Accessibility links

وردەکاری کێشەکانی ناو یەکێتی نیشتمانی کوردستان


تەقینەوەی کێشەی نێوان هاوسەرۆکانی یەکێتی، گرفتێکی نوێی بۆ یەکێتی نیشتمانی کوردستان دروستکردووە، بەتایبەت کێشەکە گەیشتووەتە ئاستی یەکتری تۆمەتبارکردن و هێرشکردنە سەر یەکتر لە ڕێگەی ڕاگەیاندنەوە.

بەرپرسانی یەکێتی نیشتمانی کوردستان، پێیانوایە گرفتی نێوان هاوسەرۆکانی یەکێتی گەیشتووەتە قۆناغێک، ئەستەمە جارێکی تر بتوانن پێکەوە کار بکەنەوە، ئەمەش حیزبەکەیانی خستووەتە بەردەم چەندین ئەگەر و بژاردەی قورس و جیاواز.

تەقینەوەی کێشەکانی نێوان هاوسەرۆکانی یەکێتی

شەوی 8 ی تەموز، کێشەکانی نێوان بافڵ تاڵەبانی و لاهور شێخ جەنگی بە ئاشکرا دەرکەوتن، کاتێک بافڵ تاڵەبانی محەمەد تەحسین تاڵەبانی سەرۆکی دەزگای زانیاری و پۆڵاد شێخ جەنگی سەرۆکی دەزگای دژە تیرۆری لە پۆستەکانیان لابرد، ئەمەش ناڕەزایەتی لاهور شێخ جەنگی لێکەوتەوە.

بافڵ تاڵەبانی لابردنی ئەو بەرپرسە ئەمنیانەی بە گۆڕانکاری و لاهور شێخ جەنگیش بەکودەتا ناویبرد، ئەمەش وایکرد، کێشەکانی نێوانیان قوڵتر ببێتەوە و هەنگاوی تری بافڵ تاڵەبانی بەدوادا بێت، کە خۆی لە لێسەندنەوەی دەسەڵات لە لاهور شێخ جەنگی و دەرکردنی بڕیاری دەستگیرکردن بۆ خۆی و براکانیشی لەڕێگەی دادگاوە بەدوادا بێت.

لە لێدوانێکی پێشووتریدا بۆ دەنگی ئەمەریکا، جەلال شیخ کەریم بریکاری پێشووی وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێم کە لەگەڵ شێخ نەهرۆ کەسنەزانیدا، بەمەبەستی نێوەنگیری کردن، سەردانی هاوسەرۆکانی یەکێتی کردبوو، وتی"لاهور شێخ جەنگی داوایکرد کێشەکان ببرێنە سەرکردایەتی، بەڵام بافڵ تاڵەبانی گۆڕانکاریەکانی بە ئیداری ناوبرد، وتویەتی: دەزگا ئەمنیەکان خراپ بەکارهێنراون."

دوای قوڵتربوونەوەی ناکۆکیەکان و لێسەندنەوەی دەسەڵاتی حیزبی لە لاهور شێخ جەنگی، کێشەی نێوان هەردوو هاوسەرۆک قوڵتر بوونەوە، کاتێک هێرشی ڕاگەیاندنیان بۆ سەر یەکتری دەستپێکرد، براکانی لاهور شێخ جەنگی بەسەرانە سەندن و بازرگان فڕاندن تۆمەتبارکران و درانە دادگا.

نزیکەکان لە بافڵ تاڵەبانی هۆکاری لابردنی بەرپرسانی نزیک لەلاهور شێخ جەنگی بۆ ئەوە دەگێڕنەوە، گوایە خراپ پۆستەکانیان بەکارهێناوە و کاری "قاچاخچێتی" و ڕفاندن و سەرانە سەندن و چاودێریکردنی موبایلی بەرپرسانیان ئەنجامداوە، لەبەرامبەردا سەرچاوە نزیکەکان لە لاهور شێخ جەنگی ئەو تۆمەتانە ڕەتدەکەنەوە و هۆکارەکەی بۆ "تەسفیەی" حیزبی دەگێڕنەوە.

شوان داودی بەرپرسی پێشووی دەزگای میدیایی یەکێتی لەکەرکوک، کە وەکو نزیک لە لاهور شێخ جەنگی لێیدەڕوانرێت، لەبارەی تۆمەتبارکردنی براکانی لاهور شێخ جەنگی و دەرچوونی بڕیاری دەستگیرکردن بۆیان، بەدەنگی ئەمەریکای وت"شێخ لاهور بائاشکرا وتی، با براکانم بچنە دادگا."

شکستهێنانی نێوەنگیریەکان

هەر لەسەرەتای سەرهەڵدانی ناکۆکی لەنێوان بافڵ تاڵەبانی و لاهور شێخ جەنگی، چەندین سەرکردەی دیاری عێراقی و کوردی دەستیانکرد بە نێوەنگیری، بەڵام لە هەوڵەکانیان شکستی هێنا و کشانەوە.

ئەندامێکی یەکێک لەو وەفدانەی بۆ نێوەنگیری چوونەتە لای هەردوو هاوسەرۆکانی یەکێتی، زانیاری بۆ دەنگی ئەمەریکا درکاند، ئاماژەی بەوەکرد بافڵ تاڵەبانی هیچ نەرمیەکی نەنواندووە، بەرامبەر بە دەستپێشخەریەکان بۆ نێوەنگیری و، وتوویەتی"من ژەهر خوارد کراوم، چۆن چاو بپۆشم."ئەمەش ئیحراجی بۆ وەفدەکان دروستکردووە و کشاونەتەوە لەنێوەنگیری کردن.

بەپێی زانیاریەکانی دەنگی ئەمەریکا، بافڵ تاڵەبانی چیرۆکی ژەهر خواردکردنی بۆ شێخ نەهرۆ کەسنەزانی ڕێبەری تەریقەتی قادری و وەفدەکانی تریش ڕوونکردووەتەوە، کە بۆ نێوەنگیری کردن سەردانی هەردوو هاوسەرۆکیان کردبوو. جەلال شێخ کەریم ئەندامی وەفدەکەی نەهرۆ کەسنەزانی، ئەوەی پشتڕاستکردەوە، کە بافڵ ئەو باسەی پێوتوون، بەڵام ئامادە نەبوو قسەبکات.

کەسە نزیکەکان لە بافڵ تاڵەبانی، چیرۆکی ژەهر خواردکردنەکەی بەو جۆرە دەگێڕنەوە، گوایە لە دەزگایەکی سەر بە یەکێتی نیشتمانی شەربەتێکی پێدراوە و ژەهری تێدا بووە، دواتر کاریگەری لەسەر جەستەی هەبووە و چارەسەری پزیشکی بۆ کراوە، وەک ئەوان دەڵێن "شەوی 8 ی تەموز، دەستگیراوە، بەسەر بڕێک لەو جۆرە ژەهرەدا."

هەر بەپێی وتەی نزیکەکان لە بافڵ تاڵەبانی، هەوڵدراوە سیخور لەنێو ماڵەکەی بچێنرێت و لەو ڕووەوە بەڵگەش دەستکەوتووە، بەتایبەت باسلەدەستگیرکردنی کەسێک دەکەن بەناوی ( ش.ز) گوایە دانی بەهەموو شتێکدا ناوە.

بەڵام لاهور شێخ جەنگی لای بەرپرسانی یەکێتی ئەو تۆمەتەی ڕەتکردووەتەوە، وەک شوان داودی دەڵێت"پرسی ژەهر خواردنەکەم لە کاک لاهور پرسی، وتی: بیانووە و ئامادەم بۆ لێکۆڵینەوە لەهەر شوێنێک بکرێت."

هاوکات عوسمان بانیمارانی ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتی لەبارەی پرسی ژەهرخواردکردنی بافڵ تاڵەبانیەوە، بەدەنگی ئەمەریکای وت"ئەو شتانە وتراوە، بەڵام دەبێت یان لەڕێگەی حیزب، یان لەڕێگەی دادگاوە کە نەبووەتە باو تا پەنای بۆ ببرێت، ئەو پرسە یەکلایی بکرێتەوە."

سەبارەت بە هۆکاری بێ ئەنجامبوونی ئەو وەفدانەی بۆ نێوەنگیری چوونەتە لای هاوسەرۆکانی یەکێتی، بانیمارانی وتی"هەندێک لەهەوڵەکانیان بێ ئەنجام بوون، هەندێکی تریشیان بەردەوامن بۆ ئاشتەوایی، بەڵام هەندێک دەڵێن: ئاشتەوایی ناکەین و دەبێت مەسەلەکە یەکلایی بکرێتەوە."

چارەنوسی لاهور شێخ جەنگی لەنێو یەکێتی دا

بەپێی ئەو زانیاریانەی لە ڕێگەی چەند ئەندامێکی سەرکردایەتی یەکێتیەوە دراون بەدەنگی ئەمەریکا، بافڵ تاڵەبانی بڕیاری یەکلایی کەرەوەی داوە، بەوەی جارێکی تر ڕێگە بە گەڕانەوەی لاهور شێخ جەنگی نەدات بۆ پۆستەکەی، ئەوەش لەکاتێکدایە لەدوای ڕووداوەکانی 8 ی تەموز، لاهور شێخ جەنگی تەنازولی لەدەسەڵاتە حیزبیەکانی کردووە بۆ بافڵ تاڵەبانی.

بەپێی قسەی ئەو بەرپرسانەی یەکێتی کە دەنگی ئەمەریکا قسەی لەگەڵ کردوون، بافڵ تاڵەبانی فشارەکانی بەو ئاراستەیەیە، کە لاهور شێخ جەنگی لەکوردستان نەمێنێت، بۆ ئەو مەبەستەش بەرپرسێکی باڵای یەکێتی ناردووەتە لای، بەڵام لاهور شێخ جەنگی داواکەی ڕەتکردووەتەوە.

لە پەیامێکی ڤیدیۆیشدا کە بڵاویکردووەتەوە، لاهور شێخ جەنگی ڕایگەیاند "داواملێکراوە کوردستان بەجێبهێڵم، گەرنا بەهێزی حکومی هەڵدەکوتنە سەر ماڵەکەم، بەڵام من دەمێنمەوە."

شوان داودی بەرپرسی پێشووی میدیای کەرکوکی یەکێتی کە وەکو کەسایەتیەکی نزیک لەلاهور شێخ جەنگی لێیدەڕوانرێت، لەبارەی دوورخستنەوەی لاهور شێخ جەنگی لە یەکێتی، بەدەنگی ئەمەریکای وت"بڕیار هەیە بۆ دوورخستنەوەی و بڕیارەکەش ڕوونە، ئیلیتیزاماتی تیایە و تا ئەم ساتە، بواری پاشگەز بوونەوەشی تێدا نیە، ئەوان سوورن لەسەر جێبەجێکردنی و دوورخستنەوەی، ئەم دوورخستنەوەیە گەر نەخرێتە چوارچێوەی کاری حیزبیەوە، پێموانیە ئاسان بێت، ئەگینا وەکو کاک فەرید ئەسەسەرد دەڵێت: یەکێتی بەرەو دۆخێکی نادیار دەبات."

بەپێی بەدواداچوونەکانی دەنگی ئەمەریکا، بافڵ تاڵەبانی سورە لەسەر بەردەوامیدان بە فشارەکانی بۆ سەر لاهور شێخ جەنگی، بەڵام دەیەوێت فشارەکان بەو ئاراستەیە بێت، شڵەژان دروست نەکات.

غازی کەرکوکی ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتی، لەبارەی وتارەکەی لاهور شێخ جەنگی و داوالێکردنی بۆ بەجێهێشتنی هەرێمی کوردستان، بەدەنگی ئەمەریکای وت"لە هیچ کۆبوونەوەیەکی سەرکردایەتی و مەکتەبی سیاسیدا، بڕیاری لەو جۆرە نەدراوە، پێمان سەیربوو ئەو قسەی کرد، با پێمان بڵێت: کێ داوای وایلێکردووە؟ لەوانەیە هەندێک خەڵک لەو نێوەندەدا ئیش بۆ خۆی بکات، لەوانەیە قسەکانی بافڵ تاڵەبانی بەجۆرێکی تر گەیەنرابێت."

سەبارەت بەوەی جارێکی تر هاوسەرۆکانی یەکێتی دەتوانن پێکبێنەوە و پێکەوە کاربکەن، غازی کەرکوکی ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتی، وتی"پێموانیە وەکو هاوسەرۆک، ناتوانم بڵێم: دەمێنێتەوە، بەڵام کاک بافڵ و کاک لاهوریش وەکو ئێمە ئەندامی سەرکردایەتین، دەنگمان بۆ نەدان تا یەکێتی توشی گرفت ببێت، کاک لاهور گەنجە، گەر هەڵەیەک ڕوودیداوە، من شەخسی و بەنوسراویش پێموتووە، زۆر ئاساییە دەست لەکاربکێشێتەوە."

ڕوونیشیکردەوە، ئەو وەکو ئەندامێکی سەرکردایەتی ئامادەیە لەماوەی کاتژمێرێکدا دەست لەکاربکێشێتەوە، گەر بچووکترین کێشەی پێ چارەسەر بکرێت، وتی"من تەرەفی هیچ لایەکیان نیم، تەرەفی یەکێتیم، کاک لاهور هەمیشە دەیگوت: ئامادەم لەپێناو یەکێتی خۆم دابنێم و دەستبەرداری پلە ببم، ئاساییە دەست لەکاربکێشێتەوە، گەر بەرژەوەندی یەکێتی دەوێت، با ئیش بۆ کۆنگرەیەکی تر بکات، هەڵە کراوە، خۆ ئێمە نایەین هەموو نهێنیەکان بۆ خەڵک باسبکەین، یەکێتی لەم کێشەیەش دەربازی دەبێت."

تۆمەتبارکردنی سەرکردایەتی

نزیکەی مانگێکە کێشەی نێوان هاوسەرۆکانی یەکێتی بەردەوامە و تا دێت قوڵتریش دەبێتەوە، بەشێوەیەک کێشەکان گەیشتوونەتە نێو میدیا و تۆمەتبارکردنی یەکتریش، بەڵام تائێستا ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکێتی کۆنەبووەتەوە بۆ قسەکردن لەسەر کێشەی نێوان هاوسەرۆکان، ئەمەش ڕووبەڕووی ڕەخنە و تۆمەتبارکردنی کردوونەتەوە، بەوەی سەرکردایەتی لاوازن.

شوان داودی پێیوایە، سەرکردایەتی یەکێتی تا ئێستا نەیتوانیووە کۆببێتەوە، چونکە ئەوەی ڕوودەدات حاڵەتێکی چاوەڕواننەکراو بوو، سەرکردایەتیش ڕایەکی یەکگرتووی لەسەر کۆی پرسەکە لەنێو دروست نەبووە، وتی"سەرکردایەتی کۆ ببێتەوە، دەبێت چارەسەری پێ بێت، بەڵام ئەوان تائێستا بەرچاو ڕوونی تەواویان نیە لەوەی کە ڕوودەدات، ئەگینا سەرکردەکان وەکو تاک رەئیان هەبووە، سکرتاریەتی ئەنجومەنی سەرکردایەتیش داواکاری بڵاو کردووەتەوە."

زانیاریەکان ئاماژەبەوەدەکەن، سەرکردایەتی یەکێتی سەرەتا توشی جۆرێک لە شڵەژان بوون، دابەشبوون بەسەر هاوسەرۆکاندا، بەڵام دوای سەرگرتنی گۆڕانکاریەکانی نێو دژە تیرۆ و دەزگای زانیاری و چەسپاندنی بڕیارەکانی بافڵ تاڵەبانی، لە ئێستا زیاتر ڕێنماییەکان لەو وەردەگرن، هەر لەسەر داوای ئەویش، وێنەی خۆی و لاهور شێخ جەنگی لە مەڵبەندەکان لابران و وێنەی جەلال تاڵەبانی سکرتێری پێشووی یەکێتی لەشوێنیان دانرا.

غازی کەرکوکی ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتی، تۆمەتبارکردنی ئەنجومەنی سەرکردایەتی حیزبەکەی ڕەتدەکاتەوە، دەڵێت"کۆمەڵێک قسەی ناخۆش دەکرێت، گوایە سەرکردایەتی بێ هەڵوێستە، بەڵام وانیە، هەموومان هەڵوێستمان هەبووە، قسە لەگەڵ هەردوو هاوسەرۆک کراوە، تاک بە تاک و بەکۆمەڵ چووینەتە لایان."

جەختیشیکردەوە"یەکێتی بەم کێشانە ناکەوێت، لەکۆتاییدا دەگەینە چارەسەر."

پەیامەکەی ئەمڕۆی مەکتەبی سیاسی یەکێتی

لەگەڵ قوڵتربوونەوەی ناکۆکی نێوان هاوسەرۆکانی یەکێتی، مەکتەبی سیاسی ئەو حیزبە ئەمڕۆ کۆبوویەوە و دوای تەواو بوونی کۆبوونەوەکە، پەیامێکی بڵاو کردەوە و تێیدا ڕایگەیاند"لەکۆبوونەوەکەدا گفتووگۆ لەسەر چارەسەری بەپەلە و یەکێتیانەی کێشە ناوخۆییەکان و پاراستنی ئارامی هەرێمی کوردستان بە شاری سلێمانیشەوە کراوە."

هەروەک لە پەیامەکەدا، جەختکراوەتەوە لەسەر بەگەڕخستنی توانای مادی و مەعنەوی دەزگاکانی یەکێتی و خۆ ئامادەکردنیان بۆ هەڵبژاردن و سەرخستنی لیستی هاوپەیمانی کوردستان کراوەتەوە.

بەپێی وتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداریش لە کۆبوونەوەکە، بافڵ تاڵەبانی هەڵوێستەکانی بەرامبەر لاهور شێخ جەنگی هیچ گۆڕانکاریەکی بەسەردا نەهاتووە، پرسی کارکردن لەگەڵی، لای ئەو یەکلای بووەتەوە و نەرمی نەنواندووە.

XS
SM
MD
LG