Accessibility links

كوردۆ عومەر: دەبێت لایەنەكان بەرپرسیارییەتی ئەو كاندیدە ژنانە هەڵبگرن كه‌ سوكایەتییان پێدەكرێت


كورده‌ عومه‌ر به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی به‌ره‌نگربونه‌وه‌ی توند و تیژی دژ به‌ژنان له‌هه‌رێمی كوردستانی عیراق

کوردۆ عومەر بەڕێوەبەری گشتی بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان لە هەرێمی کوردستان دەڵێت"حەقە پارتە سیاسیەکان بەرپرسیارێتی بەرامبەر ئەو خانمانە هەڵگرن کە کاندیدییان کردوون، بە تایبەت ئەوانەی لە ڕێگەی هێرش کردن بۆ سەر کەسایەتیان هەوڵی شکانیان دەدرێت ئەوان ڕێگە نەدەن و ئەگەر دەرچونیشیان لە هەڵبژاردنەکان ئەگەری لاوازبێت ئەوان کاری سەرخستنیان بۆ بکەن و بە کۆمەڵگا بڵێن ئەمە ئەو کاندیدە ئازا و چاکەیە کە دەینێرینە بەغداد بۆ داکۆکی کردن لە مافەکانتان. "

لە دوای دەستپێکردنی هەڵمەتی هەڵبژاردنەکانی عێراق، لە ڕێگای بڵاوکردنەوەی چەند گرتە ڤیدیۆ و وێنەیەکەوە هێرش دەکرێتە سەر کاندیدی لیستە جیاوازەکانی بەشدار لە هەڵبژاردنەکان، پشکی شێریش لەو هەڵمەتە بەر خانمانی کاندیدی لیستەکان کەوت کە لە ڕێگای تۆڕە کۆمەڵایەتیەکانەوە چەندین گرتەی ڤیدیۆییان بڵاوکرایەوە.

لە میانەی وتووێژێکدا لەگەڵ بەشی کوردی دەنگی ئەمەریکا کوردۆ عومەر بەڕێوەبەری گشتی بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان لە هەرێمی کوردستان سەبارەت بە هەڵمەتی ناوزڕاندنی خانمانی کاندیدی هەڵبژاردنەکان لە عێراق بە گشتی و لە هەرێمی کوردستان بە تایبەتی دەڵێت" بەداخەوە نەک لە هەڵمەتی هەڵبژاردنەکان لە کوردستان لە جیهان و بەتایبەت لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کاندیدە ژنەکان هێرش دەکرێتە سەریان و باسی ڕەوشتیان دەکەن، بە ڕاستی ئەوە ئەوپەڕی دەرئەنجامی توندوتیژییە کە بەرامبەر ژنان دەکرێت، ئێمە ئیدانەی ئەم کارانە دەکەین، ئەمە جێگای شەرمەزاریە بۆ کۆمەڵگایەک کە لەکەدارکردنی کەسایەتی ژنان لەناوگەڵیان دەبیننەوە، بەڵام من دڵنیام ژنان کۆڵ نادەن و ئەو شتانە کاریان لێ ناکات خۆشبەختانە ئێستا خەریکە ڕێژەی کۆتاش تێدەپەڕێت."

بەڕێوەبەری گشتی بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربونەوەی توندوتیژی دژی ژنان لە هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەکرد، لە کۆمەڵگا ڕۆژهەڵاتیەکان کەسایەتی ژنان بە جۆرێکی تر دەبینن و وتی"لە کۆمەڵگا ڕۆژهەڵاتیەکان هەموو شەرەفی ژنان لە"ناوگەڵیان" دەبینن بۆیە دێن کار لەسەر شەرەف و ئەخلاقی ژنان قسەدەکەن وادەزانن کە ژن بەوە لەکەدار دەبێت و دەستبەرداری مافەکانی دەبێت ئەم هێرشانە بۆ دواخستنی بەرەوپێشچونی مافەکانی ژنانە، لە عێراق بە گشتی لەوێوە ئەو هەڵمەتانە دژ بەیەکتر بەکاردەهێنن، بەشێکی بۆ شکانی لایەنەکانە بەشێکی تری بە شێوەی عەفەوییە لە تۆڕەکۆمەڵایەتیەکان، بەداخەوە زیاتر ئەو ژنانە بەردەکەون کە خاوەن دەموچاوێکی جوانن و هەندێک لە سۆشیاڵ میدیاکان بۆ پڕکردنەوەی پۆستەکانیان بەکاریان دەهێنن. "

کوردۆ عومەر بەپێویستی زانی پارتە سیاسیەکان بە تەواوی بەرپرسیارێتی بەرامبەر ئەو خانمە کاندیدانەیان هەڵبگرن کە بەو جۆرە گرتە ڤیدیۆییەکانیان بڵاوکراوەتەە و وتی"بەڕاستی پێویستە حیزبەکان پارێزگاری تەواو لەو کەسانە بکەن کە دەکەونە بەر ئەو هێرشانە. من وەک بۆچونی خۆم هەتا ئەگەر ئەو کاندیدە ژنانە ئەگەری دەرچونیشیان لاواز بێت حەقە لایەنە سیاسیەکە کاری دەرچونی بۆ بکات تا بەو خەڵکانە بڵێت نەخێر ئەم ژنە ئەو کاندیدە چاکەیە کە من دەینێرمە بەغداد بەرگری لە مافەکانی کورد دەکات. "

وتیشی"حەقە ئەو ژنانەی کەوتونەتە بەر هێرش کەسایەتیەکان بیانپارێزن، لەبەر ئەوەی ئێمە کۆمەڵگایەکی داخراوین بێگومان کاریگەری خراپی لەسەر دەرونی ئەو کەسانە هەیە وە ساردیشیان دەکاتەوە لە هەڵمەتی هەڵبژاردن وە بینیمان چەند کەس کشانەوە لەو پڕۆسەیە، لەوانەی عێراقیش بینیمان ڕەنگە سبەی ژیانیان بخاتە مەترسی بەڵام خۆشبەختانە لە کوردستان بەوجۆرە نیە."

لە کۆتایی وتووێژەکەدا کوردۆ عومەر بەڕێوەبەری گشتی بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان لە هەرێمی کوردستان وتی"ئێمە ئیدانەی ئەو کارانە دەکەین کە هێرشی بۆ سەر خانمانی کاندید تێدایە، من ئەوەندە بەژنان دەڵێم سارد نەبنەوە بەو جۆرە هێشانە بەردەوام بن لە خەبات، بەدڵنیاییەوە ئایندە بۆ ئەو ژنە چاو نەترسانەیە کە هیچ شتێک کاریان لێ ناکات."

please wait

No media source currently available

0:00 0:08:48 0:00

XS
SM
MD
LG