Accessibility links

ڕێکخراویHRW لە بارەی کەمپی مەخمور ڕاپـۆرتێک بڵاودەکاتەوە


وێنەی ئەرشیف
وێنەی ئەرشیف

ڕێکخراوی چاودێری مافەکانی مرۆڤ Human Rights Watch دەڵێت هێزکانی ئاسایشی هەرێمی کوردستان بە شێوەیەکی هەڕەمەکیـیانە کۆتوبەندیان خستووەتە سەر زۆربەی دانیشتوانی کەمپی مەخمور کە کوردە ئاوارەکانی تورکیای لێـیە.

ڕێکخراوەکە دوێنی چوارشەممە لە ڕاپـۆرتێکیدا کە بە زمانەکانی ئینگلیزی، کوردی (سۆرانی و کرمانجیعەرەبی، نووسیویەتی ئەو کۆتوبەندانە لە ناوەڕاستی مانگی حەوتی ئەمساڵەوە سەپـێندراون بەسەر دانیشتوانی کەمپی مەخمور لە پاش کوژرانی دیپـلۆماتێکی تورک لە شاری هەولێر بە دەستی کەسانێک کە گومان دەکرێت سەر بە پارتی کرێکارانی کوردستان بن.

ڕێکخراوەکە دەشڵێت هێزەکانی ئاسایش ژمارەیەک گومانباریان دەسـتگیرکردووە و ئەم گەمارۆیە پـێدەچێت لە ئەنجامی ئەوە بێت کە هەندێک لە دانیشتوانی کەمپەکە پـشتیوانی لە پەکەکە بکەن. سەرئەنجام ئەو خەڵکە بە زەحمەت دەستیان بە خزمەتگوزاری تەندروستی دەگات و ژمارەیەکیان کارەکانیان لەدەستداوە.

سارا لیا ویتسن بەڕێوەبەری بەشی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی ڕێکخراوی HRW دەڵێت" ناکرێت دەسەڵاتداران سزای هەموو دانیشتوانی کەمپەکە بدەن بەهۆی ئەوەی هەندێکیان هاوسۆزیان بۆ پەکەکە هەیە، هەروەها بەبێ بوونی بەڵگەیەک کە تاوانێکیان کردبێت."

لە 30 مانگی دە، دیندار زێباری، رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە وەڵامی پـرسیاری ڕێکخراوی HRW گوتویەتی دەسەڵاتدارێتی هەرێم هەندێک کۆتوبەندی بە شێوەیەکی کاتی خستووەتە سەر دانیشتوانی کەمپەکە بەهۆی مەترسی ئاسایشیـیەوە. گوتوشیەتی ئەم ڕێوشوێنە نوێـیانە ئەو کەسانە ناگرێتەوە کە کاریان هەیە یان خوێندکارن یان نەخۆشن و پـێوستیان بە چارەسەری هەیە لە نەخۆشخانەکانی هەرێمی کوردستان.

لە 6 ی مانگی یازدە و لە ئیمەیڵێکی دیکەدا بۆ ڕێکخراوەکە، دیندار زێباری دووپاتی‌کردووەتەوە ئەو ڕێوشوێنانە کاتین و ئامانج لێی پاراستنی سەلامەتی گشتیـیە، وە مۆڵەت دەدرێت بەوانەی کاریان هەیە و دەچن بۆ خوێندن.

ڕێکخراوەکە دەڵێت 5 کەس لە دانیشتوانی کەمپەکە مۆڵەتی پـێویستیان هەبووە بۆ چوونە دەرەوە لە کەمپەکە، بەڵام هێزەکانی ئاسایش لە یەکەم خاڵی پشـکنین ڕێگەیان لێگرتوون. پـیاوێکیش گوتویەتی لە ئەنجامی ئەمە کارەکەی لەدەستداوە و نەیتوانیوە کارێکی تر بدۆزێتەوە کە خاوەن کارەکە نامەی پشتگیری بۆ بکات. گوتوشیانە تەنیا خوێندکاران و هەندێک نەخۆش ڕێگەیان پـێدراوە کەمپەکە جێبهێڵن.

ژنێکیش گوتویەتی هێزەکانی ئاسایش ڕێگەیان پـێداوە لە یەکەم خاڵی پـشکنین تێپەڕببێت، بەڵام لە خاڵی پـشکنینی نزیک هەولێر گەڕاندوویانەتەوە.

ڕێکخراوەکە لە درێژەی ڕاپـۆرتەکەیدا دەڵێت:

پزیشکێکی بنکەی تەندروستی ناو کامپەکە ووتی هەوڵیداوە زۆرێک لە نەخۆشەکان ڕەوانەی نەخۆشخانەکانی هەولێر بکات لەبەرئەوەی بنکەکەیان داودەرمان و چارەسەری زۆر سنورداری تێدایە، بەڵام لە هەوڵەکانیدا سەرکەوتوو نەبووە. ئەو ووتی، "ئاسایش پێیان ووتوین کە متمانەیان بە پزیشکەکان نیە لە ڕەوانەکردنی نەخۆشەکان بۆ نەخۆشخانەکانی هەولێر. پاشان ناچار بووین نەخۆشەکان ڕەوانەی نەخۆشخانەیەکی مەخموور بکەین کە ئەویش داودەرمان و چارەسەری زۆری تێدانیە، بەڵام هێزە ئەمنیەکان ڕێگری لەوەش دەکەن."

ژنێکی سێ مانگ دوو گیان لە نەخۆشخانەکەی مەخموور بە نامەیەک کە مۆری قایمقامی مەخموری پێوە بووە ڕەوانەی نەخۆشخانەیەکی هەولێر کراوە بۆ تاقیکردنەوەی سکپڕی. ئەو ژنە لە کاتژمێر ٧ی سەرلەبەیانیەوە تا نیوەڕۆ لە بازگەیەک چاوەڕێ دەکات لە ڕۆژی ٣١ی تشرینی یەکەم. ئەو ژنە ووتی، "ئەفسەرێکی زۆر بێشەرم پێی گووتم ئەگەر بۆ ماوەی ساڵێکیش چاوەڕێ بکەی ڕێگەت نادەم بچیتە هەولێر تەنانەت ئەگەر مۆڵەتیشت هەبێت. ئەو ئەفسەرە مۆڵەتەکەی لێسەندم و گەڕاندمیەوە.”

ژنێکی تری دوو گیان کە سکی شەش مانگ دەبێت ووتی لە ئێوارەی ڕۆژی ٨ی ئاب مێردەکەی بەپەلە دەیباتە بنکەی تەندروستی کامپەکە بەهۆی خوێن بەربوونیکی زۆر لێی. پزیشکی بنکەکە دەڵێ دەبێت بە پەلە ببرێتە نەخۆشخانەیەکی هەولێر بۆ چارەسەری بەپەلە. کامپەکە ئۆتۆمبێلی فریاگوزاری نابێت بۆیە مێردەکەی بە ئۆتۆمبێلی خۆی دەیبات بەرەو هەولێر. لە سێ بازگەی یەکەم ڕێگەی چوونە هەلێریان پێدەدرێ بەڵام لە دوا بازگە ڕێگریان لێدەکرێت.

ژنەکە ووتی، "ئەفسەرێک لە بازگەکە بە مێردەکەمی ووت کە ڕێنماییان پێدراوە ڕێگە بە هیچ کەسێکی ناو کامپەکە نەدەن بچێتە هەولێرەوە. لە ناو ئۆتۆمبێلەکەدا خوێنم لێدەڕۆشت بەڵام ئەفسەرەکە تەماشای کردم و ووتی باشم و هیچم نیە." ژنەکە ووتیشی ناچاریان کردین بە گەڕانەوەو لە ڕێگادا منداڵەکەم لەبارچوو: زۆر دڵتەنگ بووم بە لەدەستدانی منداڵەکەم. لەکاتی لەدەستدانی منداڵەکەمدا وا هەستم دەکرد کە خۆشم دەمرم بەڵام هیچ کەس گوێم پێنادات. لەو کاتەوە هیچ چارەسەرێکی گوونجاوی تەندروستیم بۆ نەکراوە."

پزیشکی ناو کامپەکە ووتەکانی ئەو ژنەی پشت ڕاستکردەوەو ووتی کە ژنێکی تری ناو کامپەکە بە هەمان شێوە منداڵەکەی لەبارچووە لەبەرئەوەی ڕێگەی تێپەڕین و چوونە نەخۆشخانەی پێنەدراوە لە بازگەکانی سەر ڕێگەی هەولێر.

ژنێکی تەمەن ٤٥ ساڵ کە پێنج منداڵی هەیە ووتی لە ئەنجامی گەمارۆی سەر کامپەکە خۆی و مێردەکەی کارەکەیان کە بریتی بووە لە کاری پاککردنەوە لەدەستداوە چونکە ئەو جۆرە ئیشانە نامەی پشتگیریان نیە. ئەو ژنە ووتی نزیکەی هەزار دانیشتووی ناو کامپەکە لە هەولێرو شارەکانی تر کاری لەو جۆرە دەکەن. ئەو ووتی، "ئەوەی پەیامان دەکرد تەنها بەشی خەرجی ڕۆژانەی دەکردین. لە یەکەم بەیانی ڕۆژی جەژن دەستم بە گریان کرد لەبەرئەوەی نەمانتوانی شیرینی و جل و بەرگ بۆ منداڵەکانمان بکڕین. بۆ ئێمە جەژن نەبوو."

ئەندازیارێک کە لە کۆمپانیایەکی دروستکردنی بینا لە سلێمانی کاری دەکرد ووتی، پاش ئەوەی بەرپرسان دەستیان کرد بە رێگریکردن لە دانیشتوانی ناو کامپەکە لە تێپەڕین بەناو بازگەکاندا کارەکەی لەدەستداوە. ئەو ووتی، کارتی مانەوەو کارتی ئەندامێتی سەندیکای ئەندازیارانیشی لە بازگەکان نیشانداوە، بەڵام ئەفسەرەکان پێیان ڕاگەیاندووە هیچ دانیشتویەکی ناو کامپەکە ڕێگەی پێنادرێ بچێتە ناو هەولێر.

هاووڵاتیەکی کوردی عێراقی دانیشتووی مەخموور کە لە نزیک کامپەکە دەژی ووتی، لە ٦ی تشرینی دووەم هەر جارێک بە ئۆتۆمبێلەکەیەوە بەناو بازگەکەدا تێدەپەڕی پرسیاریان لێدەکرد کە ئایا هیچ کەسێکی ناو کامپەکەی هەڵنەگرتووە: "زۆر کەس دەبینم بە ژنی پیر و خەڵکی نەخۆشیشەوە، لەسەر زەوی نزیک بازگەکان دانیشتوون و لە ئاسایشەکان دەپاڕێنەوە کە ڕێگەی تێپەڕبوونیان پێبدەن. تێناگەم بۆچی ڕێگریان لێدەکەن."

ئەو هاووڵاتیانەی ناو کامپەکە کە چاوپێکەوتینیان لەگەڵ کرا ووتیان ڕێگەیان پێدراوە بچنە ناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی حکومەتی بە‌غدا، بەڵام بەهۆی نەزانینی زمانی عەرەبی و نەبوونی ناسنامەی پێویست و دەستگیرکردن ناوێرن بچنە ئەو ناوچانە. زۆرێک لە خێزانەکان ناسنامەی مانەوەکانیان لە ساڵی ٢٠١٤وە بەسەرچووە، بەڵام حکومەتی بەغدا لە ساڵی ٢٠١٨ دەستیکردووە بە نوێکردنەوەیان. لە ماوەی ئەو چوار ساڵەدا بازگەکانی حکومەتی هەرێم ڕێگەیان بە دانیشتوانی ناو کامپەکە داوە بچنە شارەکانی کوردستان. سێ دانیشتووی ناو کامپەکە ووتیان لەسەرەتای مانگی ئەیلولی ساڵی ٢٠١٩ دوو پیاوی دانیشتوی کامپەکە کاتێک هەوڵیانداوە بە ناسنامەی بەسەرچووەوە لە ڕێگەی موسڵەوە بچنە دهۆک لەلایەن چەند چەکدارێکی نەناسراوەوە فڕێندراون و تائێستاش بێسەروشوێنن.

بەپێی پێوەرە نێودەوڵەتیەکان پێویستە لەسەر حکومەتی هەرێمی کوردستان مافی ئازادی نیشتەجێ بوون و هاتوچۆ بۆ خەڵکانی ناوچەکانی ژێرکۆنترۆلی دابین بکات. بەپێی یاسا نێودەوڵەتیەکان، حکومەتی هەریم تەنها لەکاتێکدا دەتوانێ هاتوچۆی هاووڵاتیەکانی و ئەوانەشی کە هاووڵاتی نین سنوردار بکات کە بەپێی یاسا بێت و بۆ پارێزگاریکردنی ئاسایشی نەتەوەیی و سەلامەتی و وورەو تەندروستی گشتی بێت یان بۆ پارێزگاریکردن بێت لە ماف و ئازادیەکانی خەڵکانی تر. جگەلەوەش، دەبێت جیاکاری نەکرێت لە سنووردار کردنەکان و بە قەد قەبارەی مەترسیەکە بێت.

هەروەها یاسا نێودەوڵەتیەکان قەدەغەی ئەوە دەکەن کە ئازادی هاتوچۆ بە پشت بەستن بێت "بە مەبەست یان هۆکارێکی تایبەت بۆ ئەو کەسەی دەیەوێت لە شوێنێکەوە بچێتە شوێنێکی تر."

وویتسن ووتی، "نابێت دایکان کۆرپەکانیان لە دەست بدەن ئینجا حکومەتی هەرێم تێبگات لەوەی کە ئەو گەمارۆیەی سەپاندویەتی بە سەر کامپەکەدا زیاد لەحەدە. جێی شۆک و سەرسوڕمانە تا ئێستا بەرپرسانی حکومەتی هەرێمی کوردستان کۆتاییان نەهێناوە بە سنوردارکردنی مافی هاتوچۆی ئاوارەکانی کامپی مەخموور."

XS
SM
MD
LG