حکومەتی هەرێمی کوردستان دەستیکردووە بە بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان لەسەر ئاستی جیا جیا و وەزارەتی پەروەردەی ڕاسپاردووە بۆ بڵاوکردنەوەی هۆشیاریی زانستی لەسەر بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان.
سەرۆکایەتی دیوانی ئەنجومەنی وەزیرانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە 11 ی مانگی 10 ی ساڵی 2023 دا و لەسەر فەرمانی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران، مەسرور بارزانی، وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستانی بۆ بڵاوکردنەوەی هۆشیاریی بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان لە ناوەندەکانی خوێندن و کۆمەڵگەدا ڕاسپاردووە.
لە نوسراوەکەدا ئاماژە بەوە دراوە " لە ماوەی 30 ڕۆژدا پلان و نەخشەڕێگەی وەزارەتی پەروەردە بۆ ئەم مەبەستە بۆ ئەنجومەنی وەزیران بەرز دەکرێتەوە، تاوەکو کاری لەسەر بکرێت."
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان مەسرور بارزانی بەشداری لە کۆنفرانسێکی بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان و کارتێکەرە عەقڵییەکانیش دەکات لە هەولێر کە هەریەک لە لایەنە پەیوەندیدارە ناوخۆیی و دەرەکییەکانی پەیوەست بەو پرسەوە بەشداری تێدا دەکەن.
لە کۆنفرانسەکەدا تاوتوێی پرسی بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان دەکرێت و چارەسەری هەمەلایەنە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی دەخرێتەڕوو.
مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێم لە پۆستێکی تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس (تویتەر) دا دەڵێت "بەکارهێنانی ماددە هۆشبەرەکان و بازرگانیکردن پێوەی کۆمەڵگاکان بە تەواوەتی دەخاتە مەترسییەوە. هیچ سنوورێک ناناسن.
ڕوبەڕوبونەوەی هەردووکیان پێویستی بەوەیە پێکەوە لە عێراق و لەگەڵ دراوسێکانمان کاربکەین.
ئێمە پشتگیری لە ناوەندەکانی چاکسازی دەکەین بۆ چارەسەرکردنی قوربانییەکان و یارمەتیدانی چاکبوونەوەیان. هیوادارم هاوبەشەکانمان بەشداریمان بکەن."
بەپێی فەرمانگەی میدیا و زانیاری حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئامانجی سەرەکی کۆنفرانسەکە بریتییە دەبێت لە لێکۆڵینەوەیەکی وردی پرسی ماددە هۆشبەرەکان و کارتێکەرە عەقڵییەکان و هاوکاریکردنی حکومەت لە بەهێزترکردنی سیاسەتی بەرەنگاربوونەوەی ئەو ماددانەدا، ئەوەش لە پێناو پاراستنی ئاسایشی کۆمەڵایەتی و تەندروستی هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان.
سەرچاوە/ ماڵپەڕی حکومەتی هەرێمی کوردستان