Accessibility links

ئاسایشی سلێمانی ڕوونکردنەوەیەک بڵاودەکاتەوە لە بارەی هێرشی سەر پەیامنێرەکەی دەنگی ئەمەریکا


بەشی ڕاگەیاند و پەیوەندیەکان لە بەڕێوبەرایەتی ئاسایشی پارێزگای سلێمانی ئەمڕۆ دووشەممە ڕوونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە لە بارەی ئەو هێرشەی ڕۆژی هەینی لە لایەن کارمەندێـکی ئاسایشی سلێمانیـیەوە کرایە سەر ژیار محەمەد پەیامنێری دەنگی ئەمەریکا لە سلێمانی لە کاتی ڕووماڵکردنی هەواڵێـک لە بەردەم مزگەوتی بەهەشت. ئەمەش دەقی ڕوونکردنەوەکەیە:

دواى ئەوەى لە ڕۆژى هەینى 13/5/2016 هێزەكانمان بە مەبەستى پاراستنى ئاسایش و ئەمنیەتى هاوڵاتیان لە بەردەم مزگەوتى بەهەشت لە شارى سلێمانى , هەستان بە ئەركى سەرشانى خۆیان , نەخوازراوانە لەوكاتە دا یەكێك لە كارمەندەكانى ئاسایشى سلێمانى لەگەڵ كچە ڕۆژنامەنوسێكى ڕادیۆى دەنگى ئەمریكا و سایتى دەنگى ئەمریكا بەناوى (ژیار محمد) پشێوى دروست بووە , دەست بەجێ بەرپرسى ئاسایشەكان كەوتۆتە نێوانیان و بە پێی یاسا لێپرسینەوەى لە كارمەندەكەى ئاسایشى كردووە , داواى لێبوردنى لە ڕۆژنامەنوس ژیار محمد كردووە , كێشەكە كۆتایی هاتووە , ئێمە وەك بەڕێوەبەرایەتى ئاسایشی سلێمانى وێڕاى دووبارە لێبوردن لە ڕادیۆ و سایت و ڕۆژنامەنوسەكە , هەموو لایەك ئاگادار دەكەینەوە كە ئەركى ئاسایش پاراستنى سەرو سامان وكەرامەتى هاوڵاتیانەو هەر جۆرە كارێكى نەشیاو لەلایەن هەر كارمەندێكەوە بە بێ ئیجرائاتى یاسایى تێپەڕنابێـت و لەسەر ئەو كێشەیە لیژنەى لێكۆڵینەوە پێنكهێنراوە.

لەگەڵ ڕێزماندا

XS
SM
MD
LG