Accessibility links

پڕۆسەی ڕیفراندۆم بۆ سەربەخۆیی کوردستان دەستیپێکرد


دەنگدانی گشتی بۆ سەربەخۆیی کوردستان ئەمڕۆ دووشەممە لە کاتژمێر 8 ی بەیانی لە هەموو شارو شارۆچکەکانی کوردستان و ناوچە جێ ناکۆکی لەسەرەکان دەستیپێکرد سەرەڕای ناڕەزایی و ڕەتکردنەوەی پڕۆسەکە لەلایەن حکومەتی عێراق و وڵاتانی دراوسێ و کۆمەڵی نێودەوڵەتی.

کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان ڕایگەیاند دەنگدانەکە 10 کاتژمێر دەخایەنێت و دوای 72 کاتژمێر لە تەواوبوونی دەنگدانەکە ئەنجامەکان ڕادەگەیەنرێن.

کۆی ناوەندەکانی دەنگدان لە هەموو ناوچەکانی هەرێمی کوردستاندا لە 6624 وێستگەی دەنگدان پێکهاتووە، لە ناوچە جێ ناکۆکیی لەسەرەکانیش 700 ناوەندی دەنگدان کراونەتەوە.

هەروەها نزیکەی چوار ملیۆن کەس لە هەرێمی کوردستاندا مافی دەنگدانیان هەیە.

کۆمسیۆن ڕاشیگەیاند 12 هەزار بنکەی دەنگدان لە هەرێمی کوردستاندا بە ڕووی هاوڵاتیاندا کراونەتەوە.

بۆ چاودێریکردنی پڕۆسەکەش نزیکەی 140 تیمی بیانی و 41 هەزار تیمی ناوخۆیی تۆمارکراون.

XS
SM
MD
LG