Accessibility links

کاربەدەستێکی باڵای کۆریای باکور بەرەو ئەمەریکا بەڕێ‌دەکەوێت


ئاژانسی دەنگ‌وباسی یۆنهاپی کۆریای باشور دەڵێت کاربەدەستێکی باڵای کۆریای باکور کە بەشدارە لە وتووێژەکانی نێوان وڵاتەکەی و ئەمەریکا سەبارەت بە داماڵینی چەکی ناوکی، ئەمڕۆ پـێنجشەممە لە بەیژینی پایتەختی چین بە فڕۆکە بەرەو واشنتن بەڕێ‌دەکەوێت.

پـێشتر میدیاکان لە ئەمەریکا و کۆریای باشور ڕایانگەیاند، چاوەڕوان‌دەکرێت مایک پەمپـێیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا و کیم یۆنگ چول کاربەدەستی باڵای کۆریای باکور ڕۆژی هەینی لە واشنتن کۆببنەوە بە مەبەستی وتووێژکردن لە بارەی چۆنیەتی ئەنجامدانی دووەم کۆبوونەوەی نێوان سەرۆک ترامپ و کیم جۆنگ ئون ڕێبەری کۆریای باکور.

بڕیاربوو پەمپـێیۆ و وەزیری دەرەوەی کۆریای باکور لە مانگی یازدەی ساڵی ڕابردوو بۆ ئەم مەبەستە کۆببنەوە، بەڵام دواتر کۆبوونەوەکە دواخرا.

کەناڵی CNN لە زاری سەرچاوەیەکی بڵاویکردووەتەوە ئەم کاربەدەستە باڵایەی کۆریای باکور نامەیەکی پـێـیە کە ڕێبەری کۆریای باکور بۆ سەرۆک ترامپ نووسیوە.

جێی وەبیرهێنانەوەیە مانگی شەشی ساڵی ڕابردوو کیم یۆنگ چول سەردانی واشنتنی کرد و نامەیەکی ڕێبەری وڵاتەکەی ڕادەستی سەرۆک ترامپ کرد. سەرئەنجام سەرۆک ترامپ و ڕێبەری کۆریای باکور لە 12 ی مانگی شەش لە سینگاپـور کۆبوونەوە.

XS
SM
MD
LG