وەزیری نەوتی عێراق ڕۆژی دووشەممە ڕایگەیاند هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستانی عێراق هەفتەی داهاتوو دەستپێدەکاتەوە، ئەمەش دوابەدوای چارەسەرکردنی ناکۆکییەکی دوو ساڵەییەکەی نێوان هەولێر و بەغداد.
لە مانگی 3 ی ساڵی 2023 دا تورکیا هەناردەکردنی نەوتەکەی هەرێمی کوردستانی ڕاگرت، ئەوەش دوای ئەوەی ژووری بازرگانی نێودەوڵەتی فەرمانی بە تورکیا کرد بڕی 1.5 ملیار دۆلار وەکو قەرەبوو بدات بە بەغداد لەسەر هەناردەکردنی نەوت لەلایەن هەرێمی کوردستانەوە لە ڕێی تورکیاوە بەبێ مۆڵەت لە ساڵانی نێوان 2014 و 2018 دا.
وەزیری نەوتی عێراق هەیان عەبدلغەنی بە ڕۆژنامەنووسانی وت " سبەینێ شاندێکی وەزارەتی نەوت سەردانی هەرێمی کوردستان دەکەن بە مەبەستی گفتوگۆکردن لەسەر میکانیزمێک بۆ وەرگرتنی نەوتی هەرێمەکە و هەناردەکردنی بۆ دەرەوە. پڕۆسەی هەناردەکردنەکە لە ماوەی هەفتەیەکدا دەستپێدەکاتەوە."
وتیشی بەغداد ڕۆژانە 300,000 بەرمیل نەوت لە هەرێمی کوردستانەوە وەردەگرێت.
پێشبینی دەکرێت دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت فشارە ئابوورییەکەی سەر هەرێمی کوردستان کەم بکاتەوە، کە لەوێ موچەی کارمەندانی کەرتی گشتی دوادەکەوێت و خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکانیش کەم دەکرێنەوە.
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز