنانی حکومەتی هەرێم لەنێوان پارتی و یەكێتی ؟

فەرید ئەسەسەرد وتی" بێگومان بابەتی سەرۆک کۆمار و پێنەدانی وەزارەتی داد و ئەو بابەتانە بەشێکی گرنگی ئەو کێشانەیە کە ئێستا ڕەنگدانەوەی هەیە لەسەر ئەو پڕۆسەیەی کە لە ئارادایە، ناکرێت لەهەرێم گفتوگۆی بەشداری دەسەڵات و حکومڕانی بکرێت باسی دۆستایەتی بێت بەڵام لەکەرکوک و بەغداد ڕکەبەرایەتی و دژایه‌تی هەبێت، بۆیە هەوڵ دەدرێت هەموو ئەوانە بەیەک "پاکێج" چارەسەر بکرێت کە بابەتیش بووە "پاکێج" بەدڵنیایی چارەسەرکردنی قورسە هەرچەندە دەرچە هەیە بەڵام بە ئاسانی نا."

ئەسەسەرد وتیشی" پارتی مەرجی نیە بۆ لایەنەکان بەڵام تێڕوانینەکانی بۆ پێش ئەم کابینەیە دەگەڕێتەوە، بۆ پێش پێکهێنانی حکومەت لەبەغداد ئێمە تێروانینمان وایە پارتی دەیەوێت تۆڵەی خۆی لەیەکێتی نیشتمانی بکاتەوە هەم لەم هەوڵانەی ئێستای لەناوخۆی هەرێم کەنایەوێت شەریکایەتی ڕاستەقینە لەنێوان حیزبەکانی ناو دەسەڵات بێتە ئاراوە ئەمە بەدڵنیاییەوە هەلومەرجێکی ئاڵۆزی دروست کردووە ئەگەر پارتی دەستبەرداری ئەم ڕه‌فتارەی نەبێت پێم وایە هەرێم بەرەو هەلومەرجێکی نادیار دەچێت، کە حکومەتی هەرێم زۆر درەنگ پێکدێت."

ئەو ئەندامەی سەرکردایەتی یه‌كێتی نیشتمانی کوردستان ئاماژەی بەهەڵوێستی یەکێتی کرد وتی" ئەگەر ئێـمە لەم قۆناغە نەبوین بە ئەندامێکی دیاریکراو بۆ جێ بەجێ کردنی شەریکایەتیەکی ڕاستەقینە لەحکومڕانیدا لەهەرێمی کوردستان وە چارەسەرکردنی ناکۆکیەکانمان "مەبەستم ناکۆکیەکانی نێوان یەکێتی و پارتی" لەکەرکوک و بەغداد بەدڵنیایەوە دەبێت بیر لەوە بکەینەوە بەشداری لەحکومەتدا نەکەین ئەو کاتە بەدڵنیاییەوە هەلومەرجێکی تازە دێتە ئاراوە پارتی دیموکراتی کوردستان بەتەنها یا لەگەڵ هەندێک حیزبی بچوکدا دەبێت حکومەت پێکبهێنێت و ئەوە بەدڵنیاییەوە بۆ هەرێمی کوردستان کێشەیەکی زۆر گەورە دەبێت."

فەرید ئەسەسەرد ڕونیشیکردەوە" بژاردەی یەکەم لەبەردەم یەکێتی بەشداری کردنە لەکابینەی نوێی حکومەتی هەرێم بەڵام ئەگەر ئەو داواکارییانەی خۆمان هەمانە كه‌ بریتیه‌ له‌ به‌شداری ڕاسته‌قینه‌ جێ بەجێ نەکرێت بەدڵنیاییەوە دەچینە سەر بژاردەی دووەم."

ئەسەسەرد ئاشکراشیکرد" لەکۆبونەوەی ئەنجومەنی سەرکردایەتی وە کۆبونەوە تایبەتیەکانی خۆمان کە بەرنامەمان دانا بۆ لیژنەی دانوستانکار بۆ پێکهێنانی کابینەی تازە لەوێش هەروا باسمان کردووە کە بژاردەی دووەممان بەشداری نەکردنە لەحکومەت."

بەوتەی فەرید ئەسەسەرد" پارتی لەبەغداد تۆڵە لەیەکێتی دەکاتەوە کاتێک یەکێتی لەگەڵ عادل عەبدولمەهدی ڕێککەوت بۆ وەرگرتنی پۆستی وەزارەتی داد، بەڵام دوای سەردانەکەی بارزانی بۆ بەغداد پەشیمان بویەوە، هەتا لەبەغداد پێیان وتین پارتی ڕازی بووە کە واز لەو پۆستە بهێنێت تەنانەت بدرێتە هەر کەس و لایەنێکی تر یا كوردێك بەس نەدرێتە یەکێتی."

وتیشی بابەتی تۆڵەکردنەوە لەکوردستان زۆر ڕون نیە بەڵام ئێمە دەمانەوێت بابەتی "شەراکەت" ڕاستەقینەیی بێت، بڕیارەکان لە ئەنجومەنی وەزیران و پەرلەمان بە "شەراکەت" بێت نەک بەزۆرینە و کەمینە پارتی دیموکراتی کوردستان دەتوانێت هەموو یاسایەک ئەگەر دژی ئێمەش بێت تێپەڕێنێت، وە لە ئەنجومەنی وەزیرانیش ئەگەر بەزۆرینە و کەمینە کاربکات."

فەرید ئەسەسەرد ئەوەشی وت" ئەگەر یەکێتی بەشداری حکومەت نەکات و لەدەرەوەی دەسەڵات بێت ببێتە ئۆپۆزسیۆن من پێم وایە حکومەتێک دروست دەبێت لەکوردستان کەدەسەڵاتی بەسەر هەموو کوردستاندا نابێت ئەمە کێشەیەکی گەورەیە لەکاتێکدا ئێمە حکومەتێکمان دەوێت لەزاخۆ تا خانەقین دەسەڵاتی هەبێت، پێم وایە ئەگەر دۆخەکە بگاتە ئەو ڕادەیەی کە یەکێتی لەدەرەوەی دەسەڵات بێت و ببێتە ئۆپۆزسیۆن و بەشداری حکومەت نەکات لەهەرێمی کوردستان دۆخێکی تایبەت دێتە ئاراوە دەتوانم بڵێم نیو حکومەت لە ئارادا دەبێت و ناتوانرێت حکومەتی سەرتاسەری بێت."

سەبارەت بەوەی ئەگەر یەکێتی بەشداری حکومەت نەکات ئایا حکومەتی داهاتووی هەرێم دەسەڵاتی نابێت بەسەر ناوچەی سلێمانی؟

ئەسەسەرد ڕایگه‌یاند" لەڕووی ڕەسمیەوە کوردستان هەمووی یەک پارچەیە بەڵام لەڕووی "فیعلی"یەوە ئەم ناوچەیە ئێـمە خۆمان دەیزانین لەگەڵ ئەوەی حکومەت یەکی گرتۆتەوە بەشێکی زۆر لەدامودەزگاکانیش یەکیان گرتۆتەوە بەڵام ئێستاش شوێنەواری دوو ئیدارەیی هەر لە ئارادایە، خۆ ئەگەر دوو حیزبە سەرەکیەکەی دەسەڵات یەکیان لەدەسەڵات بوون ئەوی تریان لەدەرەوەی دەسەڵات بێت پێم وانیە شتێک بونی هه‌بێت ناوی حکومەتی هەرێم، هەتا ئەگەر بزوتنەوەی گۆڕانیش بەشداری بکات، ئەوکاتە دەبێتە هێزی یەکەم و سێێەم کە حکومەت پێکدەهێنن بەڵام ئەمە دەبێتە هۆی ئەوەی ڕەنگە گۆڕانیش بەشداری لەحکومەتدا نەکات، هەرچەندە لێکتێگەیشتنێکی لەوجۆرەمان لەگەڵ گۆڕان نیە بەڵام ئەگەر مەسەلەکە هاتە ئەو ڕادەیە من پێم وانیە ئەوانیش خۆیان تێوەبگلێنن لەکێشەیەکی زۆر گەورە ."

هه‌روها ئه‌سه‌سه‌رد له‌باره‌ی جیاوازییه‌كانی پارتی و یه‌كێتی وتی: کاتێک کە ئێمە پێناسەی شەراکەتی ڕاستەقینە دەکەین تێڕوانینی ئەوان تەواو جیاوازە لەهی ئێمە ئەوان باس لەوە دەکەن لەبەر ئەوەی ئەوان زۆرینەن، دەبێت زۆربەی زۆری مەسەلەکان لای ئەوان بێت ئێمە دانمان بەوەدا ناوە کە دوو پۆستە سەرەکیەکە پۆستی سەرۆکی هەرێم و سەرۆکی حکومەت لای ئەوان بێت بەڵام لەخوار ئەوانەوە دەىێت شەراکەتی ڕاستەقینە هەبێت لەپڕۆسەی دروستکردنی بڕیار لەناو ئەنجومەنی وەزیران وە پەیوەندی لەگەڵ بەغداد و وڵاتانی دەرەوە ئەمە کێشەیەکی سەرەکیە لەنێوانمان ئەگەر چارەسەری نەکەین بەدڵنیاییەوە هەرێمی کوردستان دەچێتە دۆخێکی نالەبارەوە."

please wait

No media source currently available

0:00 0:13:06 0:00

XS
SM
MD
LG