Accessibility links

شاناز ئیبراهیم ئەحمەد باس لە کێشەکانی نێوان هاوسەرۆکانی یەکێتی دەکات


ئەندامێکی دەستەی کارگێڕی مەکتەبی سیاسی یەکێتی نیشتمانی کوردستان باس لە کێشەکانی نێوان بافڵ تاڵەبانی و لاهور شێخ جەنگی هاوسەرۆکانی حزبەکەی دەکات، دەڵێت ئەمەی ڕوویداوە کێشەی خێزانی نیـیە، بەڵکو کێشەیەکی تەواو حزبیـیە.

شاناز ئیبراهیم ئەحمەد لە وتووێژێکی تایبەتدا لەگەڵ بەشی کوردی دەنگی ئەمەریکا وەڵامی کۆمەڵێک پـرسیاری گرنگ دەداتەوە.

please wait

No media source currently available

0:00 0:33:33 0:00
Direct link

تەواوی وتووێژەکەیە:

جانی دیلان: شاناز خانم لە سەرەتادا زۆر خۆشهاتن بۆ بەرنامەکانی بەشی کوردی دەنگی ئەمەریکا. زۆری بە هیوابوون یەکێتی لە پاش کۆنگرە لەو ململانێ و باڵباڵێنە ڕزگاری بێت، بەڵام بەوەی لە نێوان بافڵ و لاهور ڕووی‌دا، زۆری لە ناوەوە و دەرەوەی یەکێتی بێ ئومێد کرد. ئێوە وەکو ئەندامێکی سەرکردایەتی ئەو حزبە ئایا ئەمە کێشەیەکی خانەوادەگییە یان حزبییە یاخود کێشەی نێوان ئامۆزاکانە و بەسەر هەموویاندا دەشکێتەوە؟

شاناز ئیبراهیم ئەحمەد: لە ڕاستیدا ئەوەی کە ڕوویداوە من ناتوانم بڵێم کە کێشەیەکی خانەوادەییە چونکە ئەو کێشەیە پەیوەندی بە دوو کەسایەتی ئەم هەرێمەوە هەیە، کە دوو کەسایەتی گشتین وە هەردووکیشیان هاوسەرۆکی حزبێکن کە ئەیخاتە چوارچێوەی کێشەیەکی حزبییەوە، ڕاستە هەر هەموومان ئومێدێکی زۆر زۆرمان هەبوو یەکێتی کە دروشمەکەمان نوێبوونەوەی یەکێتی بووە، وە لەو کاتەشەوە کە دەستمان کردووە بە ئیش لە دوای کۆنگرەوە بە دەیان لیژان دانراون. من ئەوەندەی لە خەیاڵمدا بێت تاوەکو ئێستا27 لیژنەم حساب کردووە کە ئەم لیژنانە دانراون بۆ ئەو چاکسازییەی کە ئێمە وەکو حزب بڕیارماندابوو بیکەین لە ناو حزبەکەدا، بەڵام بەداخەوە لەگەڵ ئەوەشدا کە لیژنەکان ئیش و کارەکانی خۆیان جێبەجێ دەکرد و پێشنیارەکانی خۆیان بەرز دەکردەوە ئەگەیشتە شوێنێک و ئەچەقی، بۆیە ئەم کێشانەی کە ڕوویانداوە بە ڕاستی هەر وەکو وتم کێشەی حزبین. ڕاستە ئەو دوو کەسە خزمی یەکتری بوونە کە لەو ڕووەوە ئەکرێت تۆ بڵێیت خراوەتە چوارچێوەی عائیلەوییەوە، وە بە ڕەئی من هەر لە سەرەتاوە هەڵەبوو کە بە ناوی کێشەی عائیلەوی ناوی لێبنرێت چونکە کێشەکە زیاتر پەیوەندی بە حزبەکەمانەوە هەبوو.

جانی دیلان: باشە بڕیاری بافڵ بەرامبەر بە لاهور بەبێ گەڕانەوە بۆ ئۆرگانەکانی یەکێتی، یاسای ناوخۆی یەکێتی، مەکتەبی سیاسی پێشێلی نیـیە لە چوارچێوەی کاری ڕێکخراوەیی و بڕیارێکی تاکە کەسییە بەستراوە بە خودی لاهورەوە؟

شاناز ئیبراهیم ئەحمەد: نەخێر. ئەگەر تۆ وەکو لە چوارچێوەی حزبیدا تەماشای بکەیت، ئەو گۆڕانکارییانەی کە کراون، ئەو هەڵوێستانەی کە وەرگیراون بە ڕاستی بەشێکی پەیوەندی بە حکومەتەوە هەبووە، بەشێکی پەیوەندی بە حزبەوە هەبووە، هەموو ئەو گۆڕانکاریـیانەی کە بەرنامەی بۆ دانراوە و پێشتر باسی لێوەکراوە، هەندێکی وەکو وتم پەیوەندی بە حکومەتەوەیە، حکومەت خۆی. ڕاستە ئەوانە هەندێکی نوێنەری حزبن، بەڵام حزب داوا لە حکومەت دەکات بیگۆڕێت وە هەروەها ئێمە چەند جار لە کۆبونەوەکانی مەکتەبی سیاسیدا باسی ئاڵوگۆڕمان کردووە کە پۆستەکان هەندێکی دەبێت گۆڕانکاری تێدا بێت، هەندێکی زۆر دەمێکە لەو شوێنانە ماوەتەوە، هەندێکی پێویستە خەڵکی بە ئەزموون بێنە پێشەوە، هەندێکی بەو شێوازە مامەڵەی نەکردووە لەگەڵ خەڵکدا، لەبەر ئەوە خەڵک لێی ڕازی نیـیە، تەنانەت لە کۆبوونەوەکانی لەگەڵ گۆڕانیشدا باسی ئەوەمان کردووە کە پۆستە خۆجێییەکان و پۆستەکانی کە هەمانە، پێداچوونەوە بە هەر هەموویاندا بکرێت و ئەو گۆڕانکارییانە بکرێن.

جانی دیلان: دەتەوێت بڵێیت ئەم بڕیارە بڕیاری سەرجەم سەرکردایەتی یەکێتییە؟

شاناز ئیبراهیم ئەحمەد: بەڵێ، ئەتوانم بڵێم ئەو گۆڕانکارییانەی کە داوامان کردووە گۆڕانکاری هەموو حزبەکە بووە، چونکە پێم وتن لە چەندین مەحزەردا ئێمە داوای گۆڕانکاریمان کردووە، وە بە ڕەئی من گۆڕینی دوو پۆست لەناو حزبێکدا بە ڕاستی پێویستی بەم هەموو کێشە و گرفت و ئاڵۆزییە نەدەکرد، چونکە هەر کەسێک دەبێت تەوەقوعی ئەوە بکات کە لە پۆستێکدا لاببرێت بە تایبەتیش ئەو کەسانەی کە چەند سکاڵای خەڵک لەسەر کەسێک کە لە پۆستێکدا دانراوە تۆ وەکو حزب وە وەکو حکومەتیش دەبێت ئیجرائات بەرامبەر بەو هینانە بکەیت.

جانی دیلان: لە میدیا و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ئاماژە بە ڕۆڵی ئێوە دەکرێت وەکو ئەندازیاری لادانی لاهور، وەڵامی ئێوە چیـیە؟

شاناز ئیبراهیم ئەحمەد: وەڵاهی من زۆر پێکەنینم بەو مەوزوعە دێت. زۆر کەس باس لەوە دەکات و زۆر کەسیش دەیخاتە چوارچێوەی کودەتاوە و نازانم لەم قسانەی کە دەکرێت لەمبەر و لەوبەردا، من خۆم کارگێری ئەم حزبەم وە لە پلەیەکی زۆر بەرزدام وە هیچ وەختێکیش تموحی ئەوەم نەبووە کە شەخسی یەکەم بم وە ناشمەوێت بەرپرسیارێتی حزبێکی 46 ساڵە بخەمە سەر شانی خۆم وە ئەگەر پلانەکەش یا هەر شتێک کە ئەو خەڵکە باسی لێوە دەکات، ئیتر بە هەر چ ناوێک ناوی دەبات بۆ ئەوە بێت کە پلەی خوشکەزاکانی خۆم بەرز بکەمەوە و بیانکەم بە شەخسی یەکەم بە ڕاستی ئەوان هەردووکیان شەخسی یەکەمن لە حکومەتدا پلەی لەوە بەرزترمان نیـیە هەتاوەکو هەوڵبدەم خوشکەزایەکم پلەکەی لەوە بەرزتربێت، لە حزبیشدا پلەی لەوە بەرزترمان نەبووە کە هەوڵی بەرزکردنەوەی پلەی بافڵی بۆ بدەم، بۆیە زۆر زۆرم پێ سەیرە ئەو خەڵکە بە بێ ئەوەی بیری لێبکاتەوە شوێن کۆمەڵێک قسە و پڕوپاگەندە دەکەوێت. ڕاستە ئەو دوو خوشکەزایەی من بەبێ پلەش بە حوکمی دایک و باوکیان گەورەترین پلەیان هەیە. یانی شتەکە زۆر بە نادادپەروەرانە و بەبێ بیرکردنەوە لەناو خەڵکدا ئەو تۆمەتە بڵاودەکرێتەوە کە بەداخەوە شتێکی زۆر ناشرینە نەحزبییانەیە، بۆیە ناتوانم بیخەمە چوارچێوەی هیچ شتێکەوە جگە لە تۆمەتبارکردن و ناشرینکردنی ناوم.

جانی دیلان: هەرچەندە ئەو باسانە دەکرێت، بەڵام زۆر کەس ئەمە بە کودەتا ناودەبن، دەڵێن دەستی دەرەکی لە پشتەوەیە، وە باس لە ڕۆڵی تورکیا و ئێران و بگرە پارتیش دەکرێت، ئەمە تا چەند ڕاستە؟

شاناز ئیبراهیم ئەحمەد: لە ڕاستیدا ئەمە هیچ ئەسڵ و ئەساسێکی نیـیە و بە هیچ شێوەیەک ڕاستی تێدا نیـیە، وە درۆیەکی شاخدارە، زۆر زۆر بە داخەوە، ئەوە کێشەیەکی حزبیە من هەرگیز لەو بڕوایەدا نیم کە ئەو وڵاتانە، هەر یەکێک لەو وڵاتانە کێشەیەکی زۆر زۆری ناوخۆی خۆی هەیە، کێشەی وڵاتەکانی خۆیان هەیە، ئایا ئەوان هیچ ئیش و کاریان نیـیە دابنیشن دەسیسە دابنێن و داوا لە یەکێتی نیشتمانی کوردستان بکەن بەرپرسی کەرتێک یان بەرپرسی کۆمیتەیەک یان بەرپرسی دائیرەیەکمان لاببرێت! من نازانم بۆ ئەو خەڵکە ئەم گۆڕانکارییەی خستووەتە بابەتێکی ئیقلیمی و دەولی و ئەم شتانەوە، من دووبارەی دەکەمەوە ئەسڵ و ئەساسی نیـیە وە درۆیەکی زۆر گەورەیە.

جانی دیلان: با بێینە سەر ئەو تاوانانەی ئاڕاستەی لاهور کراوە لە گەندەڵی، ژەهراویکردنی هێرۆ خانم و بافڵ، ئایا بە بەڵگە سەلمێنراون؟ وە ئەگەر سەلمێراون بۆچی تا ئێستا بڵاوناکرێنەوە؟

شاناز ئیبراهیم ئەحمەد: هەر وەکو خۆتان دەزانن هەندێک شت هەیە کە زۆر زوو دەتوانی ئیسپاتی بکەیت، هەندێکی پێویستی بە لیژان هەیە پـێویستی بە لێکۆڵینەوە هەیە، پێویستی بە کۆکردنەوەی بەڵگەی زۆرتر هەیە، هەندێکی من دەتوانم بڵێم بەڵێ بەڵگە هەیە، بەڵێ بەڵگەکان هەمووی ئامادەن، هەندێک لەو بەڵگانە و ئەو هەڵوێستانەی کە دەبێت بەرامبەر بەو تۆمەتە وەکو کە خۆتان دەڵێن ئەو تۆماتانەی خەڵک باسی دەکات، ئەوە دەبێت لە ڕووی یاساییەوە ڕووبەڕووی یاسا بکرێتەوە، چونکە ئێمە حاکم نین و مەحکەمە نین، ئێمە کۆمەڵێک شت هاتۆتە پێشەوە، بە بەڵگەوە هەیە وە هێشتا لیژنەکانیش بەردەوامن لە ئیش و کارەکانی خۆیان، هەر کاتێک ئەو لیژنانە کاروباری خۆیانیان تەواو کرد بۆ مەسەلەی ژەهر خواردنی بافڵ من ناتوانم ئینکاری ئەوە بکەم کە ئەو کارە نەکراوە، بەڵێ کراوە، وە ئەوەش کارێکی زۆر زۆر ناشرین بوو، نە ئەبوایە هەرگیز هیچ کەسێک لەم سەدەیەدا لە ساڵی 2021 دا پەنا بەرێتە بەر ئەو شێوازی لەناوبردنی ڕکابەرەکەی یان براکەی یان ئامۆزاکەی یان هاوسەرۆکەکەی خۆی، ئەوە کارێکی زۆر زۆر نا بەجێ بوو.

جانی دیلان: شاناز خانم بە نیازن یەکێتی ئەو بەڵگانە بڵاوبکاتەوە

شاناز ئیبراهیم ئەحمەد: بەڵێ، هەر کاتێک، وەکو وتم ئەوانەی پەیوەندی بە حزبەوە هەیە کە دەبێت حزب ئاگاداری بێت، بەڵێ دڵنیاتان دەکمەوە کە هەموو ئەو بەڵگانە دەبرێنە بەردەمی ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکێتی نیشتمانی کوردستان، هەروەها ئەوانەشی کە پەیوەندی بە خەڵکەوە هەیە، بە بژێوی خەڵکەوە هەیە، بە ئارامی خەڵکەوە هەیە، بە ئەرز و زەوی و موڵک و ماڵ و سەروەت و سامانی ئەم میللەتەوە هەیە، هەموو ئەوانە هی گشتین و دەبێت هەموو ئەوانە ڕووبەڕووی دادگا بکرێنەوە و لە ڕووی یاساییەوە یەکلابکرێنەوە.

جانی دیلان: بەڵام ئەو جۆرە یاسایە هەر لاهور و براکانی دەگرێتەوە، یان هەموو کەسێک لەو هەرێمەی سەوزی سلێمانی - یەکێتی؟

شاناز ئیبراهیم ئەحمەد: نەخێر ئەوە بەس ئەوان ناگرێتەوە، مرۆڤ ناتوانێت بڵێت وەڵا من یاساییەک دەردەکەم بەس بۆ فڵان و فیسار، نەخێر. ئێمە وەکو حزب کە بەڵێنی ئەوەمان داوە چاکسازی بکەین، چاکسازی دەبێت هەر هەموو کەسێک بگرێتەوە، بەبێ گوێدانە پلە و پایەی حزبی و کۆمەڵایەتی ئەو کەسە.

جانی دیلان: کەسێک کە خاوەنی هەرە هەستیارترین پۆست بووە لە ناو یەکێتی وە لە لوتکەی ئەو حزبەدا بووە، چۆن وەها بە ئاسانی ئەو تاوانانەی ئاڕاستە دەکرێت؟

شاناز ئیبراهیم ئەحمەد: لە ڕاستیدا نازانم مەبەست لەوەی کە چۆن وەها بە ئاسانی ئاڕاستەی دەکرێت، هەندێک شت دێنە پێشەوە کە تۆ بەبێ ئەوەی بزانیت کەسەکە کێیە پیاچوونەوە بۆ شتێک دەکەیت، لێکۆڵینەوە لە شتێک دەکەیت، سەیر دەکەیت کەسێکی تری لە پشتەوە دەرئەکەوێت، ئەو بابەتانە شتێک نین شاراوەبن لەو شارەدا، شتێک نین کە کەس بتوانێت ئینکاری بکات، وە بە تایبەتیش کە بەڵگە لەسەر ئەو شتانە بوون، بۆیە کە ئێمە وتوومانە وەکو حزب باسمان لەوە کردووە چاکسازی دەکەین وە ڕووبەڕووی گەندەڵی دەوەستینەوە، یاخود ڕووبەڕووی نا دادپەروەری دەوەستینەوە لەم حزبەی خۆمان و لەم هەرێمە و لەم شارەدا، بە ڕاستی تۆ ناتوانی بڵێیت فڵان و فڵان بەدەر دەبن لەو بڕیارە یان لەو چاکسازیـیە. جێگەی داخە کە شتەکان بەو ئاقارەدا ڕۆشتن بەڵام ئەوە واقیعێکە کە کەسمان ناتوانین نکوڵی لێبکەین.

جانی دیلان: بەڵام بۆ ئەم بوختان و تاوانانە ساڵێک لەمەوپێش، چەند مانگێک لەمەوپێش، کەس باسی لێوە نەکردوون؟

شاناز ئیبراهیم ئەحمەد: لە ڕاستیدا ئەم شتانە هەمووی وەکو باسیشم لێوەکرد هەمووی مقۆ مقۆ بوو، خەڵک باسی دەکرد، لەناو شار باس دەکرا، لەناو حزبدا باس دەکرا، بەڵام ئەوە بوو بە ئیجرائاتێکی حزبی بەرامبەر بەم هەموو مقۆ مقۆ و بەم هەموو قسە و بێنە و بەردانە نەئەکرا، وە من نایشارمەوە بەشێک لەوانەش دەگەڕێتەوە بۆ میدیا و ئەم سۆشیاڵ میدیایانە کە شتەکانیان بە شێوازێک تێکەڵ بە یەکتری دەکرد کە وەهای لێدەهات تۆ بڕوا بەم قسانەش نەکەیت، یانی تاوەکو تۆ تەحقیقی تێدا نەکەیت ناتوانێت بڕوا بە مقۆ مقۆ و قسە و دیعایەی خەڵک بکەیت، کە تۆ مەسەلەن جەنابت لێرە ناژیت هیچ پەیوەندیـیەکت نیـیە بۆ نمونە بڵێین بە ئەزمەڕەوە، ئەگەر شتێک بڵاوئەکرێتەوە ئەڵێی فڵان ئەوەی کردووە و فیسار ئەمەی کردووە ئەمە ئەوەی کردووە، جەنابیشت ئەزمەڕت داگیرکردوە کە خۆت لە خۆت مسۆگەر بیت کە هیچ پەیوەندیت بە ئەزمەڕەوە نیـیە، لەبەر ئەوە وەهای لێدەکات ئەم شێوازی دیعایەکردنە کە تۆ بڕوا بە هەواڵەکەی تریش نەکەیت. بەڵێ ئەم ئیجرائاتانە لە ڕاستیدا وەکو پێم وتن، ئێمە 27 لیژنە تاوەکو ئێستا ئیشی کردووە، بەشێک لەو لیژنانەش پەیوەندی بەو چاکسازییانەوە بووە بە ڕاگرتنی ئەم هەموو دیعایە بووە ، ئەو هەموو عەرزە داگیرکراوە ئەو هەموو عەرزە فرۆشراوە، ئەو هەموو تەجاوەزە بووە، هەندێک مەسەلە هەبووە پەیوەندی بە مەتاری سلێمانیەوە هەبووە، هەندێکی پەیوەندی بە سەرانە سەندن هەبووە لە سەرمایەدارەکان، هەموو ئەمانە کێشە بوونە هاتوونەتە پێشەوە، وە ئەم کێشەیەی کە ئێستا لە فڵان ڕۆژەدا یان لە فڵان دەقە و سانیەدا ڕوویانداوە شتێک نەبووە کە بڵێیت لە ناو حزبدا ڕوویان‌دابێت. نەخێر پێشتر لێکۆڵینەوە بۆ زۆر بابەتی لەوانە کراون، وە ئەو کاتە هەوڵدرا کە بەبێ توەگلاندنی هەموو شتێک ئەو شتانە چارەسەربکڕێن و ڕێگری بکرێت و ڕابگیرێت، بەڵام بە داخەوە نەکرا، کە نەکرا تۆ ناتوانیت هەر بەردەوام بیت و بهێڵیت ئەو خەڵکە بەو شێوەیە ئازار بکێشێت.

جانی دیلان: ئەگەر باس لە گەندەڵی لاهور دەکرێت، بەس ئەو کەسانەی کە دەستیان بەسەر کۆمپانیاکانی جگەرە هاوردن، دەرمان، یان ئەو کەسانەی دەستیان بەسەر زەوییەکاندا گرتووە چی؟ وە یاخود کەسێک هەیە لەو هەرێمە، لە کاربەدەستێکی بچووکەوە بگرە تا هەرە کاربەدەستە باڵاکان ناویان لە لیستی دز و جەردە و گەندەڵی نەهاتبێت؟

شاناز ئیبراهیم ئەحمەد: ئەوە شتێکە زۆر زۆر هینە، یەعنی کە تۆ دەڵێیت ئێستا مەسەلەی گەندەڵی کەس نەیوتووە کە لاهور یانی ئیتیهامەکە بیدا بەو، لەوانیە زۆری ئەم لیژانانە هەندێک لەو شتانە ئەسڵەن پەیوەندی بەوەوە نەبێت. کە ئێمە ئەڵێین لیژان دانراوە، تەحقیق کراوە، پیاداچوونەوە کراوە بە مەسەلەی ئەرزەیە، مەسەلەی جگەرەیە، مەسەلەی مەتارە، مەسەلەی نازانم چیـیە، خەڵکێکی تریش دەستی هەیە لەو شتانە، دەرمانە، هەر شتێکە، ئەمە تەنها کەسێک نیـیە کە تۆ ڕووبەڕووی بڵێیت هەموو ئەمانە فڵان کەس کردویەتی، نەخێر وەها نیـیە، لە هەموو کێشەیەکدا کۆمەڵێك خەڵکن، وە هەموو ئەو کەسانە دەبێت ڕووبەڕووی دادگا ببنەوە. ئەم مەسەلەیە تکایە با ناچێتە چوارچێوەی ئەوەی کە هەموو ئەو شتانە ئەو بە تەنیا کردوونی، نەخێر هەندێک شت کە کراوە لەوانەیە بە هیچ شێوەیەک پەیوەندی بەوەوە نەبێت، پەیوەندی بە کەسێکی نزیکیەوە هەبێت یان پەیوەندی بە هاوڕێیەکمانەوە هەبێت، یان پەیوەندی بە کەسێکی ترەوە هەبێت لەناو حزبەکە یان پێشووتر لە حزبەکەدا بووبێت، ئەوانە هەمووی من دڵنیام کە هەموو ئەو کەیسانە هەموو ئەو بابەتانە کە لێکۆڵینەوەی لێکراوە بە ویژدانەوە، بە سدقەوە دەدرێتە دەستی یاسا وە لە ڕێی یاساوە مامەڵەی لەگەڵدا دەکرێت.

جانی دیلان: دەوترێت ئەوەی بەرامبەر بە لاهور کرا، تەنیا ترس بوو لە فراوانی جەماوەری ئەو کەسە، ئایا وایە؟

شاناز ئیبراهیم ئەحمەد: وەڵاهی نازانم ئەو قسەیە بۆ کراوە، چونکە ئێمە هەموو جارێک دڵخۆشین وەکو یەکێتی لە جەماوەری کولی تاکێکمان، چونکە لە کۆتاییدا جەماوەری کولی تاکێکمان دەبێتە جەماوەری یەکێتی. وە لەوانەیە کۆمەڵێک کەس فڵانی بەدڵ بێت و کۆمەڵێک کەسی دیکە فڵانی بە دڵ بێت، بەڵام کۆی ئەو خەڵکە جەماوەری یەکێتییە، لەبەر ئەوە نازانم مرۆڤ بۆ دەبێت بترسێت لە کەسێک کە جەماوەرەکەی جەماوەری یەکێتی بێت. ئەوانە جەماوەری شەخس نیین کە شوێن ئەحمەد یان مەحمودی ئەم حیزبە کەوتووە، لەبەر یەکێتیبوونی شوێنی کەوتووە، لەبەر ئەوەی خوێنی بۆ ئەم حیزبە ڕشتووە، شوێنی کەوتووە لەبەر ئەوەی میژووی لەم حیزبەدا هەیە شوێنی کەوتووە. بۆیە ئەو خەڵکە جەماوەری یەکێتین کەسیش ترسی لە جەماوەری یەکێتی نیـیە.

جانی دیلان: هەتا ئەو ڕادەیەی من بزانم بم چ خۆتان وە چ لاهور دژ بە شەڕی پەکەکەن. ئایا ترسی ئەوە هەیە دوای ئەوەی لاهور لەکارخرا ترسی ئەوە هەیە یەکێتی بچێتە شەڕی پەکەکەوە و هاوکاری تورکیا و پارتی بکات؟

شاناز ئیبراهیم ئەحمەد: نەخێر بە هیچ شێوەیەک، چونکە ئەو بڕیارە، بڕیاری تەحریمکردن و تەجریمکردنی شەڕی کورد و کورد لەلایەن یەکێتی نیشتمانی کوردستانەوە ئیمزاکراوە، بە لاچوونی من یان بە لاچوونی لاهور یان بە لاجوونی هیچ کەسێک ئەو بڕیارە ناگۆڕێت، ئەوە بڕیارێکی تەواو حزبییە. یەکێتی نیشتمانی کوردستان ئەو بڕیارەی داوە، بۆیە بە هیچ شێوەیەک ئەسڵ و ئەساسی نیـیە، ئەو بڕیارانە بڕیاری شەخس نەبوون، بەڵکو بڕیاری خودی یەکێتی نیشتمانی کوردستانە.

جانی دیلان: باس لەوە دەکرێت ئەگەر لاهور دووربخرێتەوە لە داهاتوودا، ئایا هیچ ترسێک لەسەر ماڵی کۆسرەت ڕەسوڵ هەیە، کوڕانی مام ئەوانیش پەراوێز بخەن؟

شاناز ئیبراهیم ئەحمەد: وەڵاهی نازانم ئەسڵەن ئەو پـرسە بۆ باسی لێوەدەکرێت، چونکە هیچ هینێک نابینم، هەڤاڵێکیان ئەندامی دەستەی کارگێڕییە، ئەوی تریشیان ئەندامی سەرکردایەتییە، وە هەردووکیشیان زۆر زۆر کەسانی نزیک و ئازیزی ئێمەن، بۆیە نازانم ئەسڵەن ئەو پرسیارە بۆ دروستدەبێت، چیە مەسەلەکە، چونکە ئەوەی کە ڕوویداوە بابەتێکی تەواو حزبییە، نە کێشەی تۆڵەسەندنەوەیە، نەدەستبەسەرداگرتنی حزبە، نە لادانی هیچ کەسێکە، بەڵکو کێشەیەکی حزبی سڕف بووە.

جانی دیلان: واتە کەسانێکی دیکە لەناو یەکێتیدا مەترسیان لەسەر نیـیە لە ئایندەدا؟

شاناز ئیبراهیم ئەحمەد: نابێت مەترسی هەبێت، ئەمە حزبە، نازانم بۆ ئەبێت مەترسی هەبێت لەسەر هیچ ئەندامێکی ئەم حزبە، لەسەر هیچ کەسێکی ئەم حزبە، مەترسی لادان بوونی نیـیە. تەنیا ئەگەر وەکو وتم ناوی هەبووبێت لە بەشێک لەو گەندەڵیانەی کە هاتۆتە پێشەوە، ئەگەر مەحکەمە ئیجرائاتی لەسەر بکات، ئەوە پەیوەندی بە حزبەوە نیـیە بەڕاستی.

جانی دیلان: سکرتێری ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکێتی داوای هێورکردنەوەی دۆخەکەی کردبوو، یەکێتی تا چەند ئەو جۆرە داواکارییەی لەبەرچاو گرتووە؟

شاناز ئیبراهیم ئەحمەد: ئەو بابەتە دوێنێ لە کۆبوونەوەی مەکتەبی سیاسیدا هەڵسەنگێندراوە و وەڵامیدرایەوە.

جانی دیلان: ئەو کۆبوونەوانەی کە لە چەند ڕۆژی رابردوودا ئەنجامدران هیچ دەرئەنجامێکی دڵخۆشکەرانەی لیکەوتەوە؟

شاناز ئیبراهیم ئەحمەد: نازانم چی بە دەرئەنجامی دڵخۆشکەر دائەنرێتن، بەڵی دڵخۆشکەر بوو، بڕیاری دانانی لیژنە درا، یەک لیژنەی تایبەت داواکرابوو، ئەو لیژنەیەش دوێنێ دانرا، وە هەروەها بڕیاریش درا کە هەڤاڵ بافڵ لەگەڵماندا دانیشتبوو، وەکو کارگێڕ، وەکو مەکتەبی سیاسی بڕیاری ئەوەمان دا کە بەرنامەی هەڵبژاردن و بەرنامەی ئیش و کارەکانی هەڵبژاردن، هەموو دەستبکەن بە کارکردن و مەکتەب و مەڵبەندەکانی یەکێتی نیشتمانی کوردستان هەر هەمووی دەستبکاتەوە بە مەسەلەی هەڵبژاردن و ئیش و کارە حزبییەکان وەک چۆن ڕۆیشتووە زۆر بەهێزتر و بە بەرنامەیەکی نوێیەوە ئیشوکارەکانی خۆیان دەستپـێبکەن، بەلای منەوە ئەوە زۆر دڵخۆشکەرە.

جانی دیلان: ئەوەی لەناو یەکتیدا ڕوویداوە هەتا چەند شیانی هەیە زیان بە هەیکەلی یەکیتی بگەیەنێت و ببێتە هۆی لەتلەتبوونی؟

شاناز ئیبراهیم ئەحمەد: من هەرگیز بڕوا بە لەتلەتبوونی ناکەم، یەکێتی نیشتمانی کوردستان چەندین جار بەرزی و نزمی بەخۆیەوە بینیوە، وە دڵنیام ئەمەش تێئەپەڕێت، وە خۆشیمان بێت و ترشیمان بێت هەر شتە و بە جۆرێک کاریگەریی دەبێت. بەڵام بە هەوڵ و هیمەتی هەموو لایەک و جەماوەری دڵسۆزی یەکێتی و کەسوکاری سەربەرزی شەهیدان و بە هەموومان هەوڵدەدەیەن کە لەم هەڵبژاردنەدا بتوانین پێکەوە کارێکی وەها بکەین کە ناو و ناوبانگ و شکۆی یەکێتی بپارێزین و بەرزی بکەینەوە.

جانی دیلان: باسی هەڵبژادنت کرد، هەتا چەند ئەمە کاریگەری لەسەر هەڵبژاردنەکاندا هەیە؟ نەدەکرا چاوەڕوانبن هەتا دوای هەڵبژاردن ئەم کارە ئەنجامبدرێت؟

شاناز ئیبراهیم ئەحمەد: لە ڕووی مەنتقەوە دەبوایە وەها بوایە، بەڵام من چی بکەم ئەو برادەرە پێش هەڵبژاردنەکان هەوڵی لەناوبردنی هاوسەرۆکەکەی تری دا، ئەبوایە تۆزێک ڕابوەستایە تا دوای هەڵبژاردن.

جانی دیلان: یەکێتی ساڵەهایە هەرچییەکی کردووە ڕژاوەتە ئاسیاوی نەیارانییەوە، کێ لەم کارە سوودمەندە؟

شاناز ئیبراهیم ئەحمەد: لە ڕاستیدا ئەم کارەی دەستمان داوەتێ بە هەر هەموومان کارێکە کە بە دەرەجەی یەکەم لە بەرژەوەندی خەڵکی سلێمانی، دەڤەری سلێمانی و هەرێمی کوردستان و کوردستاندایە، لە بەرژەوەندی خەڵکدایە، لە بەرژەوەندی جەماوەری یەکێتیدایە، لە بەرژەوەندی ئەو خەڵکە بەشمەینەتەی ئەم هەرێمەماندایە.

جانی دیلان: لاهور باس لەوە دەکات کە ئەم کێشەیە بباتە دادگا، لە هەمان کاتدا بافڵیش دەیەوێت لاهور بداتە دادگا. بەو شێوەیەی باس لە دادگاکانی هەرێم دەکرێت ، چ ئومێدێک بە ڕەوایی بۆ چارەسەری ئەم کێشەیە هەیە؟

شاناز ئیبراهیم ئەحمەد: وەڵاهی مەسەلەی دادگاکانی هەرێمیش، بەڵێ دادگا هەیە لێرە، یاساش هەیە لێرە، بەڵام تەدەخولی تیادا کراوە. ئەگەر تەدەخولاتی دادگا ڕابگیرێت، ئێمە حاکمی زۆر زۆر باشمان هەیە، قانونی زۆر زۆر باشمان هەیە، یەکێک لەو ئیشانەی بە جیدی دەستمان داوەتێ ئەوەیە کە تەدەخولاتی ناو دادگا کەمبکرێتەوە، وە هەموو کەسێک دەتوانێت سکاڵا بەرێت بۆ دادگا، بەڵام پێم سەیرە ئەو کەسەی زاڵمە پەنا بباتە بەر دادگا، خۆی عادەتەن ئەو کەسەی زوڵمی لیکراوە پەنا بباتە بەر دادگا، بەڵام نەمبیستووە زاڵم پەنا بەرێتە بەر دادگا.

جانی دیلان: لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان باس لە هەڕەشەی لەشکری بۆ سەر لاهور و دەستگیرکردنی دەکرێت، هەتا چەند ڕاستە؟ وە ئەگەر دەستگیربکرێت ترس لەکاردانەوە نیـیە لەلایەن لایەنگرانییەوە؟

شاناز ئیبراهیم ئەحمەد: لە ڕاستیدا ئەوەش پڕوپاگەندەیەکی تری ئەو لەشکرە ئیعلامیەیە کە تاکو ئێستا بەداخەوە بەو شێوەیە ئیشیانکردووە لە دژی کولی تاکێکی ئەم حزبە، ئیشکراوە لە دژی کولی کەسایەتییەکی ئەم شارە و کولی کەسایەتییەکی ئەم کوردستانە. وە ئەوانە وەکو حەملەیەک بووە بەردەوامی هەبووە، ئەوە چەند ساڵێکە ئەو حەملانە بەردەوام بووە بۆ چەواشەکردنی خەڵک، بۆ نیگەرانکردنی خەڵک، بۆ تۆقاندنی خەڵک، بۆ ئەوەی وەها لە خەڵک بکەن ئاوڕ لە کێشە گەورەکان نەدەنەوە، هێز نەجوڵاوە، ئەو هێزانە نەئەجوڵێن، نەجوڵاون، نە هیچ کەسێکیش بە تەمایە ئەوەیە هێز بجوڵێنێت. وە ئەوە تەنیا پڕوپاگەندەیەکە بۆ راکێشانی عەتفی خەڵک، بۆ ئەوەی بڵێت من مەترسیم لەسەرە. مەسەلەن دوێنێ شەو لە شاری سلێمانیدا یان پێرێ شەو ئەو بەزم و هەڵایە دروستبوو، کە بووە هۆی نیگەرانکردنی خەڵکی ئەم شارە، مەترسییەکی لەلا دروستکردبوون، کە وەرن ئەوە هێز هاتۆتە سەرمان، خەڵکەکە هەمووی بینی بە چاوی خۆی نەهێز رۆیشتووە، نە کەس رۆیشتووە، نە کەس توخنی کەس کەوتووە، بە پێچەوانەوە سەیردەکەیەت لایەنێکی ترە هێز کۆدەکاتەوە و چەکدار دەهێنتە شارەکەوە کە ئەوەش بە ڕاستی بابەتێکی زۆر زۆر نایاساییە، بابەتێکی زۆر زۆر خەتەری ئەمنییە، ئەو کەسانەی کە کۆئەبنەوە لەو کۆڵان و لە بەردەرکی ئەو ماڵانە، تۆ نازانیت کێن، نازانیت بە چ نیازێک رۆیشتونەتە ئەوێ، ئەوا هەمووی ئەڕوات، خەڵک لەوێ ئەژی، خەڵکی تری لێیە، ژنی لێیە، مناڵی لێیە. رۆیشتنی ئەو خەڵکە هەروا بە ئیعازێکی تەلەفونی، ئەمە بە ڕاستی کارێکی زۆر زۆر نەگونجاو و نامەقبوولە.

جانی دیلان: گومانی تیادا نیـیە ئەم ڕووداوە کاریگەری لەسەر ئارامی و بارودۆخی هەرێمەکەدا هەیە، ئەمەریکایـیەکان، بەریتانییەکان و فەرەنساویـیەکان، ئەوان چۆن لێی دەڕوانن و کاردانەوەی ئەوان چۆن بووە؟

شاناز ئیبراهیم ئەحمەد: بێگومان ئەوان دانیشتنیان کردووە و ڕای ئەملایان گوێ لێبووە و ڕای خۆشیان وتووە و وە گوێیان لە ڕاستییەکان بووە. من ناتوانم بە ڕاستی بە ناوی ئەوانەوە قسە بکەم، هەر ئەوەندە دەتوانم بڵێم کە ئەوان وەفدی خۆیان ناردووە و بە ڕەسمی دانیشتوون و گوێیان گرتووە لە هەموو بابەتەکان و ڕاستی و دروستی شتەکان. لەو باوەڕەدام لەلای خۆیان یەکلایی بووبێتەوە، بەڵام من نازانم هینی ئەوان چیـیە، لە دوای ئەوەوە چیـیە.

جانی دیلان: لە کۆتاییدا ئایا هیچ دەرچەیەک ماوە بۆ چارەسەرکردنی ئەم دۆخەی یەکێتی تێدایە و رزگارکردنی لە ئایندەیەکی نادیار؟

شاناز ئیبراهیم ئەحمەد: مەسەلەی دەرچە لەم دۆخە، هەروەکو وتیشم بەشیکی مەسەلەی حزبییە کە لە ڕێی ئەو کێشانەوە کە پەیوەندی بە خودی حزبەوە هەیە لە ڕێی پەیڕەوی حزبەکەمانەوە دەبێت یەکلایی بکرێتەوە، ئەوەشی پەیوەندی بە مەسەلەی یاساییەوە هەیە دەبێت لە ڕێی یاسا و دادگاوە یەکلایی بکرێتەوە، وە ئیتر بەو ئومێدەی کە ئەم شتانە زیاتر درێژە نەکێشن، وە خەڵکیش ئەو شتەی لەلا دروست نەبێت کە ئەمە مەسەلەیەکی خێزانی بووە، نەخێر ئەمە خێزانی نیـیە، ئەمە مەسەلەیەکی ئیقلیمیی نیـیە، ئەمە بابەتێکی سڕف یاسایی بووە، بابەتێکی سڕف حزبییە، حزبەکەی ئێمە حزبێکی سۆشیاڵ دیموکراتە، حزبەکەی ئیمە خەریکبوو بە ڕێڕەوێکی زۆر زۆر نادروست و ناشایستەدا ئەڕۆی. حزبەکەی ئیمە خەریکبوو ئەبوو بە حزبێکی موخابەراتی، حزبێکی گویگر، حزبێکی تۆقینەر، حزبێک کە بە ڕاستی لایدابوو لە هەموو ڕێبازێکی کە ئەم حزبەی لەسەر دروستبوو بوو، لایدابوو لە ڕێبازی مام جەلال، لایدابوو لەو پەیڕەوە جوانەی کە ئەم حزبەی ئەو خەڵکە و ئەو جەماوەرەی کۆکردبۆوە، لایدابوو لە خوێنی شەهیدان، خەریکبوو ئەبوو بە حزبێک بە ڕاستی دوودڵ دەبوی لەمانەوە تیایدا. چونکە بەو شێوەیە نەدەتوانی قبوڵی ئەوە بکەیەت کە حزبەکەی مام حزبی شەهیدان ببێت بە حزبێکی موخابەراتی و حزبێکی تۆقینەر کە جەماوەری خۆی بتۆقێنێت. ئەو دەزگایانەی کە ناوناوبانگیان هەبووە لەلایەن چەند کەسێکەوە ئیستیغلال بکرێن، کە وەهای لێبێت ناو و ناوبانگی ئەو دەزگایانە بە شێوازێک ناشرین ببن کە خەڵک ئیتر بترسێت لێیان، خەڵک پشتیان پێنەبەستێت، بۆ تەنها لەبەر ئەوەی چەند کەسێک سەیتەرەی بەسەر ئەو دەزگایانەدا کردووە، ئەوە کارێکی ناشایستە بوو.

جانی دیلان: هەرچەند وتم دوایەمین پرسیار بەڵام بەو شێوەیەی کە باسی یەکێتی دەکەن ببێتە حزبێکی موخابەراتی و تۆقینەر، بەڵام دەبێت چی بوترێت بەرامبەر بە لایەنەکانی تر،بەرهەڵستانی تر، بە تایبەتی بەرامبەر ئەوەی کە بەرامبەر یەکێتی ڕاوەستاون؟

شاناز ئیبراهیم ئەحمەد: لە ڕاستیدا من ئەندامێکی یەکێتی نیشتمانی کوردستانم، کارگێڕی یەکێتی نیشتمانی کوردستانم، من ئەگەر بمەوێت چاکسازی بکەم دەبێت لە ماڵی خۆم و لە حزبی خۆمەوە دەستیپـێبکەم، من هیوادارم ئەو حزبانەی تر چاو لە یەکێتی بکەن و دەستبکەن بەو چاکسازییەی کە ئێمە دەستمانپێکردووە، ئێمە ناتوانین وەکو یەکێتی نیشتمانی کوردستان داوا لەوان بکەین، من ناتوانم ئەو بڕیارەی حیزبەکەی خۆم بەسەر ئەواندا بسەپێنم، بەڵام هەندێکی لە ڕیی حکومەتەوە دەبێت، ئیمە حکومەتی هاوبەشمان هەیە، کە هەندێک گۆڕانکاری ئەکەین، دەبێت ئەوانیش ئەو گۆڕانکاریانە بکەن، ئەو حیزبەی کە بە ڕاشکاوی بیڵێم پارتی، هەموومان ئەزانین پارتی چ جۆرە حزبێکە و کێشەکانی ناو حزبەکەی خۆشی دەزانین، وە هەموو وردەکاریـیەکانیش ئەزانین وە ناڕەزایی خەڵکیش دەزانین، بەڵام ئەوە دەگەڕێتەوە بۆخۆیان کە چۆن ئەو گۆڕانکاریـیانە لە حزبەکانی خۆیاندا بکەن وە چۆن دڵی جەماوەری خۆیان رازیبکەن، چۆن دڵی ئەم خەڵکە رازیبکەن، ئەوەی کە لەسەر ئێمە پێویستە یەکێتی نیشتمانی کوردستانە.

جانی دیلان: شاناز ئیبراهیم، ئەندامی دەستەی کارگێڕی یەکێتی نیشتمانی کوردستان، زۆر زۆر سوپاس بۆ ڕەخساندنی ئەم دەرفەتە وە هەر بژین و سەرکەوتوو بن.

شاناز ئیبراهیم ئەحمەد: سوپاس بۆ ئێوەش.

بەشی کوردی دەنگی ئەمەریکا لە بەرنامەیەدایە ڕاوبۆچوونی لایەنی بەرامبەریش بخاتە ڕوو.

XS
SM
MD
LG