پاشای سعودیە سەلمان بن عەبدولعەزیز وتی وڵاتەکەی جەخت لە گرنگی دۆزینەوەی چارەسەرێکی سیاسیی دەکاتەوە بۆ قەیرانی یەمەن، هەروەها ڕەخنەی لە ئێران گرت بەهۆی پشتیوانی ئەو وڵاتە بۆ حوثییەکانی یەمەن و دەستوەردانەکانی لە کاروباری وڵاتانی ناوچەکەدا.
پاشا سەلمان لە وتەیەکدا لەمیانەی دەستپێکی کۆبوونەوەکەی نێوان وڵاتانی عەرەبی و ئەوروپی لە میسڕ وتی " سعودیە جەخت لە گرنگی دۆزینەوەی چارەسەرێکی سیاسیی دەکاتەوە بۆ قەیرانی یەمەن، ئەمەش لەسەر بنەمای هەوڵەکانی وڵاتانی کەنداو و ئەنجامی وتوێژەکانی نیشتیمانی یەمەن و بڕیاری ژمارە 2216 ی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی."
وتیشی " هەروەها جەخت لە گرنگی هەوڵە نێودەوڵەتییەکان دەکەینەوە لەپێناو پشتیوانیکردنی حکومەتی یاسایی یەمەن و تۆمەتبارکردنی حوثییە تیرۆریستەکانی سەر بە ئێران و ناچار بکرێن گوێڕایەڵی بەڕێوبەرایەتی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بن."
هەروەها دووبارە ڕەخنەی لە ئێرانیش گرتەوە کە ڕکابەری سعودیە دەکات لە دەستکەوتنی دەسەڵاتدا لە ناوچەکە.
وتی " ئەوەی ڕژێمی ئێران دەیکات لە پشتیوانیکردنی ئەم کۆمەڵانە و ئەوانی دیکە لە ناوچەکەدا و هەروەها دوژمنکارییەکانی و دەستوەردانەکانی لە کاروباری وڵاتانی دیکەدا پێویستی بە هەڵوێستێکی یەکگرتوویی نێودەوڵەتی هەیە تاوەکو ناچار بکرێت پابەند بێت بە یاسا نێودەوڵەتییەکانەوە و سنوورێک دابنێت بۆ بەرنامە ناوەکیی و موشەکییەکەی."
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز