Accessibility links

كوێستان محه‌مه‌د:ئەگەر ڕێکەوتنیش بکه‌ین بۆ چونە ناو حکومەت گۆڕان پەرلەمانتار "ئیلزام" ناکات کە دەنگبدات به‌کاندیدی سەرۆکی حکومەت و کابینەکەی


کوێستان محەمەد ئەندامی جڤاتی گشتی بزوتنەوەی گۆڕان-فۆتۆ : فه‌یس بووكی كوێستان محه‌مه‌د

لە وتووێژێکی ژیار محەمەد لەبەشی کوردی دەنگی ئەمریکا لەگەڵ کوێستان محەمەد ئەندامی جڤاتی گشتی بزوتنەوەی گۆڕان دەڵێت" تاچاكسازی ڕیشه‌یی له‌كوردستان نه‌كرێت هه‌ركه‌س ببێته‌ سه‌رۆكی حكومه‌ت سه‌ركه‌وتوو نابێت و شكست تۆمار ده‌كات، دەکرێت ئەمجارەش هاوشێوەی ئێمە لەخولی سێیەمی پەرلەمان، پەرلەمانتارەکانمان هەمووییان دژی کاندیدی سەرۆکی حکومەت دەنگ بدەن، بۆیه‌ ئەگەر ڕێکەوتنیش بکرێت بۆ چونە ناو حکومەت ئێمە پەرلەمانتار ئیلزام ناکەین کە دەنگبدات بە کاندیدی سەرۆکی حکومەت و کابینەکەی، چونکە گۆڕان لەسەر ئەو بابەتە تا ئێستا پەرلەمانتارەکانی "موحاسەبە" نەکردووە وە شتی لەسەر فەرز نەکردوون، بەڵام ئەمە دەکەوێتە دوای بڕیاری جڤاتی نیشتمانی و دەگەڕیتەوە بۆ سەرۆکایەتی فراکسیۆن، دەشلێت" هێشتا گۆران خۆی یەکلایی نەکردۆتەوە بەشداری حکومەت دەکات یاخود نا، چونکە ئەوە دەکەوێتە سەر سەردانی دووەمی وەفدەکەی پارتی کە وابڕیارە هەفتەی داهاتوو سەردانمان بکەن دوای ئەوە جڤاتی گشتی و نیشتمانی کۆ دەبێتەوە و بڕیاری بەشداری یاخود بەشداری نەکردن لەحکومەت دەدەین، دەربارەی ئەوەی لەمەودوا بڕیارە سیاسیەکان مەسعود بارزانی وەک مەرجەع دەیدات، کوێستان محەمەد وتی" ئەم پۆستە هەر وجودی لەناو هەرێمی کوردستاندا، وەک دەزانرێت هەموو پۆستەکان لەکوردستان بەیاسا ڕێکخراون، بەڵام لەیاساکانی کوردستان پۆستێکی وا ناوی نەهێنراوە "وجودی نیە" تا کاک مەسعود یا یەکێکی تر کاندیدی ئەو پۆستە بێت بۆیە بۆ هەرکەس بێت ئەمە لەدەرەوەی یاسایە، دەکرێت مەرجەعی باڵای حیزبەکەی خۆی بێت ."

كوێستان محەمەد ئەندامی جڤاتی گشتی بزوتنەوەی گۆڕان لەسەرەتای وتووێژەکەدا لەبارەی دواین بڕیاری بزوتنەوەی گؤران وتی" تا ئێستا بزوتنەوەی گۆڕان بڕیاری یەکلاکەرەوەی نەداوە بەبەشداری کردن لەحکومەت یاخود بەشداری نەکردن، وابڕیارە هەفتەی داهاتوو وەفدەکەی پارتی سەردانی لایەنەکان بکات لەنێویشیاندا سەردانی بزوتنەوەی گۆڕان بکات دوای ئەو کۆبونەوەیە کە دەکاتە کۆبونەوەی دووەم لەگەڵ پارتی، گۆڕان بڕیار دەدات کە کۆبونەوەی جڤاتی گشتی و جڤاتی نیشتمانی بکرێت جڤاتی نیشتمانی بڕیاری یەکلایی کەرەوە دەدات کەبەشداری لە حکومەت بکەین یا خود بەشداری نەکەین."

وتیشی" لەناو بزوتنەوەی گۆڕاندا هەردوو بۆچونکە هەیە( بەشداری حکومەت بکەین یاخود نەکەین) بەڵام دواین بڕیار جڤاتی نیشتمانی دەیدات بەشداری بکەین یا نا؟"

سەبارەت بەکاندیدەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ پۆستەکانی سەرۆکی هەرێم و سەرۆکی حکومەت ؟ کوێستان محەمەد وتی" من ناتوانم بزوتنەوەی گۆڕان بڵێم، بەڵام ئێمە بۆچونمان ڕوونە لەوبارەیەوە هەموو کابینەکان لە 1992ەوە تا ئێستا شکستی خواردووە، من وەک خۆم لە 1992وە تا ئێستا هیچ کابینەیەکم پێ سەرکەوتوو نەبووە.یەک بەیەکیان شکستیان تۆمارکردووە لەسەرو هەمویانەوە ئەم کابینەیە سەرۆکەکەی( نێچیرڤان بارزانی) کە زۆرترین ماوە سەرۆکی حکومەت بووە شکستی هێناوە و "مۆفەق" نەبووە."

دەربارەی ئەوەی ئایا پەرلەمانتارەکانتان ئامادەن دەنگ بەکاندیدەکانی پارتی بدەن بۆ پۆستی سەرۆکی حکومەت؟ ئەو ئەندامەی جڤاتی گشتی بزوتنەوەی گۆڕان وتی" جارێ هێشتا سەرۆکایەتی پەرلەمان هەڵنەبژێراوە دوای ئەوە سەرۆک فراکسیۆنەکان کۆدەبنەوە، ڕەنگە وەک ئەوکاتەی ئێمە پەرلەمانتار بوین هەموویان پێکەوە دژی کاندیدەکە دەنگ بدەن هەروەک چۆن ئێمە دژی دکتۆر بەرهەم و کاک نێچیرڤان دەنگماندا، وە لەخولی چواریش ئێمە چوینە ناو حکومەت بەڵام بەشێک لەپەرلەمانتارەکانمان دەنگیان نەداوە بە چەند وەزیرێک دواتر ئێمە وەک گۆڕان نە "موحاسەبەمان" کردوون نە لێمان پرسیونەتەوە بۆچی دەنگیان نەدا؟ چونکە پەرلەمانتار هەندێک ئازادی هەیە، بۆیە بابەتی دەنگدان بەکاندیدی پارتی بۆ سەرۆکی حکومەت، یه‌كه‌م: دەوەستێتە سەر ئەوەی ئێـمە دەچینە حکومەت یا نا؟ دووەم: فراکسیۆن خۆی وە خاڵی سێیەم و کۆتایی دەکەوێتە سەر ژورری پەرلەمان و حکومەت کە من ناتوانم لە ئێستاوە قسەی لەسەر بکەم."

هەروەها ڕاشیگەیاند" ئەگەر ڕێکەوتنیش بکرێت بۆ چونە ناو حکومەت ئێمە پەرلەمانتار ئیلزام ناکەین کە دەنگبدات بە کاندیدی سەرۆکی حکومەت و کابینەکەی" نەخێر ئێمە تا ئێستا شتی وامان نەکردووە کە پەرلەمانتار بۆ ئەو بابەتە مولزەم بکەین تا ئێستا شتمان بەسەر فەرز نەکردووە، بەڵام بۆ ئەم جارە تا ئێستا یەکلایی ناکراوەتەوە ئەوە دەکەوێتە سەر بڕیاری جڤاتی نیشتمانی و سەرۆکایەتی فراکسیۆن."کوێستان محەمەد وای وت.

بەوتەی کوێستان محەمەد هەتا " چاکسازی لەهەرێمی کوردستان نەکرێت، دەسەڵاتی سیاسی بڕیاری گۆڕانکاری ڕیشەیی نەدا، داهات شەفاف نەبێت ئەوا هەرکەس ببێتە سەرۆکی حکومەت شکست دەهێنێت و سەرکەوتوو نابێت."

وتیشی" چاکسازی ڕاستەقینە بەنیەت دەکرێت، نەک پڕۆژە و وتار چونکە وەک کاک نەوشیروان مستەفا وتی" عیبرەت لەجێ بەجێ کردنە نەک نوسین" ، ئەگەرنا چەندین پڕۆژەی چاکسازیمان لەڕابردوو پێشکەشکرد، یەکێک لەوانە پڕۆژە عەوت خاڵیەکەی لایەنە ئۆپۆزسیۆنەکان، بەڵام جێ بەجێ نەکرا، خۆ هەر پارتی و یەکێتی چەندین ساڵە لەدەسەڵاتدان بۆ چاکسازی ناکەن؟ ."هەروەها وتی" لیژنەی دانوستانی گۆڕان دەبێت ئەوە یەکلایی بکاتەوە لەدانیشتنەکاندا، بزانن چاکسازییان بەڕاستە لایه‌نی به‌رامبه‌ر."

کوێستان محەمەد وتی" من ئەندامی لیژنەی دانوستانکاری گۆڕان نیم، ئەگەر ئەندام بومایە ڕێگایەکم دەدۆزیەوە کەچۆن دڵنیابم بابەتی چاکسازی نیەتی ڕاستەقینەیە لایان."

جەختی کردەوە" گۆڕان دانوستان لەگەڵ هیچ لایەنێک ڕەتناکەتەوە ڤیتۆی له‌سه‌ر هیچ لایه‌نێك نیه‌ بۆ گفتوگۆ، بەڵام ئەوەی گرنگە ئێمە پێداگری لەسەر پرنسیبەکانی خۆمان بکەین و ماف و داواکاری خەڵک بکەین."

دەربارەی مەرجی گۆڕان بۆ بەشداری کردن لەحکومەت؟ کوێستان محەمەد وتی" من نازانم گۆڕان مەرجی چی دەبێت، بەڵام وەک خۆم پێم باشە لابردنی پاشەکەوت و دانەوەی پاشەکەوتەکانی موچەی موچە خۆران گۆڕان بیانکاتە خاڵی دەستپێکی دانوستانەکان."

دوێنێ سێ شەممە لە وتووویژێکی ژیار محەمەد لەگەڵ کاکەمین نەجار ئەندامی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕایگەیاند " خۆی حکومەت دەبێت سەرۆکایەتی هەرێم دەبێت لەداهاتوو بەڵام کەدەڵێین مەرجەع ناڵێین بڕیارە ئیدارییەکان چونکە ئەو کات حکومەت و سەرۆکایەتی هەرێم دەبێت بڕیارە ئیدارییەکان لای ئەوان دەبێت بەڵام بڕیاری سیاسی دەچێتەوە لای کاک مەسعود، چونکە کاک مەسعود مەرجەعە شت بێ کاک مەسعود ناکرێت لەکوردستان بەڵام جیاکردنەوەی دەسەڵاتەکان هەیە لەکوردستان هەریەک کاری خۆی دەکات، بەڵام کاک مەسعود وەک کەسێکی سیاسی و مەرجەع "موتابع و ئاگادار دەبێت."

دەربارەی ڕای بزوتنەوەی گۆڕيان لەسەر "مەرجەع"، ئەندامەکەی جڤاتی گشتی بزوتنەوەی گۆڕان وتی" ئەم پۆستە هەر وجودی لەناو هەرێمی کوردستاندا، وەک دەزانرێت هەموو پۆستەکان لەکوردستان بەیاسا ڕێکخراون، بەڵام لەیاساکانی کوردستان پۆستێکی وا ناوی نەهێنراوە "وجودی نیە" تا کاک مەسعود یا یەکێکی تر کاندیدی ئەو پۆستە بێت بۆیە بۆ هەرکەس بێت ئەمە لەدەرەوەی یاسایە، دەکرێت مەرجەعی باڵای حیزبەکەی خۆی بێت ."

please wait

No media source currently available

0:00 0:14:45 0:00

XS
SM
MD
LG