Accessibility links

پۆلیسی ئیسڕائیل: عەرەبێک چوار کەس لە ئیسڕائیل دەکوژێت و دواتر دەکوژرێتەوە


پۆلیسی ئیسڕائیل وتی عەرەبێک لە شاری بییرشیبای باشووری ئیسڕائیل لانی کە چوار کەسی کوشتووە، ئەمەش لە چەند ساڵی ڕابردوودا بە کوشندەترین هێرش دادەنرێت لە ئیسڕائیلدا، پۆلیس وتیشی دواتر لەلایەن هاوڵاتییەکەوە بە فیشەک کوژراوە.

پۆلیس وتی هێرشبەرەکە عەرەبێکی دانیشتووی ئیسڕائیل بووە و پێشتر مامۆستای خوێندنگای دواناوەندی بووە، پێشتریش بەهۆی ئەوەی گوایە پەیوەندی بە ڕێکخراوی داعشەوە هەبووە لە زینداندا بووە.

وتەبێژی پۆلیس ئێلی لێڤی وتی " هاوڵاتیەکی مەدەنی دەستپێشخەری کردووە و بە فیشەک هێرشبەرەکەی کوشتووە." هێرشبەرەکە چەقۆی پێبووە و ڕووبەڕووبوونەوەکە لەسەر شەقامێکی قەرەباڵغ ڕوویداوە.

لەکاتێکدا مانگی پیرۆزی ڕەمەزان نزیک دەبێتەوە، گرژییەکان لە ناوچە ئیسڕائیل و فەڵەستینییەکاندا زیادییان کردووە، لە ڕابردوودا هەمیشە لەو مانگەدا توندوتیژییەکان سەریانهەڵداوەتەوە.

سەرۆک وەزیری ئیسڕائیل نەفتاڵی بێنێت لە بەیاننامەیەکدا وتی هێزەکانی ئاسایشی ئیسڕائیل " لە ماوەی هێرشەکەدا زۆر وشیار بوون."

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا نێد پڕایس وتی " ئەمەریکا بەتوندی سەرکۆنەی ئەو هێرشە تیرۆریستی و ناشرینە دەکات." هەروەها پرسە و سەرەخۆشی ئەمەریکاشی ئاڕاستەی خێزانەکانی قوربانییەکان کرد.

پڕایس وتی " ئامادەین پشتیوانی لە هەوڵەکانی حکومەتی ئیسڕائیل بکەین بۆ لێکۆڵینەوە لەم تاوانە ناپەسەندە."

خزمەتگوزاری فریاکەوتنی خێرای دەیڤ ئادۆم و پۆلیس وتیان هێرشبەرەکە سێ ئافرەت و پیاوێکی کوشتووە، هێرشبەرەکە بە ئوتومبێلەکەی خۆی کێشاوە بە یەکێک لە قوربانییەکاندا و ئەوانی دیکەی بە چەقۆ لە بەنزینخانەیەک و مۆڵێکدا کوشتووە. لانی کەم دوو کەسی دیکە برینداربوون.

لە ساڵی 2017 ەوە ئەمە کوشندەترین هێرش بووە کە لە ناوخۆی ئیسڕائیلدا ئەنجام بدرێت، لە ساڵی 2017 دا فەڵەستینییەک بە بارهەڵگرەکەیەوە خۆی کرد بەناو کۆمەڵێک سەربازدا و چوار سەربازییانی کوشت. دواتر بە فیشەک کوژرا.

لەم هەفتانەی دواییدا هێرشەکان بە چەقۆ چەند جارێک لە ڕۆژهەڵاتی ئۆرشەلیم و کەناراوەکانی ڕۆژئاوادا ڕوویانداوە، هەندێک لە هێرشبەرەکانیش لەلایەن هێزەکانی ئاسایشی ئیسڕائیلەوە کوژراون.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG