Accessibility links

کرێملن: بەکارهێنانی یەدەگەکانی ڕووسیا بۆ ئۆکرانیا لەلایەن کۆمەڵەی حەوتەوە " دزییەکی ڕاستەوخۆیە "


وتەبێژی کرێملن دمیتری پێسکۆڤ
وتەبێژی کرێملن دمیتری پێسکۆڤ

کرێملن دەڵێت " دزییەکی ڕاستەوخۆ " دەبێت ئەگەر وڵاتانی کۆمەڵەی حەوت و یەکێتی ئەوروپا دەست بەسەر یەدەگە سڕکراوەکانی ڕووسیادا بگرن و بۆ ئۆکرانیای خەرج بکەن.

وەزیری دارایی ئەڵمانیا کریستیان لیندنەر بە چوار ڕۆژنامەی ئەوروپی وت بیرۆکەی دەستبەسەراگرتنی سەرمایەکانی دەوڵەتی ڕووسیا و خەرجکردنیان بۆ دووبارە بونیادنانەوەی ئۆکرانیا پەسەند دەکات و پێشنیارەکانیش لەوبارەیەوە لەنێو وڵاتانی کۆمەڵەی حەوت و یەکێتی ئەوروپادا تاوتوێ دەکرێت.

وتەبێژی کرێملن دمیتری پێسکۆڤ بە ڕۆژنامەنووسانی وت هیچ کەسێک ڕووسیای لەو دەستپێشخەرییە ئاگادار نەکردۆتەوە و دەستپێشخەرییەکە " نایاسایی و زەقە و بێگومان پێویستی بە وەڵامدانەوەیەکی گونجاو دەبێت، لە ڕاستیدا ئەوە دزییەکی ڕاستەوخۆ دەبێت."

وڵاتانی کۆمەڵەی حەوت مامەڵەکردنەکانیان لەگەڵ بانکی ناوەندی ڕووسیادا قەدەغە کردووە و سەرمایەکانی ڕووسیایان لە وڵاتەکانیاندا سڕکردووە، بڕی سەرمایەکانیش دەگاتە 300 ملیار دۆلار. ئەمانەش هەمووی دوای ئەوەی ڕووسیا دەستیکرد بە داگیرکارییەکەی لە ئۆکرانیادا کە بە " ئۆپەراسیۆنێکی سەربازیی تایبەت " ناوی دەبات.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG