وەزیری دەرەوەی ئۆکرانیا دمیترۆ کوڵێبا گوتی وەزیری دەرەوەی ئێران حوسەین ئەمیرعەبدوڵاهیان پەیوەندییەکی تەلەفونی پێوە کردووە و داوای لە تاران کردووە ناردنی چەک بۆ ڕووسیا ڕابگرێت.
ئۆکرانیا و هاوپەیمانەکانی لە ڕۆژئاوا ئێرانییان تۆمەتبار کردووە بە تۆمەتی ناردنی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ' کامیکازی ' بۆ ڕووسیا و لەلایەن هێزەکانی ڕووسیاوە دژی ژێرخانە مەدەنییەکانی ئۆکرانیا بەکارهێندراوە. ئێران ئەو تۆمەتە ڕەت دەکاتەوە.
کوڵێبا گوتی " داوام کرد دەستبەجێ ناردنی چەک بۆ ڕووسیا ڕابگیرێت کە بەکارهێندراون بۆ کوشتنی هاوڵاتیانی مەدەنی و لە ناوبردنی ژێرخانە هەستیارەکانی ئۆکرانیا."
دەزگای ڕاگەیاندنی ئێران بڵاویکردەوە ئەمیرعەبدوڵاهیان دووبارە ڕەتی کردۆتەوە ئێران چەکی دابێت بە ڕووسیا تاوەکو لە جەنگەکەدا لە ئۆکرانیا بەکاریبهێنێت.
دەزگاکە لە زاری ئەمیرعەبدوڵاهیانەوە بڵاویکردەوە " ئێمە پەیوەندییەکی باشمان لەگەڵ ڕووسیادا هەیە و لە پێشترەوە هاریکاری بەرگریی هەبووە لە نێوانماندا، بەڵام سیاسەتمان بەرامبەر جەنگەکەی ناو ئۆکرانیا ڕێزگرتنە لە سەروەری خاکی وڵاتان نەک ناردنی چەک بۆ لایەنە شەڕکەرەکان، جەنگەکە ڕابگرن و کۆتایی بە ئاوارەبوونی هاوڵاتیان بهێنن."
فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی ئێران بوونەتە چەکی سەرەکی لە جبەخانەکانی ڕووسیادا لە میانەی جەنگەکەیدا لە ئۆکرانیا و زۆرجاریش لە ماوەی مانگی ڕابردوودا دژی ژێرخانەکانی وزەی ئۆکرانیا بەکارهاتوون.
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز
وەزیری دەرەوەی ئۆکرانیا بە هاوتا ئێرانییەکەی دەڵێت ناردنی چەک بۆ ڕووسیا ڕابگرن
