Accessibility links

نه‌به‌ز عه‌بدولحه‌مید: وه‌ك قایمقام پێم باشه‌ دوو هه‌فته‌ی تر قه‌ده‌غه‌ی هاتوچۆ درێژبكرێته‌وه‌


نه‌به‌ز عه‌بدولحه‌مید-قایمقامی هه‌ولێر-فۆتۆكه‌-له‌فه‌یس بووكی قایمقامیه‌تی هه‌ولێر وه‌رگیراوه‌

نه‌به‌ز عه‌بدولحه‌مید قایمقامی هه‌ولێر ده‌ڵێت" پێشبینی ده‌كه‌م ئه‌مجاره‌ش قه‌ده‌غه‌كردنی هاتوچۆ له‌هه‌رێمی كوردستان درێژبكرێته‌وه‌، هه‌ر به‌بڕوای خۆم وه‌ك قایمقام پێم باشه‌ حكومه‌ت بۆ دوو هه‌فته‌ی تر قه‌ده‌غه‌ی هاتوچۆ درێژبكاته‌وه‌، ده‌شڵێت"جێ به‌جێ كردنی بڕیاری قه‌ده‌غه‌كردنی هاتوچۆ سه‌خته‌ له‌به‌رئه‌وه‌ی هه‌زاران هاوڵاتیان بژێوی ژیانیان ڕۆژانه‌یه‌ به‌ڵام ژیان و ته‌ندروستی هاوڵاتیان له‌سه‌رو هه‌موو به‌رژه‌وه‌ندیه‌كه‌وه‌یه‌، قایمقامی هه‌ولێر ئه‌وه‌شی وت"به‌دڵنیاییه‌وه‌ ئه‌گه‌ر ئه‌و هه‌موو بڕیار و ڕێوشوێنه‌ دروستانه‌ی حكومه‌تی هه‌رێم نه‌بوایه‌، ئێستا له‌ قۆناغێكی یه‌كجار مه‌ترسیداردا ده‌بووین و هه‌زاره‌ها تووش بوونمان ده‌بوو."

"دۆخی شاری هه‌ولێر له‌ڕووی ته‌ندروستیه‌وه‌ له‌ژێر كۆنتڕۆڵ دایه‌..ڕۆژانه‌ زیاتر له‌ هه‌زار پشكنین ئه‌نجام ده‌درێت"

له‌سه‌ره‌تای وتووێژه‌كه‌دا قایمقامی شاری هه‌ولێر ڕایگه‌یاند " ڕۆژانه‌ تێستێكی زۆر ده‌كرێت له‌شاری هه‌ولێر بۆ ئه‌وانه‌ی كه‌ به‌ركه‌وته‌ی نه‌خۆشیه‌كانی پێشوترن یاخود ئه‌وانه‌ی گومانیان لێ ده‌كرێت و ئه‌وانه‌ی گه‌ڕاونه‌ته‌وه‌ كوردستان دوای ئه‌و بانگه‌وازه‌ی وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی كه‌ ماوه‌یه‌كی دیاریكرد بۆ ئه‌و كه‌سانه‌ی له‌ هه‌ر وڵاتێكی تر گه‌ڕاونه‌ته‌وه‌ پێویسته‌ بچن تێستی خۆیان بكه‌ن، ڕۆژانه‌ له‌ هه‌زار پشكنین زیاتر بۆ ڤایرۆسی كۆرۆنا ده‌كرێ و ئه‌نجامه‌كانی ئه‌وانه‌ی پۆزه‌تیڤ بێت ڕاده‌گه‌یه‌نرێن، ئێستاش دۆخی شاری هه‌ولێر له‌ڕووی ته‌ندروستیه‌وه‌ له‌ژێر كۆنتڕۆڵ دایه‌، وه‌ تیمه‌ ته‌ندروستیه‌كان ڕۆژانه‌ ده‌چنه‌ ئه‌و گه‌ڕه‌كانه‌ی كه‌ توشبوویان لێ ئاشكرا ده‌بێ بۆئه‌وه‌ی ئه‌وانه‌ی به‌ركه‌وته‌یان له‌گه‌ڵی هه‌بووه‌ پشكنینیان بۆ بكه‌ن. هێڵی گه‌رمی 122 بیست و چوار كاتژمێر له‌كاردایه‌، له‌هه‌ر ناوچه‌یه‌كی هه‌ولێر په‌یوه‌ندی به‌و هێڵه‌وه‌ بكرێت ، ئاماده‌یه‌ بۆئه‌وه‌ی بچن نه‌خۆش بگوازنه‌وه‌."

" له‌ڕێگه‌ی داواكاری گشتی یه‌وه‌ سزای یاسایی دانرا بۆ ئه‌وانه‌ی كه‌ پرسه‌كه‌یان دانابوو"

نه‌به‌ز عه‌بدولواحید ئاماژه‌ی به‌ پرسه‌یه‌ك كرد له‌ناو شاری هه‌ولێر كه‌ ڕاگه‌یه‌نرا كه‌سێك له‌وانه‌ی چۆته‌ ئه‌و پرسه‌یه‌ هه‌ڵگری ڤایرۆسی كۆرۆنا بوه‌ و چه‌ند كه‌سێكی توشكردووه‌ه‌ ، له‌و ڕوه‌وه‌ ده‌ڵێت" ئه‌وانه‌ی كه‌ پرسه‌یان دانابوو شتێكی ناته‌ندروست بوو له‌كاتێكدا كه‌ پرسه‌دانان قه‌ده‌غه‌ كرابوو به‌بڕیاری وه‌زاره‌تی ناوخۆ و وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی و وه‌زاره‌تی ئه‌وقاف، به‌ڵام ئه‌و كه‌سانه‌ به‌شێوه‌یه‌كی شاراوه‌ پرسه‌یان دانابوو بۆیه‌ له‌ڕێگه‌ی داواكاری گشتی یه‌وه‌ سزای یاسایی دانرا بۆ ئه‌وانه‌ی كه‌ پرسه‌كه‌یان دانابوو."

قایمقامی هه‌ولێر ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد"دوو پرسه‌ له‌ماوه‌ی سێ ڕۆژدا دانرابوون كه‌ خزمی یه‌كتریش بوون، فه‌رمانی ده‌ستگیر كردن بۆ پێنج كه‌س له‌ خاوه‌ن پرسه‌كان ده‌رچووه‌ له‌لایه‌ن دادوه‌ره‌وه‌، ئێستا ئه‌وانه‌ نه‌خۆشن به‌ڵام هه‌ركاتێك له‌ نه‌خۆشیه‌كه‌ چاره‌سه‌ركران ئه‌وا ده‌ستگیر ده‌كرێن به‌پێی بڕیاری دادگا، دوای ئه‌وه‌ی تیمه‌ ته‌ندروستیه‌كان به‌هاوكاری هێزه‌ ئه‌منیه‌كانی شاری هه‌ولێر لێكۆڵینه‌وه‌ و به‌دواداچوونی پێویستیان كرد بۆ ئه‌وانه‌ی كه‌ سه‌ردانی ئه‌و پرسه‌یان كردووه‌ توانراوه‌ بگه‌نه‌ چه‌ندین كه‌س كه‌ سه‌ردانی ئه‌و پرسه‌یان كردووه‌ و چه‌ند حاڵه‌تێكیش ئاشكرا بووه‌ له‌ئه‌نجامی سه‌ردانی كردنی ئه‌و ماڵه‌دا یاخود به‌شداریكردن له‌و پرسه‌یه‌دا بۆیه‌ هه‌ر كه‌سێك كه‌ به‌ركه‌وته‌ی هه‌بووه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌و كه‌سانه‌، ئه‌وا پشكنینی بۆ كراوه‌ و سامپڵی لێ وه‌رگیراوه‌. ئێستا به‌ته‌واوه‌تی شارۆچكه‌ی سێبیران و خه‌لیفان كۆنتڕۆڵ كراوه‌، ئێستاش گه‌ڕه‌كی كارێزان كه‌ره‌نتین كراوه‌."

دوپاتیشیكرده‌وه‌" زۆربه‌ی زۆری ئه‌وانه‌ی كه‌ سه‌ردانی پرسه‌كه‌یان كردووه‌ دۆزراونه‌ته‌وه‌،به‌دواداچوون و پشكنینه‌كانیش به‌رده‌وامه‌ بۆ ئه‌وه‌ی هه‌موو به‌شداربووه‌كانی ئه‌و پرسه‌یه‌ و ئه‌وانه‌شی كه‌ به‌ركه‌وتنیان له‌گه‌ڵ تووشبووه‌كان هه‌بووه‌ بدۆزرێنه‌وه‌."

"وه‌زاره‌تی ناوخۆ لیژنه‌یه‌كی لێكۆڵینه‌وه‌ی پێك هێناوه‌ بۆ ئه‌وه‌ی بزانێت ئه‌و كه‌سانه‌ چۆن له‌سلێمانی و سیده‌كان و سۆرانه‌وه‌ گه‌یشتنونه‌ته‌ پرسه‌كه‌ی هه‌ولێر له‌كاتێكدا كه‌ بڕیاری قه‌ده‌غه‌كردنی هاتوچۆ هه‌بووه‌ "

نه‌به‌ز عه‌بدولحه‌مید ڕونیكرده‌وه‌" تا ئێستا نزیكه‌ی 70 كه‌س له‌ئه‌نجامی ئه‌و پرسه‌یه‌ تووش بوون، ژماره‌ی كواره‌نتینه‌كانیش ڕۆژانه‌ له‌ زیاد و كه‌می دان، زیاتر له‌ 2000 كه‌س له‌ هه‌ولێر له‌سه‌ره‌تای ده‌سپێكردنی ڕێ و شوێنه‌كانی حكومه‌تی هه‌رێمه‌وه‌ كواره‌ره‌نتین كراون. ڕۆژانه‌ خه‌ڵكانێك له‌ كواره‌نتین ده‌رده‌چن دوای ته‌واو كردنی ماوه‌ی كواره‌نتین كردن كه‌ 14 ڕۆژه‌. "

قایمقامی هه‌ولێر ده‌شڵێت" خه‌ڵك هه‌بووه‌ له‌شاری سلێمانیه‌وه‌ هاتووه‌ بۆ پرسه‌كه‌ وه‌ له‌ سۆران و سیده‌كانیشه‌وه‌خه‌ڵك هاتوون، ئه‌وه‌ش جێگه‌ی پرسیاره‌ ! بۆیه‌ وه‌زاره‌تی ناوخۆ لیژنه‌یه‌كی لێكۆڵینه‌وه‌ی پێك هێناوه‌ بۆ ئه‌وه‌ی بزانێ ئه‌و كه‌سانه‌ چۆن گه‌یشتنونه‌ته‌ ئه‌و پرسه‌یه‌ له‌كاتێكدا كه‌ بڕیاری قه‌ده‌غه‌كردنی هاتوچۆ هه‌بووه‌؟ بۆیه‌ ئه‌وانه‌ی كه‌مته‌رخه‌م بوون سزا ده‌درێن، له‌كاتێكدا نه‌ك هاتوچۆی ده‌ره‌وه‌ی پارێزگاكان به‌ڵكو هاتوچۆ كردن له‌ناوشاری هه‌ولێریش قه‌ده‌غه‌یه‌، ئه‌و كاته‌ دانانی پرسه‌ش هه‌ر قه‌ده‌غه‌ بووه‌."

هه‌روه‌ها وتی" له‌ ڕێگه‌ی داواكاری گشتی یه‌وه‌ به‌پێ ی یاسای سزادانی عێراقی بڕیاری ده‌ستگیر كردن بۆ ئه‌و كه‌سانه‌ی پرسه‌كه‌ ده‌رچووه‌ ، وه‌ ئه‌وانه‌ش كه‌ پێشێلی بڕیاری قه‌ده‌غه‌ كردنی هاتوچۆ ده‌كه‌ن به‌دڵنیاییه‌وه‌ ئه‌وانه‌ش سزا ده‌درێن، هه‌ركه‌سێك كه‌ ئوتومبێلی ده‌ربكات به‌ 100 هه‌زار پێ بژاردنی بۆ ده‌كرێ وه‌ ئه‌گه‌ر دوباره‌ی كرده‌وه‌ بڕ پاره‌كه‌ به‌رز ده‌بێته‌وه‌ بۆ 300 هه‌زار دینار."

"من وه‌ك قایمقام به‌پێویستی ده‌زانم قه‌ده‌غه‌ی هاتوچۆ له‌ دوای 10/04 درێژبكرێته‌وه‌"

قایمقامی هه‌ولێر له‌باره‌ی ئه‌گه‌ری درێژكردنه‌وه‌ی بڕیاری قه‌ده‌غه‌ی هاتوچۆوه‌ ده‌ڵێت" ئێمه‌ له‌ ژووری ئۆپراسیۆنی پارێزگای هه‌ولێر ڕۆژانه‌ كۆبوونه‌وه‌ی خۆمان ئه‌نجام ده‌ده‌ین وه‌ به‌دڵنیایشه‌وه‌ پێش كۆتایی هاتنی واده‌ی قه‌ده‌غه‌كردنی هاتوچۆش كۆبوونه‌وه‌ی خۆمان ئه‌نجام ده‌ده‌ین و ڕاو پێشنیار و سه‌رنجی خۆمان به‌رز ده‌كه‌ینه‌وه‌ بۆ وه‌زاره‌تی ناوخۆ. له‌ هه‌موو ژووره‌كانی ئۆپراسیۆن پێشنیاره‌كانیان وه‌رده‌گیرێن له‌لایه‌ن وه‌زاره‌ته‌وه‌ دوای دیراسه‌ كردن له‌لایه‌ن لیژنه‌ی باڵای به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی كۆرۆنا یاخود لیژنه‌ی وه‌زاریه‌وه‌ ، ئه‌وان بڕیاری لێده‌ده‌ن كه‌ درێژ بكرێته‌وه‌ یان نا به‌ڕاوێژ له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی."

نه‌به‌ز عه‌بدولحه‌مید وتیشی" جێ به‌جێ كردنی بڕیاری قه‌ده‌غه‌كردنی هاتوچۆ سه‌خته‌ له‌به‌رئه‌وه‌ی هه‌زاران هاوڵاتیان بژێوی ژیانیان ڕۆژانه‌یه‌ به‌ڵام ژیان و ته‌ندروستی هاوڵاتیان له‌سه‌رو هه‌موو به‌رژه‌وه‌ندیه‌كه‌وه‌یه‌، من وه‌كو قایمقام به‌ پێویستی ده‌زانم كه‌ قه‌ده‌غه‌ی هاتوچۆ درێژ بكرێته‌وه‌ چونكه‌ هه‌موو له‌به‌رژه‌وه‌ندی هاوڵاتیانه‌، مه‌به‌ستمانه‌ ڤایڕه‌سه‌كه‌ ته‌شه‌نه‌ نه‌كات و هاوڵاتیان بپارێزین."

"به‌دڵنیاییه‌وه‌ ئه‌گه‌ر ئه‌و هه‌موو بڕیار و ڕێوشوێنه‌ دروستانه‌ی حكومه‌تی هه‌رێم نه‌بوایه‌، ئێستا هه‌زاره‌ها تووش بوونمان ده‌بوو."

قایمقامی هه‌ولێر ئه‌وه‌شی وت" هه‌موو كات مه‌ترسی هه‌یه‌ ئه‌گه‌ر هاوڵاتی پابه‌ند نه‌بێ. نازانیین حاڵه‌ته‌كان چۆن ده‌بێ، خوانه‌خواسته‌ ئه‌گه‌ر چه‌ند توش بوو زیاد بكات ئێمه‌ ده‌گه‌ینه‌ قۆناغێكی مه‌ترسیدار بۆیه‌ پابه‌ندبوونی هاوڵاتیان زۆر گرنگه‌. ئێمه‌ زۆر زوو ده‌ستمان كرد به‌ قه‌ده‌غه‌كردنی هاتوچۆ و داخستنی شوێنه‌كان بۆ خۆپاراستن له‌و ڤایڕه‌سه‌ ئه‌گینا ئێستا ئێمه‌ له‌ واقیعێكی تر ده‌بووین."

قایمقامی هه‌ولێر پێشبینی ده‌كات سبه‌ینێ حكومه‌ت بڕیاری درێژكردنه‌وه‌ی ماوه‌ی قه‌ده‌غه‌ی هاتوچۆ ده‌دات، له‌و ڕووه‌وه‌ ده‌ڵێت" پێشبینی ده‌كه‌م كه‌ قه‌ده‌غه‌كردنی هاتوچۆ درێژبكرێته‌وه‌، به‌دڵنیاییه‌وه‌ ئه‌گه‌ر ئه‌و هه‌موو بڕیار و ڕێوشوێنه‌ دروستانه‌ی حكومه‌تی هه‌رێم نه‌بوایه‌، ئێستا له‌ قۆناغێكی یه‌كجار مه‌ترسیداردا ده‌بووین و هه‌زاره‌ها تووش بوونمان ده‌بوو."

هه‌روه‌ها ڕونیكرده‌وه‌" ئاسانكاری كراوه‌ بۆ ماركێته‌كان و نانه‌واخانه‌كان و شوێنی گۆشتفرۆشه‌كان و ئه‌و شوێنانه‌ی خزمه‌تی گشتی پێشكه‌ش ده‌كه‌ن به‌ هاوڵاتیان به‌پێی كاتی دیاریكراو بۆیان."

نه‌به‌ز عه‌بدولحه‌مید له‌كۆتایی وتووێژه‌كه‌ی به‌شی كوردی ده‌نگی ئه‌مریكا وتی" پێم باشه‌ تاكو دوو هه‌فته‌ی تر قه‌ده‌غه‌كردنی هاتوچۆ درێژ بكرێته‌وه‌. خه‌ڵك كاروباری هه‌یه‌ ، فه‌رمانگه‌كانیش ده‌بێت به‌كار بكه‌ونه‌وه‌، داهاتی حكومه‌ت زۆر كه‌می كردووه‌ و نزیك بۆته‌وه‌ له‌ سفر، له‌به‌رئه‌وه‌ ناكرێ ژیان به‌ ته‌واوه‌تی بوه‌ستێ بۆماوه‌یه‌كی درێژ."

please wait

No media source currently available

0:00 0:16:26 0:00


XS
SM
MD
LG